عێراق وەک کۆمەڵگەیەکی دڕاو

ليست هناك تعليقات


 عادل باخەوان
-
سەرەتا

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، 24 گەنجی عێراقی و هەرێمی کوردستان میوانی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق بوون، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. تەمەنی ئەم گەنجانە لەنێوان 18 بۆ 29 ساڵدایە و لە زۆربەی هەرە زۆری پێکهاتەکانی عێراقەوە هاتوون. شیعە، سووننە، کورد، بەهائی، کریستیان، زەردەشتی، کاکەیی، شەبەک، هتد. هەروەها نیوەیان کوڕن و نیوەکەی دیکەشیان کچ.

لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، پێنج سیمیناریان بۆ رێکخراوە و گەورە بیرمەندانی وەک ئالان تورێن و ژان پۆل شانیۆلۆ و پیەر ژان لیوزار و هتد، سیمینارەکانیان پێشکێشکردووە. هەروەها سەردانی چەند ناوەندێکی کولتووری و رێکخراوەیی و میدیایان بۆ رێکخراوە.

ئەوەی لەم هەفتەیەدا، بەوردی سەرنجی منی راکێشا، دوو فاکتی گرنگ بوون، یەکەم: بێئومێدیی گەنج و گەنجایەتی و گەنجبوون لە عێراقدا و دووەم: ئامادەنەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کۆکەرەوە لەنێوان ئەم گەنجە عێراقییانەدا کە دەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان رەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا بن.

بێومێدبوونی قووڵ

کۆی گفتوگۆکانم لەگەڵ ئەم گەنجانەدا، بە کوڕ و کچیانەوە، بە عەرەب و کوردەوە، بە شیعە و سوننەوە، بە موسڵمان و کریستیانەوە، ئەیانبردمەوە سەر هەستکردن بە خەمگینییەکی کوشندە لە گوتار و حیکایەت و خەیاڵدان و روانینەکانیاندا. ئەمانە نەوەیەکن کە زۆر بەدەگمەن هەست بە ئاسایش، سەقامگیری، دڵنیایی لە ئێستا و داهاتوویان دەکەن.

بۆ نموونە پێیان وانییە پاش چەندین ساڵ لە ماندبوون و بەدەستهێنانی بڕوانامەیەک لە زانکۆدا، کارئاسانیان بۆبکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کارێکی شایستە و مووچەیەکی شایستە. بەڵام ئەگەر بوونە خاوەنی کار و مووچەش، هیچ دڵنیاییەکیان نییە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دەستی نەدەن.

ئەم نەوەیە لە دۆخێکی بێمتمانەیی بوونیەویدایە لە بەرامبەر دەستەبژێرە عێراقییەکاندایە و پێیوایە ئومێد بە دروستکردنی دنیایەکی باشتر لە عێراقدا خەریکە لە مەحاڵ نزیکدەبێتەوە. لێرەوە، زۆربەی پرسیارەکانیان لەسەر ئەوەبوو کە ئایا رێگەیەکی دیکە بۆ چاکسازی لە عێراقدا هەیە؟ ئایا دەکرێت لە دەرەوەی ئەم دەستەبژێرانە، خەبات لە پێناو دروستکردنی داهاتوویەکی باشتردا بکرێت؟

لەڕاستیدا کاتێک لە چۆنێتیی پرسیارکردن و ئاوازی دەنگ و دەربڕینەکانیان ورد دەبوومەوە، هەستم بەوە دەکرد کە تەنانەت لە خودی پرسیارەکانی خۆشیان بێئومێدن، وەک ئەوەی کە هیچ جۆرە ئاسۆیەک لە خەیاڵیاندا نەبێت.

دەستەبژێرەکانی عێراق دەبێت تێبگەن لەوەی کە 68% عێراقییەکان، تەمەنیان لە خوار 30 ساڵییەوەیە و ئەمەش وادەکات کە عێراق یەکێک بێت لە وڵاتە هەرە گەنجەکانی دنیا.

لە دۆخێکی ئاساییدا، گەنجبوون دەبێت بە دەرفەتێکی گەورە بۆ وڵاتێک و دەیخاتە بەردەم چەندین گریمانەی بەهێزی پێشکەوتن و گەشەی ئابووری و خەونی جوانتر بە داهاتووەوە. لە ئێستای عێراقدا، دۆخی گەنجبوون وەک ئەوەی کە باسمان کرد، نەک هەر دەرفەت نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و دەکرێت بڵێین: بۆمبێکی یەکجار گەورەیە و تەقینەوەکەی بەڕێوەیە.

دڕانی کۆمەڵایەتی

زۆربەی ئەوانەی کە شرۆڤەی دۆخی عێراق دەکەن، تەنها لە ئاستە سیاسی و سەربازییەکاندا دەوەستن و لە رووبەرێکی تەسکدا نەبێت، ئاستە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەییەکان شرۆڤە ناکەن، لەکاتێکدا رەهەندە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەییەکان پرسیاری گرنگترن.

زۆر ئەستمە کۆمەڵگەیەک، بەتایبەتی لە دنیای مۆدێرندا، بتوانێت وەک چوارچێوەیەکی تۆکمە هەبێت، بەبێ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کۆکەرەوە. هیچ گرێبەستێکیش بەبێ رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک بنەما، رەمز، نۆرم، گرەو، هێما، بەرژەوەندی بوونی نابێت. گرێبەست دەرەنجامی ئامادەیی خواستێکە بۆ پێکەوەژیان و پاشان دانوستاندن بۆ رێککەوتن لەسەر چۆنێتی و چەندایەتیی ئەو پێکەوەژیانە.

ئەوەی من لەم هەفتەیەدا بەوردی تێبینیم کرد نەک هەر ئامادەنەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان ئەم پێکهاتانەدا، بەڵکو دڕانێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز لێکیان جیادەکاتەوە. لەنێوان ئەم گەنجانەدا زۆر بەدەگمەن بەرژەوەندیی هاوبەش، خەونی هاوبەش، خەباتی هاوبەش، دووژمنی هاوبەش، بنەما و رەمز و نۆرمی هاوبەش تێبینی دەکەین. دنیای کۆمەڵایەتیی ئەو گەنجەی کە لە نەجەفەوە هاتووە لە دابڕانێکی قووڵدایە لەگەڵ دنیای کۆمەڵایەتیی ئەو گەنجەی کە لە هەورامانەوە هاتووە. خەیاڵدانی ئەو گەنجەی کە لە فەللوجەوە هاتووە زۆر جیاوازە لە خەیاڵدانی ئەو گەنجە کریستیانەی کە لە دهۆکەوە هاتووە. تەنانەت دابڕانی نێوان دنیای کۆمەڵایەتیی فەللوجییەکە و نەجەفییەکەش، هیچی کەمتر نییە لە دابڕانی نێوان گەنجێکی بەسرە و گەنجێکی سلێمانی.

رەنگە کۆی ئەم گرفتانەش لە ساتەوەختی بەکارهێنانی زمانی گفتوگۆدا باشتر دەربکەون. ئێمە نەوەیەکمان هەیە کە بەدوای فۆرمێکی دیکە لە پەیوەندیدا دەگەڕێت، فۆرمێکی بیناکراو لەسەر بنەمای ئەوی دیکە وەک رکابەر. واتە تۆ ناتوانی بە زمانی من قسە بکەیت، منیش ناتوانم بە زمانی تۆ قسە بکەم، تۆ ناتەوێ فێری زمانی من ببیت، منیش نامەوێ فێری زمانی تۆ ببم و بەلاشمەوە گرنگ نییە فێری ببم. لە دۆخێکی ئاوادا بۆ ئەوەی لە یەکدی تێبگەین با بە ئینگلیزی قسە بکەین! بێگومان لە ئاستە سیاسییەکەشدا هەر وایە. کەم نین ژمارەی ئەو سیاسییە عەرەب و کوردانەی کە لە زمانی یەکدی تێناگەن و لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیاندا بە زمانی سێیەم (ئینگلیزی یان فارسی) پێکەوە قسەدەکەن.

کۆتایی

تەنها سێ مانگ پێش مردنی لە ساڵی 1933دا، فەیسەڵی یەکەم کە پاشای عێراق بوو، لە یاداشتنامەیەکدا کە دەقەکەی لای منە، دەنووسێت: بە دڵێکی خەمگینەوە پێتان دەڵێم شتێک نییە بەناوی گەلی عێراق!

89 ساڵ پاش ئەم یاداشتەی فەیسەڵی یەکەم، دەتوانم بەبێ هیچ دوو دڵییەک بڵێم: شتێک نییە بەناوی کۆمەڵگەی عێراقی. لە باشترین دۆخدا ئەوەی هەیە ئامادەیی چەند پێکهاتەیەکی سەربەخۆی رێژەییە کە هیچ جۆرە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بەیەکیانەوە نابەستێتەوە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق