تاوانە گەورەکەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی هەمووانی هەژاند

ليست هناك تعليقات


 قوباد تاڵەبانی
-
لە گەرمای تەممووزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و شنەبای سەیرانگە و هاوینەهەوارەکانی کوردستان، کەچی بەداخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.
تاوانە گەورەکەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی هەموو هاووڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک هەر خانەوادەکانیان، بەڵکو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەکەی سەیرانگای پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی هەبوو، هاووڵاتیانی کوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێکیان وەک هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاووڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا کە بەردەوام قوربانین و کەس هاواریان نابیستێت!

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی 100 هاووڵاتیی مەدەنی هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانەوە شەهید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک هەڵوێستێکی جیدی نەبوو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جیدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنها یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە.

ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جیدی هەبوایە، رەنگبوو کارەساتی بەر لە چەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لە مانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبووایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفڕۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!

من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سوورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2011 دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2015دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدکردنی 8 هاووڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدکرانی دەیان هاووڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگەی پەرەخ روویدابایە.

بەپێی دەستوور پاراستنی سەروەریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەک حکومەتی هەرێم و چ وەک هاووڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی هاووڵاتییەکمان لە هەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی هاووڵاتییانی بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif