هه‌ڵبژاردن، تیماری ده‌ردی عێراق ناكات

ليست هناك تعليقات


 عارف قوربانی
-
پاش دوو مانگی دیكه‌ ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ هێشتا نه‌توانراوه‌ هه‌نگاوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت. ناكۆكی و ململانێی هێزه‌ به‌شداره‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌م ده‌ مانگه‌ی رابردوودا، رێككنه‌كه‌وتن و كشانه‌وه‌ی براوه‌یه‌ی یه‌كه‌م له‌ په‌رله‌مان و به‌كاربردنی شه‌قام دژ به‌ ركابه‌ره‌كانی، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقی گه‌یاندووەته‌ دۆخێك كه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت بتوانێت به‌ ئاسانی ده‌ربازی بێت.

ئه‌م به‌ بنبه‌ستگه‌یشتنه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی تێگه‌یشتنێكی لای به‌شێكی زۆر له‌ حیزب و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی عێراق دروستكردووه،‌ كه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ده‌ربازبوون له‌م ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی عێراقی تێكه‌وتووه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌. به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در وه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی خۆپێشاندانه‌كان خستیه‌ڕوو، ئیتر به‌دوای ئه‌ویشدا پارتی و حه‌لبووسی كه‌ پێش كشانه‌وه‌ی سه‌در له‌ په‌رله‌مان له‌ هاوپه‌یمانێتی رزگاركردنی نیشتمان پێكه‌وه‌بوون، پشتیوانیان بۆ داواكه‌ی سه‌در ده‌ربڕی و خه‌ریكه‌ وه‌ك حاڵه‌تی ئه‌مری واقیع بكرێته‌ بژارده‌ی چاره‌سه‌ر، به‌ڵام ئایا له‌ واقیعدا ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ره‌؟

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی عێراقدا بخشێنینه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی حكومه‌ته‌كان به‌راورد بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گیرابێت و بایه‌خی بۆ دانه‌نرابێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بووه‌. لێره‌دا ئه‌نجامی چوار خولی هه‌ڵبژاردن به‌ یادی خوێنه‌ران ده‌هێنمه‌وه،‌ كه‌ له ‌هیچ كامیاندا كار به‌ ئه‌نجامه‌كانی نه‌كراوه‌. 

ساڵی 2010 لیستی عێراقییه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌للاوی 91 كورسی به‌ده‌ستهێنا، لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالكی 89 كورسی، رێگه‌ نه‌درا عه‌للاوی حكومه‌ت پێكبهێنێت و مالیكی كرایه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران. له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 لیسته‌كه‌ی نووری مالیكی 92 كورسی به‌ده‌ستهێناو به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ پێشی هه‌موو لیست و قه‌واره‌كانی دیكه‌وه‌ بوو، به‌ڵام رێگه‌ی پێنه‌درا بۆ خولی سێیەم ببێته‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران و بازه‌كه‌ له‌سه‌ر شانی حه‌یده‌ر عه‌بادی نیشته‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 كوتله‌ی سائیرون به‌سه‌رۆكایه‌تیی موقته‌دا سه‌در براوه‌ی یه‌كه‌م بوو به‌ 54 كورسی. 

عه‌بادی 42 كورسی و ده‌وڵه‌تی یاسا 25 کورسی، به‌ڵام كه‌سێكی وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ ته‌نانه‌ت خاوه‌نی یه‌ك كورسی نه‌بوو. ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی 10-10-2021 سه‌در وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م 73 كورسی به‌ده‌ستهێنا، له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانیی سه‌روه‌ری سوننه‌كان هاوپه‌پمانێتیی رزگاركردنی نیشتمانیان پێكهێنا، بوون به‌ گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی په‌رله‌مان، به‌ڵام رێگه‌ نه‌درا حكومه‌ت پێبكێنێت. 

ئه‌نجامی چوار هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت بۆ ئه‌وانه‌ی هۆشیاریی سیاسییان هه‌یه‌ به‌س بێت، كه‌ تێبگه‌ن هه‌ڵبژاردن ته‌نها جۆرێكه‌ له‌ رۆتین و چه‌واشه‌كاریی رای گشتی، هه‌ڵبژاردن ته‌نها كراوه‌ته‌ ئامراز له‌ ناوخۆدا بۆ ره‌وایدان به‌ (ته‌حالوف ئه‌لموفسدین) و شاردنه‌وه‌ی رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ دیوی پشته‌وه‌ هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌كانی داهاتی عێراقدا سه‌پاندووه‌. چوار خوله‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن پێكنه‌هاتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هێز و هاوپه‌یمانێتیانه‌ی كراونه‌ته‌ روویی ململانێكانیش، ئه‌وانیش له‌ ده‌ره‌وی ئیراده‌ی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ میدیاكانی توركیا ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه، كه‌ لیستی عێراقییه‌ له‌ ماڵی داود ئۆغڵو دروستكراوه‌. ئه‌مجاره‌ش هاوپه‌یمانێتی حه‌لبووسی و خه‌میس خه‌نجه‌ر له‌ توركیا و به‌ ئاماده‌بوونی ئەردۆغان بڕیاری له‌سه‌ردرا. 

به‌ره‌ی شیعه‌كانیش له‌وه‌ ئاشكراتره‌ پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ هه‌بێت، تاوەکو قاسم سلێمانی له‌ژیاندابوو وه‌ك داشی دامه‌ یاری پێده‌كردن و له‌دوای ئه‌ویشه‌وه‌ قائانی ته‌نانه‌ت سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كانیشیان ده‌كات. 

مه‌به‌ستمه‌ بڵێم له‌ناوخۆدا كۆمه‌ڵێك نه‌هه‌نگ به‌رژه‌وه‌ندییان پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌ و له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و توركیا ده‌كه‌ن. هیچ كامیان به‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌هاتوون، به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش هه‌ڵناكه‌ندرێن. عێراق پێویستی به‌ شۆڕشه‌ بۆ ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵات و داهات له‌ده‌ستی گرووپ و بنه‌ماڵه‌ مافیایه‌كانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ بۆ ده‌ستی عێراقییه‌كان. كاره‌كته‌ر و كیانی سیاسی هه‌یه‌ پشكی له‌ باخیره‌كانی ئوم قه‌سر بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت زۆرتره‌ له‌ پێگه‌ و ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ په‌رله‌مان. ململانێ‌ و ناكۆكییه‌كانی هێزه‌ به‌شداره‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و رۆڵ و پێگه‌ی له‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌، رێگریی له‌ هه‌ندێ‌ هێز و كاره‌كته‌ری سیاسی و زه‌مینه‌سازی بۆ هه‌ندێ‌ هێز و كاره‌كته‌ری دیكه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌یه‌ نه‌ك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

عادل هه‌لدولمه‌هدی تاكه‌ سه‌ركرده‌ و سیاسیی عێراقی بوو به‌ به‌راورد به‌ سه‌رۆكوه‌زیره‌كانی پێش و دوای خۆی كه‌ به‌شێك نه‌بوو له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی فه‌ساده‌كان. ئه‌ی بۆ خۆپێشاندان له‌دژی ئه‌نجام درا؟ بۆچی نزیكه‌ی 800 گه‌نجی عێراقی به‌كوشت درا، زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س برینداربوون، تا له‌سه‌ر كار لادرا، بۆچی؟ ململانێكان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌رچی بوو؟ ئایا په‌یوه‌ندی به‌ باخیره‌كانی به‌نده‌ر عه‌باس و ئوم قه‌سره‌وه‌ نه‌بوو؟ ئه‌و باخیره‌ نه‌وتهه‌ڵگرانه‌ی به‌نده‌ر عه‌باس كه‌ تاوەکو پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌شێك له‌ نه‌وتی دزراوی كه‌ركووك و نه‌وتی به‌قاچاخبراوی ئێرانیان ده‌گواستنه‌وه‌، چیان به‌سه‌رهات؟ هه‌مان ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ئوم قه‌سر به‌ڕێوه‌ناچێت؟ مانگانه‌ به‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار داهاتی (ته‌حالوف موفسدینه‌كانه‌). ره‌نگه‌ هێشتا زوو بێت ئه‌و نهێنیانه‌ ده‌ركه‌ون، كه‌ وه‌ك چۆن تا به‌رمیلێك نه‌وتی كه‌ركووك له‌و باخیرانه‌ بار ده‌كرا، ده‌یان به‌رمیل نه‌وتی قاچاخی ئێرانی بارده‌كرد، ئێستاش رۆژانه‌ به‌ناوی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ نه‌وتی رێگه‌پێنه‌دراوی ئێران ده‌گوازنه‌وه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێران له‌سه‌ر هه‌ندێك هێز و كاره‌كته‌ری سیاسیی عێراق ده‌یكات، بێ‌ هۆكار نییه‌. 

بۆیه‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن هیچ له‌ هاوكێشه‌كانی عێراق ناگۆڕێت و له‌ چاره‌سه‌ر نزیكی ناكاته‌وه‌. عێراق وه‌ك خانوویه‌كی كۆنی لێهاتووه‌ كه‌ بناخه‌كه‌ی و كه‌ره‌سته‌كانی رزیبن، ناتوانرێت به‌ كه‌ره‌سته‌ی رزیوو نۆژه‌نبكرێته‌وه‌. عێراق ده‌بێت تێکبدرێت و سه‌رله‌نوێ‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی جیاواز بناخه‌كه‌ی دابنرێت و دروست بكرێته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق