ژینا ئەمینیی و خۆسەغڵەتکردنی هەڤاڵان!

ليست هناك تعليقات


هادی حمەڕشید
-
خۆزگە (ئەوەندە ئاسان ئەبوو) نەیاری وڵاتانی خۆسەپێنی ناوچەکە لەڕێگای خوێنی مرۆڤێکەوە ئەیانتوانی گۆڕانکاریی لەم ناوچەیەدا دەستەبەر بکەن و خوێنی مرۆڤەکان(بەهەر پاساوێك) ئەکرا بە هێڵی سوور. بەڵام بەداخەوە چونکە پڕۆسە سیاسییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندە گەرم و پڕ لە خوێنە، واوەتر پاوەری گۆڕانکارییەکان لەدەستی ئەو گەنجە خوێنگەرم و پڕ هەیەجانانەدا نییە کە لەسەر شەقامەکان بەشێوەی مەدەنیی ڕووبەڕووی دەسەڵاتەکان ئەبنەوە، بەڵکو لەناو تۆڕێکی هەواڵگریی جیهانیی و لەسەر مێزی(دان)و(ستان)ی ئەم و ئەودایە!

باوك و دایکی ئێمە لەدایك نەبووبوون، خەڵك چاوەڕێیە بەم(بژی) و (بڕوخێ)ـیە ستەمکاریی نەهێڵین، کەچی وا ئەوان شوێنەواریان نەما و ئێمەش وا پیربووین، نەك ناگۆڕێت بگرە کاتێکیش(س)ئەگۆڕێت بە (ص) هەمان تۆڕی هەواڵگریی ئەخرێتەوە خزمەتی(گۆڕراو) و بە هەزار و یەك پاساو کۆمەڵێك زۆربڵێ و شایەر ئەهێننەوە بۆ بەرگریکردن لە سیادەی نوێ و تەسککردنەوەی ئازادیی لە ئازادییخوازان(هەمان ئەو مرۆڤە ڕاستگۆیانەی کە پێشتریش داکۆکیکاری ئازادیی بوون)!

لە ئێران و لە کۆی ناوچەکەشدا هەمان هاوکێشە کاری پێئەکرێت، (شای پەهلەویی) کێ بوو؟ چۆن بوو بۆ گەلانی ئێران؟ چەندە دۆستی ئەمریکا بوو؟ ئەمانە شەفاعەتی نەکرد بۆ لانەبردنی لەسەر ستەیجەکە، چونکە وا دوو بزووتنەوەی جەماوەریی سركی وەك(موجاهیدینی خەڵق) و (حیزبی تودە) لە ئێراندا دەسەڵاتی بنکۆڵ کردووە و خەریکە بارودۆخ لەدەستی هەواڵگریی جیهانیی و جەمسەری خۆرئاوا دەرئەچێت، پێویستە شەقام بجوڵێنن بەو ئاراستەیەی کە خۆیان ئەیانەوێت!

دەیان سەرچاوە لەم بارەیەوە بەردەستن کە بە چ سیناریۆیەك دەسەڵاتی سین گۆڕرا بە صاد، بۆیە پڕۆسەی گۆڕانکاریی لەو وڵاتە و لە ناوچەکەدا بەگشتیی بەداخەوە خوێنی سەدان و ھەزاران ژینای ئەخرێتە خزمەت و دواجار ئەوانە بەرهەمەکەی ئەخۆن کە بەشێکن لە ئەجێندای هەواڵگریی جیهانیی!

ئەوەی پەیوەستە بە خۆسەغڵەتکردن و ئەم نانە بەو ڕۆنەی هەڤاڵان و پاشکۆکانیان لێرە، هیچ نییە جگە لە فووتێکردنێکی بێ ئەخلاقانە نەبێت!

بێ ئەخلاقییە چونکە کچی پاکیزەی نەوجەوان لەبن هەنگڵی خۆتاندا لەلایەن زرتەبۆزەکانی کوردایەتییەوە دەستدرێژیی کرایە سەر و کەرامەتی خۆی و باوکی هەتك کرا لە هەولێردا، کەچی نەك نەبوو بە خەبەر لەلای میدیاکانتان، بگرە هەوڵی پەردەپۆشکردنی درا و سەرانی ژنکوژ و ئازادییخوازکوژی هەرێم وەك فریشتەی ڕزگاریی پیشان درا، لەبەردەم ئێرانیی و تورکییەکاندا بچووك و فەرمانبەردارن، کەچی ڕووداو و کەی24 و دەیان میدیایتریان تەرخان کردووە بۆ هاندان و بەقوربانییکردنی کوڕ و کچی بێ دەرەتانی سنە و کرماشان و سەقز و ورمێ و ئیلام!

پڕۆسەی گۆڕانکاریی بە پیشاندانی کۆمەڵێك ڤیدیۆ و وێنە ناکرێت، (شۆڕشی کاسێت) گەورەترین درۆ بوو، بڕۆن یاداشتی سەرانی هەڵهاتووی خودی شۆڕشەکە بخوێننەوە و ببینن، جا تێئەگەن ویستێکی هەواڵگریی لە گۆڕێ نەبێت، بەم بژی و بڕوخێیە ناکرێت، خۆ ئەگەر ویستێکی لەو جۆرەش بوونی هەبێت، خەباتی(ژێر بەتانیی) و (بەردەم سپلێت)ـی ئێوە بە تورێکی قوڕاویی!

لە کۆمێنت شیکارییەکی ڤیدیۆیی دائەنێم کە بۆ ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان) ئەنجامم داوە و بۆ ئەم دۆخە یارمەتیمان ئەدات، ڕۆمانێك کە تابلۆی شۆڕش و دەرئەنجامەکەیمان بۆ ئەخاتەڕوو، پێویست بە خۆسەغڵەتکردن ناکات ئێوە لەگەڵ گورگ گۆشت ئەخۆن و لەگەڵ مەڕیش شین ئەگێڕن!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق