بەریتانیا ئاسانکاری لە وەرگرتنی پەنابەراندا دەکات

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەنیازە سیستمی وەرگرتنی پەنابەران لە وڵاتەکەی ئاسان بکات، ئەوەش بۆ سوودوەرگرتن لە هێزی کاری بیانی بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووریی بەریتانیا.
 
رۆژی 25ی ئەیلوولی 2022، میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات ئەوە دەبێت کە سیستمی وەرگرتنی پەنابەران ئاسان بکات، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی کەمیی دەستی کار لەو وڵاتە و بەهێزکردنەوەی ئابووریی بەریتانیا.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت، کارگە گەورەکانی بەریتانیا بە دەست کەمیی ژمارەی کرێکاری بیانییەوە دەناڵێنن و داوایان لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا کردووە سیستمی پێدانی ڤیزەی کار بۆ هاووڵاتیی بیانی ئاسان بکات تاوەکو لە کێشەی کەمیی کرێکاران دەربازیان بێت و بڕیاریشە هەر بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی نوێی بەریتانیا گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی پەنابەراندا بکات. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی حکومەتی بەریتانیا کە ئابی 2021 بڵاوکراوەتەوە، رەنگە ئەو وڵاتە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەهۆی کەمیی ژمارەی کرێکارەوە کێشەی لە چەند کەرتێكی گرنگیی پیشەسازی بۆ دروست بێت، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری کە ژمارەیەکی زۆر لە هۆتێل و مۆتێلەکانی بەریتانیا چاویان لە کرێکاری بیانییە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئەو کەرتە.
 
دوای جێبەجێکردنی برێگزیت، بەریتانیا رووبەڕووی کێشەی کەمیی دەستی کاری بیانی بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی قورسکردنی پرۆسەی وەرگرتنی کرێکارانی بیانی، بەتایبەتی هاووڵاتییانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا. 
 
بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی رابردووی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2020دا 36٪ی ئەو کرێکارانەی لە بەریتانیا کاریان کردووە، پەنابەر بوون یانیش بەمەبەستی کارکردن چوونەتە ئەو وڵاتە.  
 
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا و لەکاتی بانگەشەی کۆنگرەی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، لیز ترەس رایگەیاند، هەمان سیاسەتی حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن پەیڕەو دەکات بەوەی پەناخوارە نوێیەکان رەوانەی رواندا دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif