لەیلا گوڤەن: دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەمان تێڕوانینیان لەسەر 'کێشەی کورد' هەیە

ليست هناك تعليقات



هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان - دەتەکە پێیوایە، لەم هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی بەهۆی کێشەی کوردەوە تووشی شکست دەبێت و بە گوتەی ئەو، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا هەمان تێڕوانینیان لەسەر "کێشەی کورد" هەیە.

لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان، کە ئێستا لە گرتووخانەی داخراوی ژنانە لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی رۆژەڤی تورکیا و کێشەی کورد دایەوە. گوڤەن لەبارەی داهاتووی ئاکپارتی و تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا چووەتە نێو کەشوهەوای هەڵبژاردنەوە، جا چ پێشوەخت بێت چ هەڵبژاردنی ئاسایی.

هاوسەرۆکی دەتەکە گوتی، "گوتەیەک هەیە دەڵێت: هێز، چاوی ئەو کەسانە کوێر دەکات کە وا هەستدەکەن بەهێزیکردوون. ئاکەپە رێک لە دۆخێکی وەهادایە. لە کاتێکدا ئاکەپە ساڵی 2002 لەو کاتەی حکومەتی کوالیسیۆنی هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەدەدا، دەسەڵاتی وەرگرت. دوای 20 ساڵ و بەهۆی ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد تۆمار نەکردووە، دەڕوات. ئەمە بەرجەستەترین راستییە کە دەزانرێت. ئاکەپە چارەسەری ریشەیی هیچ کێشەیەکی نەکردووە."

لەیلا گوڤەن باسی لەوەش کرد، "خەڵک هاوشێوەی ئەوەی لە پەتای کۆرۆنا رادەکات، لە ئاکپارتی رادەکات."

بە گوتەی گوڤەن، "ئاکەپە نەیدەزانی بەڵێن، شەرەفە. ویستی فەرشی رەنگ شەدری لەسەر بەڵێنەکانی رابخات و لەسەر رێگەکەی خۆی بەردەوام بێت، بەڵام ئەمە ئاسان نابێت. هەرچەندە بیەوێت دادگە و تەواوی دام و دەزگاکان لە خزمەتی پاراستنی دەسەڵاتەکەی بەکاربهێنێت، بێهودەیە. ژیانی مرۆڤەکان لە یاساکانیش بەهێزترە. ئاکەپە تووشی لێپرسینەوەی هەموو ئەوانە دەبێت کە ژیانی فەوتاندوون."

لە کاتێکدا لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەزاران لایەنگر و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە گرتووخانەکاندان و گوشارەکانی سەر زمانی کوردییش درێژەیان هەیە، لەیلا گوڤەن دەڵێت، لە تورکیا کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی نزیک لە دەسەڵات تەنیا لە ئاستێکی زۆر نزمدا بەرنامە دەکەن و هەستی جۆراوجۆر لە هزری خەڵکدا سەبارەت بە کورد دروستدەکەن.

هاوسەرۆکی دەتەکە گوتیشی، "سیاسەتڤانانی کورد، کە هیچ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بوێریی ئەوەی تێدا نییە تەنانەت بانگهێشتی بەرنامەکانیان بکات، بە شێوەیەکی بێ سانسۆر و بێ ئەدەبانە سووکایەتییان پێدەکرێت. تیرۆرست، ناپاکیی نیشتمان، جیاکار، نەفس نزم، بێشەرەف و چەندین دەستەواژەی دیکە، کە شەرمە باسیان بکەم، بۆ نوێنەرانی کورد بەکاردەهێنن؛ بەڵام خەڵکی ئێمە باش گوێی لەم زمانە ژەهراویەیە و دەزانێت. بێگومان لە رۆژی خۆیدا کاردانەوە نیشاندەدات."

لە ئەگەری گۆڕانی دەسەڵات و سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای تورکیادا، لەیلا گوڤەن گوتی، "دەسەڵات بە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت، ئەوان تیرۆریستن و تۆ چۆن بە نهێنی هاوپەیمانییان لەگەڵدا دەبەستیت؟ لە بەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆن وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، ئەی باشە تۆ چۆن پرۆسەی چارەسەریت دەستپێکرد و لەگەڵ تیرۆریستان لەسەر مێزێک کۆبوویتەوە؟ هەر لەبەر ئەمەیە ئەو دوو هەڵوێستە لە دیدی ئێمەدا هیچ جیاوازییەکیان نییە."

هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە سیاسەتڤانان و بەرپرسان، لەیلا گوڤەن دەنگی کوردی بە یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی تورکیا ناوبرد و رایگەیاند، ئەوەی لە ماوەی 80 ساڵدا دەرهەق بە کورد کرا، لە 20 ساڵی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا کرا.

لەیلا گوڤەن لە 31ی کانوونی دووەمی 2018 بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە خرایە زیندانەوە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیا کە لە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، لەسەر لیستی هەدەپە لە بازنەی جۆلەمێرگ هەڵبژێردرا و بووە پەرلەمانتار، بەڵام ئازادنەکرا و لە گرتووخانە مایەوە.

گوڤەن لە گرتووخانە بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، مانگرتنی لە خواردن راگەیاند، لە 79یەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا ئازادکرا و لە 200ـەمین رۆژی مانگرتنەکەشیدا لەسەر داواکاریی ئۆجەلان بەوەی مانگرتنەکە گەیشتووەتە ئامانج، کۆتایی بە مانگرتن هێنا.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، لەیلا گوڤەن رۆژی 10ی تەممووزی 2019 لە دانیشتنی پەرلەماندا سوێندی یاسایی خوارد و وەکو پەرلەمانتار دەستبەکاربوو.

رۆژی 4ی حوزەیرانی 2020 جارێکی دیکە تۆمەتبار کرایەوە و پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندیی لەسەر هەڵگرت. رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2020 نۆیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد لە دەیەمین دانیشتنی دادگادا بە تۆمەتی ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە سزای 22 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرد و بڕیاری دەستبەسەرکردنی دا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif