راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان

ليست هناك تعليقات




دەقی راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان

بەبۆنەی ھێنانەوەی ١٠٠ روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانی

ھێنانەوەی پۆلێکی تر لە روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیان دەکەینە بۆنەیەک بۆ بانگەوازی کارکردن لەسەر پرسی جینۆسایدی کوردستان و کردنی بە ئەجندای ھاوبەش و لەپێشینەی ھەموو لایەکی کوردستانی و ناوەندە ئەکادیمی و مەدەنیەکان و دامەزراوە گشتیەکان.

لەڕێکەوتی ۳۱ ــ۷ــ۱۹٨۳ لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا گاردی کۆماری بەعس لەپەلامارێکدا لەئۆردوگاکانی (قوشتەپە، بەحرکە، دیانا و هەریر) ٨۰۰۰ هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی جینۆسایدکرد. ھاوشێوەی شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەو کۆمەڵکوژی فەیلیەکان. تاوانەکانی تری جینۆسایدو دژی مرۆڤایەتی.

لەم رۆژەدا ٢٠٢٢/٧/٣٠ (۱۰٠) ڕوفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانی هێنرایەوەو لە زێدی خۆیان بەخاک دەسپێردرێن.

ئەم ڕوفاتانە لەبادیەی سەماوە لە باشوری عیراق دۆزراونەتەوەو ھەڵدرانەوەو ھێنرانەوە.

بەپێی ئامارەکان لەساڵی ۲۰۰۳ بەدواوە ڕوفاتی (597)لەجینۆسایدکراوی بارزانیەکان هێنراوەتەوە کوردستان.

وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامی و پەلە کردن لە ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیانی ترو بەدیکۆمێنتکردنی بەڵگەکانی جینۆساید.

داواکارین پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کوردستان کەیسی جینۆسایدی کوردستان بکەنە لەپێشینەی بایەخی کارکردنیان و

ببێتە بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقی بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان سەبارەت بە قەرەبوی قوربانیان و دۆزینەوەو پشکنین بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ روفاتەکان بۆ ناسینەوەیان پێش ھێنانەوەیان.

یەکێتیەکەمان خۆبەخشانە ھاوکارو ھەماھەنگ دەبێت لەگەڵ دامەزراوە گشتی و مەدەنیەکان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی پەیوەست بە جینۆسایدی کوردستان.

ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی بەشێک لە قوربانیانی گەلەکەمان دەکەینە بۆنەی بەردەوامی لە کارکردن بەنوسین و لێکۆڵینەوەو بەدیکۆمێنت کردن و ساغکردنەوەو بەدواداچوون لەم پرسە نیشتمانی و ئینسانیە باڵایەدا.

درود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی جینۆساید

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
۳۱ــ۷ــ۲۰۲۲


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق