یۆنان لە ژێر چاودێریی دارایی یەکێتیی ئەوروپا دەردەچێت

ليست هناك تعليقات




دوای تێپەڕینی 12 ساڵ لە سیاسەتی "دەستگرتنەوە و سکهەڵگوشین"، دواجار یۆنان لە ژێر "چاودێری چڕی دارایی" یەکێتیی ئەوروپا دەرچوو. لەوە بەدواوە پێویست ناکات هەر سێ مانگ جارێک یەکێتیی ئەوروپا وردبینی بۆ خەرجی و داهاتی گشتیی حکومەتی یۆنان بکات بۆ ئەوەی قەرزی نوێ وەربگرێت.

پاناگیوتیس کارکاتسۆلیس، شارەزای کاروباری یۆنان دەڵێت، "چاوەڕێ دەکەین یۆنان بتوانێت لەوە بەدواوە بڕواتە نێو بازاڕی ئازادی سەرمایە و بە هەلومەرجی باشتر قەرز وەربگرێت. ئەمە زۆر گرنگە بۆ یۆنان بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستای جیهانیدا ئەمە پێشهاتێکی ئەرێنییە."

بۆ رزگارکردنی یۆنان لە قەیرانی دارایی لە ساڵی 2010وە تاوەکو 2018، سندووقی نێودەوڵەتی دراو و یەکێتیی ئەوروپا بڕی 293 ملیار دۆلار قەرزیان بەو وڵاتە بەخشی، بەڵام دەبووایە لە دوای 2018یش بۆ ماوەی 4 ساڵ، چاودێری چڕی دارایی یۆنان بکەن. ئێستا ئەو ماوەیەش کۆتایی پێهاتووە؛ سەرەڕای ئەوەش ئەمە بە واتەی کۆتاییهاتنی کێشە داراییەکانی یۆنان نییە.

ئەو شارەزایەی کاروباری یۆنان راشیگەیاند، "سیاسەتی دەستگرتنەوە یارمەتی یۆنانی دا کە لە رووی داراییەوە هاوسەنگی بگەڕێننەوە. بەڵام کاتێک کە دێینە سەر ژیانی راستەقینە هێشتا کێشە هەن؛ لەوانەش زۆری رووتین و بیرۆکراسی."

لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2010دا ئابووری یۆنان بە رێژەی زیاتر لە 25٪ پاشەکشەی کرد و رێژەی بێکاریش بەرزبووەوە بۆ 28٪. بەڵام ئەمساڵ پێشبینیکراوە بەهۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری، ئابووری ئەو وڵاتە بە رێژەی 3.5٪ گەشە بکات.

یەکێتیی ئەوروپا ستایشی هەوڵەکانی یۆنانی کردووە بۆ باشترکردنی رەوشی ئابووری، بەڵام ئەو وڵاتە وەک وڵاتانی دیکەی ئەوروپی گیرۆدەی قەیرانی گاز و هەڵاوسانی نرخەکان بووەتەوە. رێژەی هەڵاوسان لە یۆنان بەرزبووەتەوە بۆ 11٪ کە یەکێکە لە بەرزترینەکان لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپادا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif