چی بۆریس جۆنسنی گەیاندە دەستلەکارکێشانەوە.

ليست هناك تعليقات


 
لە بەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەتان کەس لە دانیشتووانی لەندەن کۆبوونەتەوە. ئەوان زۆربەیان بە بڕیاری بۆریس جۆنسن بۆ وازهێنان لە پۆستەکەی خۆشحاڵن. هاوکات میدیای بەریتانی بەشێک لەو ئابڕووچوونانەی بڵاوکردووەتەوە کە جۆنسنیان بە دەستلەکارکێشانەوە گەیاند.

جۆ، هاووڵاتییەکی بەریتانییە، دەڵێت "زۆر جێگەی شەرمەزاری بوو کە ئەو سەرۆکوەزیرانمان بوو. شەرمەزارییەکی لە رادەبەدەر بوو. زۆر دڵخۆشم کە کۆتایی پێهات."

رۆژی پێنجشەممە، بۆریس جۆنسن، سەرۆکی پارتی پارێزگاران چووە ژێر باری گوشارەکان و رایگەیاند، دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.

گوشارەکان دوای ئەوە هاتن، روون بووەوە کە جۆنسن پۆستێکی باڵای حکومەتی داوەتە کەسایەتییەک کە بەوە ناسراوە گێچەڵی سێکسی بە چەند کەسێک کردووە. ئەوەش دەستلەکارکێشانەوەی نزیکەی 50 وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەتی بەدوادا هات. 

کلێتووس مۆرایس، پارێزەرە و دەڵێت، "ئەمە ئەو شتەیە دەبێت چاوەڕێی بکەیت کاتێک سەرۆکوەزیرانەکەت توانای بڕیاردانی نییە. درۆ دوای درۆ، چۆن بتوانین متمانە بەکەسێکی وەها بکەین، بە تایبەت لە پلەیەکی لەو جۆرەدا. پێم وایە ئەو ناپاکی لە وڵاتەکەمان کرد."

%77ـی بەشداربووانی راپرسییەک کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ماڵپەڕی یوگۆڤ بۆ راپرسیی جیهانی کراوە، دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس جۆنسنیان بەلاوە باش بووە و 12٪یشیان پێیان وایە دەبوایە وازی نەهێنایە. 

ئەوانەی پاڵپشتیان بۆ جۆنسن بۆ مانەوە لە پۆستەکەی دەربڕیووە، پێیان وایە سەرۆکوەزیرانەکەیان هەمیشە راستگۆ بووە بەرامبەر بەو بەڵێنانەی داویەتی بە هاووڵاتیان..

یان وێبستەر، ئەندازیارە و دەڵێت، "بەلامەوە ناخۆشە کە ئەندامانی پارتەکەی دژی وەستانەوە. پێم وایە زۆر شتی باشی کردووە. راستە کەمێک گێل بوو، بەڵام منیش شتی گێلانەم کردووە. دەبێت لەوە خۆشبین. بەشێوەیەکی گشتی ئەو باشترینە بۆ ئەم وڵاتە."

بۆریس جۆنسن بڕیاری وازهێنانەکەی بە گوتارێک راگەیاند، بەڵام هەر لەو گوتاریەدا باسی لە هەندێک لەو کارانەش کرد کە کردبوونی، لەوانەش چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا. 

لیستی بەشێک لە ئابڕووچوونەکان:
بۆریس جۆنسن میراتێکی سیاسیی پڕ لە مشتومڕی هەیە. میدیای بەریتانی باس لە چەندین کەیسی گەندەڵیی جۆنسن دەکات. ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لێیان:

- دوایین ئابڕووچوون کە کابینەکەی بۆریس جۆنسنی هەڵتەکاند، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاشکرابوو، کە ئەویش ئەوە بوو، بۆریس جۆنسن لە ساڵی 2019 پۆستێکی باڵای بە پەرلەمانتارێک بەناوی کریس پینچەر داوە، لە کاتێکدا ئاگادار بووە ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتبارە بە گێچەڵی سێکسی. بۆریس جۆنسن سەرەتا گوتی ئاگاداری ئەوە نەبووە، بەڵام ئەندامانی پارتەکەی، ئەویان بە درۆخستەوە. دواجار، جۆنسن قسەکانی گۆڕی و دانی پێدانا کە بەڵێ، ئاگاداری ئەو بابەتە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی رێکخەری پارتی پارێزگارانی بەو پەرلەمانتارە داوە. 

- ئابڕووچوونێکی دیکەی جۆنسن و کابینەکەی ئەوە بوو کە لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆ و داخستنی گشتیدا، کاتێک کە هیچ بەریتانییەک بۆی نەبوو لە ماڵەکی بچێتەدەرەوە، بۆریس جۆنسن و ئەندامانی کابینەکەی لە باخچەی خانووی ژمارە 10ی داونینگ ستریت، کە بارەگای حکومەتی بەریتانیایە، سەرقاڵی مەیخواردنەوە و ئاهەنگگێڕان بوون. بۆریس جۆنسن لە سەرەتادا رەتیدەکردەوە شتێکی لەو جۆرەیان کردبێت، بەڵام دواتر میدیاکان وێنەکانیان بڵاوکردنەوە، بۆریس جۆنسن، دووبارە قسەکانی خۆی گۆڕی و داوای لێبوردنی لە خەڵکی بەریتانیا کرد. لەسەر ئەو رەفتارە، مانگی رابردوو ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان هەوڵیدا متمانەی لێ بسێنێتەوە، بەڵام پارتی پارێزگاران بەو زۆرینەیەی کە هەیەتی، بۆریس جۆنسی رزگارکرد. 

- بۆریس جۆنسن، تەنانەت پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانیش، کۆمەڵێک كێشەی لێ ئاڵا بوون. لەوانەش کاتێک کە لە رۆژنامەی لەندەن تایمز کاری دەکرد، بەهۆی هەڵبەستنی بابەت و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، لە کارەکەی دوورخرایەوە. کاتێک کە لە رۆژنامەی تەلەگرافیش کاری دەکرد، هەمان تۆمەت بەرۆکی گرتبوو. 

- کاتێک کە بووە وەزیری دەوڵەت بوو بۆ دڵنیایی کۆمەڵایەتی، بەهۆی قسەی ناڕاست لە بارەی دۆسیەیەکی ئەخلاقی، لە کار دوورخرایەوە. 

- دواتریش کە بووە سەرۆکی شارەوانیی لەندەن، پارەی گشتیی لە جەنیفەر ئارکوری، کە ئەو کات کچە هاوڕێی بوو، خەرج دەکرد. 

- کاتێک کە جۆنسن بووە وەزیری دەرەوە، هەوڵیدا ئەو کچە کە بڕیارە ببێتە هاوژینی داهاتووی، لە پۆستێکی باڵای وەزارەتەکەیدا دابنێت، بەڵام دوای ئەوەی کە راوێژکارەکانی پێیان زانی، شکستیان بە هەوڵەکە هێنا. لەو کاتەدا، هاوژینە یاساییەکەی شەڕی مەرگی لەگەڵ شێرپەنجە دەکرد. 

- کێشە جیدییەکانی بۆریس جۆنسن ساڵی رابردوو سەریان هەڵدا، کاتێک کە جۆنسن هەوڵیدا یاساکانی پەرلەمان بگۆڕێت بۆ ئەوەی پەرلەمانتارێکی گەندەڵی پارتەکەی بپارێزێت کە تۆمەتباربوو بە وەرگرتنی بەرتیل. 

- هەر لە هەمان کاتدا، جۆنسن تۆمەتباربوو بە بەکارهێنانی پارەی کۆمەکبەخشێکی پارێزگار، بۆ رازاندنەوەی نووسینگەکەی. 






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif