سەعد مەلا عەبدوڵا:حوكمڕانەكانی هەرێم بەشەڕی میدیایی هاووڵاتیان دەخەڵەتێنن

ليست هناك تعليقات


كوردپلات - دیدار
-
سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی،ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی: حوكمڕانەكانی هەرێم بەشەڕی میدیایی و ڕاگەیەنراوی سواو هاووڵاتیان دەخەڵەتێنن

دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆزەو لایەنەسیاسیییەكانیش وەك هاوپەیمان یان بەشێوەی سەربەخۆ هەوڵی پچڕینی بەشێك لە كێكەكە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش دۆخی قەیراناوی بوونی هەیەو لەزیادبووندایە، بەڵام لایەنەكان یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە هۆكارن بۆ دروستكردنی ئەم دۆخە، لەم دیمانەیەدا، سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی تیشك دەخاتەسەر مەترسییەكانی سەر عێراق و هەرێم و دۆخی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.

كورتپلات:خوێندنەوەتان بۆ دۆخی ئێستای عێراق چۆنە؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی:دۆخی ئێستای عێراق خراپ و چاوەڕوان كراوبوو، چونكە هەر لە حكومەتی ڕابردووەوە تاكو پێكهنانی حكومەتی ڕاگوزەر و دواتر فشارەكانی جەماوەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوەی سەلماند كە دۆخەكە ئاڵۆزە و بەسەختی دەتوانرێت ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایەنەكانی عێراق بەجۆرێك لە جۆرەكان خاوەنی میلیشیا و هێزی چەكدارن، قبوڵی ناكەن لە ساحەی سیاسی یان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن پەراوێز بخرێن، دوای ئەوەی سەدر زۆرترین كورسی هێنا بەشێك لە لایەنەكان ئەمەیان پێهەزم نەكراو دوای سەدان كۆبوونەوەی نێوان هاوپەیمانەكان، بەڵام نەتوانرا حكومەتی زۆرینە پێكبهێنرێت و دواجار سەدر كشایەوەو لەڕۆژانی ڕابردووشدا شەڕی ناوخۆ لە لێواری هەڵگیرساندنیدا بوو، بەڵام دامركێنرایەوە، ئێستاش زۆرێك لە لایەنەكان هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بە هەلێك دەزانن بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.

كوردپلات: پێتوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە كاریگەری هەبێت لەسەر ئاسایبوونەوی دۆخی عێراق؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: لەوانەیە موسەكەینێك بێت و بەشێوەیەكی كاتی ئاسایی ببێتەوە، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هەمان سیناریۆ و میكانیزیمی پێشوو پێموانییە چارەسەری تەواوەتی دۆخی عێراق بكات، چونكە هەڵبژاردنێك كە لایەنەكان دان بەئەنجامەكەیدا نەنێن هیچ كاریگەری نابێت ئەگەر دە جاریتر بكرێتەوە، كەوایە دەبێت میكانیزمی هەڵبژاردنەكان و كۆمسیۆن و تەنانەت سیناریۆكانی دوای هەڵبژاردنەكانیش دیاری بكرێن ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەوە لە عێراق بڕاوەتەوە كە بەم دۆخەی ئێستاو بەبوونی ئەم لایەنانە دەبێت ڕێكەوتنی تەوافوقی بكرێت بۆ هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش.

كوردپلات: كورد چ رۆڵێك بگێرێت لەعێراق باشە؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی:دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، بەداخەوە لەخولی ڕابردووەوە جیاوازی و چەند بەرەیی كورد لە عێراق دۆخی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزتر بووە، كە هۆكارەكەشی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان نییە، بەڵكو بۆ پچڕینی كورسی و پشكێكی كێكەكەیە بۆ حزب و چەند كەسێكی دیاریكراو.

كوردپلات: پێتوایە كورد دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی و كاریگەری بگێڕێت لەعێراق؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: كورد هەمیشە ڕۆڵی ئەرێنی بینیوە لە عێراق، بەڵام بۆ ناوخۆی خۆی ناتوانێت، ئەوەتا دوای دروستبوونی دۆخە نەخوازراوەكەی عێراق حوكمڕانەكانی كورد داوا دەكەن لە هەولێر لایەنە عێراقییەكان ڕێكەوتن بكەن، یان وەك ناوبژیوان هەوڵی خۆیانی بۆ دەدەن.

كوردپلات:دەبێت چی بكەن؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی:بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانی سەرجەم مافەكانی كورد لە بەغدا، دەبێت كورد یەكگرتوو بێت، ئەوەی ئێستا بینیمان كورد خۆی لە چوار بۆ پێنج بەرەی جیاوازدا بینییەوە كە ئەگەر دۆخی ئاڵۆزی شیعەكان نەبوایە، كورد گەورەترین زیانی بەردەكەوت، بەڵام دۆخی ئەوان بووەتە هۆكاری شاردنەوەی پەرتەوازەیی و شكستی كورد لە بەغدا.

كوردپلات:لایەنەكان دەبێت لە هەرێم چی بكەن كە قەیرانێكی زۆر بوونی هەیە؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: بەداخەوە هاووڵاتیانی هەرێم لە دۆخێكی سەختدا ژیان بەڕێدەكەن، بەڵام حوكمڕانەكان ناوەناوە بەشەڕی میدیایی نێو خۆیان یان بە ڕاگەیەنراوێكی سواو گەلەكەی خۆیان دەخەڵەتێنن، كە پێموایە ئەو سەردەمەش بەسەرچووە، بایكۆتی هەڵبژاردن باشترین نیشانە بوو بۆ ئەوەی كە هاووڵاتیان چیتر بە قسەی بریقەدار بڕوا ناكەن، لایەنەكانی دەسەڵاتیش لەبری چارەسەركردنی قەیرانێك دوو قەیرانی دیكە دروست دەكەن.

كوردپلات:هەڵبژاردن لەهەریم چارەسەری دۆخەكە دەكات؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: بەداخەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەبیانووی جیاوازەوە لەباریان برد و ئەنجام نادرێت، هەرچەندە ئێمە وەكو بزووتنەوە تەئكیدمان لەوە كردەوە كە دەبێت لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد و سەرجەم ئەو هەڵەو پەڵانەی لە ڕابردوودا كرا ئەمجارە نەكرێت، بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاری دروست دەبێت كە بتوانرێت چارەسەری دۆخەكەش بكرێت.

كوردپلات: بۆچی هەڵبژاردن ناكریت؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: ئەو لایەنانەی كە ئێستا ڕێگرن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەیانەوێت بەبیانووی جیاواز دوای بخەن، لە هەڵبژاردن دەترسن، چونكە لە چوار ساڵی ڕابردوو باشیان نەچاندووە تاكو باش بچننەوە، لەبەرئەوەیە دەیانەوێ هەڵبژاردنەكان دوابخەن، تاكو بتوانن لەو ماوەیەی كە دیاری دەكەن هەندێك سیناریۆ و بەڵێنی بریقەداری درۆ بدەنە هاووڵاتیان، ئەوكات هەڵبژاردن بكەن، ئەگەرنا دڵنیان كەمترین كورسی پەڕلەمانی بەدەست دەهێننەوە.

كوردپلات:پەیوەندی نیوان هیزە سیاسیەكانی هەرێم چۆن دەبینی؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی:پەیوەندی هێزەكانی هەرێم بە ڕوخسار باشە، بەڵام لەناوەڕۆكدا هەوڵی خستنی یەكتری دەدەن و گرفت بۆ یەكتری دروست دەكەن، كە بەداخەوە دواجار تەنها هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن.

كوردپلات:قەیرانەكانی هەریم بەرەوكوێ هەنگاو دەنێت؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: بەردەوامی دۆخەكە و بێمنەتی و بێهەڵوێستی لایەنەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، قەیرانەكان بەرەو زیاترو ئاڵۆزتر دەبات، دواكەوتن و نەدانی مووچە و نەبوونی پلەبەرزكردنەوە و بێ كارەبایی و بێئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەوڵنەدان بۆ چارەسەركردنی، ئایندەیەكی باش چاوەڕێی هەرێم ناكات.

كوردپلات:دۆخی ئیستای بزووتنەوەی ئیسلامی چۆنە و بۆچی لە ساحەی سیاسی لە پاشەكشەدایە؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: بزووتنەوەی ئیسلامی هێزێكی كاریگەرە لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی ئێستا بەهۆی ئەو گەمارۆ جۆراوجۆرانەی بەسەریدا سەپێنراوە جوڵەی كەمێك لاوازە، بەڵام هێزێكی پڕ ووزە و پڕ ئەندامی خۆڕاگرو خاوەن مەبدەئە، سەبارەت بە پاشەكشە، ئەوەی دەبینرێت سەرجەم لایەنەكان بەپێی قورسایی خۆیان لەدەسەڵات بن یان ئۆپۆزسیۆن جوڵەیان سستە و لەوانەیە هەریەكەیان هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام دواجار دۆخی هەرێمی كوردستان و كرانەوەی زۆر كە هەرێم بەخۆیەوە بینی، وایكردووە جوڵەی لایەنەكان لاواز بێت بەگشتی.

كوردپلات: بزووتنەوە بۆچی لاواز دەردەكەوێت، بەراورد بەلایەنەكانی دیكە، لەكاتێكدا هەمیشە دەوترێت لە دەسەڵاتەوە نزیكن؟

سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی: پێشتر ئاماژەم بۆ كرد، بزووتنەوە لاواز نییە و یەكێكە لەو حزبە بەهێزانەی لەمێژوودا ناویان هەیە، چونكە قەیرانە سەپێنراوەكانی سەر ئەم حزبە ئەگەر هەر حزبێكیتر بوایە ئێستا ناویشی نەدەما، بەڵام خۆڕاگربووە و بەردەوامە لەخەباتی خۆی.

بزووتنەوە لە ڕووی داراییەوە قەیرانێكی زۆری جۆراوجۆری لەسەرە، ئەمە وایكردووە ڕاگەیاندنی نەبێت یان لاواز بێت و ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چالاكییەكانیان نەبینن و نەبیستن، بۆیە بەراورد بە لایەنەكانی دیكە كەمتر چالاكییەكانیان دەبینرێت، سەبارەت بە نزیكی لە دەسەڵات، ئەوە قسەی زاری نەیارەكانێتی، ئەگەرنا حوكمڕانەكانی هەرێم دوای قەیرانی دارایی لە هەرێم و لە دوای ساڵی 2014 هاوكاری لایەنەكانیان بڕی، بەڵام لە زۆرێك لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ئەو بابەتانە بڵاوكرانەوە و بینرا كە دەسەڵات هاوكاری بەشێكی زۆر لە لایەنەكانی نێو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش دەكات، بەڵام نێوی بزووتنەوەی تێدانەبوو.

هەروەها نەبوونی ڕاگەیاندنمان لەلایەك و نەبوونی خاوەندارێتی بارەگاكانی بزووتنەوە لە زۆرێك لەشارەكانی هەرێم لەلایەكیتر ئەو شاهیدییە دەسەلمێت كە بزووتنەوە چۆنە و لایەنەكانی دیكەش چۆنن بەتایبەت لەلایەنی داراییەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق