لە پڕۆژەیاسای پەروەردە, هیچ وادەیەک بۆ دامەزراندنی وانەبێژان دیارینەکراوە

ليست هناك تعليقات


 

جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و فێرکردن لە پەرلەمانی کوردستان تێبینی لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن هەیە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دەڵێت: "هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ و جەوهەری لە پڕۆژەیاساکە نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ دامەزراندنی وانەبێژان دیارینەکراوە." 
 
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-9-2022، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ئافرەت، پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری و پێشنیازە یاسای پاراستنی ئاژەڵان بکات. 
 
موسلیم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوە چوارەم جارە یاسای پەروەردە و فێرکردن هەمواربکرێتەوە، لە دوایین هەمواریش هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری بەدی ناکرێت. 
 
پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن 198 ماددە بووە و دوای پێداچوونەوە و خوێندنەوەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ نزیکەی 185 ماددە کەمکراوەتەوە، موسیلم عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، لە کاتی خوێندنەوەی پڕۆژەیاساکە لەگەڵ سەرجەم توێژەکان بە وانەبێژان، دەروونناسان و خاوەنی بڕوانامە باڵاکانیشەوە دانیشتوون و گوێبیستیی داواکارییەکانیان بوون. دەشڵێت: " بەشێک لەو داواکارییانەمان لە یاساکە جێگیرکردووە، بەڵام وەکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هیچ شتێک نەگۆڕدراوە."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و فێرکردن لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "یەکێک لە کەموکورتییەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە بەرپرسیارێتی نەخستووەتە سەر خۆی، وەک دروستکردنی قوتابخانە و چەندین بابەتی دیکە، نەتوانراوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ وانەبێژان بدۆزرێتەوە کە وشەی پێشەنگیان پێدراوە، واتا هەر کاتێک دامەزراندن هەبوو، ئەو کات دادەمەزرێن، ئەگینا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە، ئەوەی لە یاساکە کراوە تەنیا رێکخستنەوەی هەیکەلی وەزارەتی پەروەردە و رێکخستنی میلاکاتە."
 
لەبارەی دابینکردنی کورسی بۆ منداڵانی شەهید و ئەنفالکراون، موسلیم عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، لە پڕۆژەیاساکەدا داوامان کردووە لە خوێندنەوە تایبەتەکان کورسی بۆ منداڵانی شەهید و ئەنفال دابین بکرێت، ژمارەی کورسیی دابینکراویش کەمتر لە 10 کورسییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق