پارادایم و گرێ ی قوربانی

ليست هناك تعليقات


 پەیکار عوسمان
-
- بۆچی لە کۆندا، مرۆڤ کراوەتە قوربانی بۆ هێزە نادیارەکان؟ زۆر بە سادەیی: یەکەم لەبەرئەوەی مرۆڤ لە دیاردە سروشتییەکان تێنەگەیشتووەو "جەهل و ترسی" هەبووە. دووەم لەبەرئەوەی مرۆڤ هێشتا ئاژەڵی ماڵی نەکردووەو جگە لە خۆی، شتێکی تری نەبووە کە بیدا بە خوداکان. دەی کاتێ مرۆڤ ئاژەڵ ماڵی ئەکات، ئیتر دەوران گۆڕاوەو مرۆڤ شتێکی تری هەیە کە بیبەخشێ بۆ بەدەستهێنانی دڵنیایی.

- کاتێ دەورانێکی تری دنیاش ئەگۆرێ و ئەکەوینە ناو پارادایمی زانست و ژینگەدۆستی، ئیتر نە ترس و جەهلەکە پاساوی ماوە، نە ئاژەڵیش لە پێگە نزمەکەی پێشتردایە. بەڵکو ئێستا زانست خۆی بەشێکی باشی دڵنایی دابین ئەکاو ئەو سروشتەشی کە جاران مرۆڤ لێ ی ئەترساو لێی بووبوو بە خودا، ئێستا مرۆڤ زاڵە بەسەریداو ئەم بووە بە خودای ئەو. بەڵام هەر ئەم خودایە کە سروشتی داگیرو کاولکردوە، لە واقعیشدانەبێ، لە ڕەخنەو فکرو فەلسەفەدا، ئایدیای هاوڕێیەتی سروشتی بیناکردوەو خەریکە خۆی لە خوایەتی بخات لە بەرژەوەندی کۆی ژینگەکە.

- وەلێ کێشەکە ئەوەیە، دوو پارادایم ئاسان جێگۆڕکێ ناکەن، کاتێ ئارگۆمێنتی "قوربانی مرۆڤ" کۆتایی هاتووە، ڕەنگە هەزاران ساڵ دوای ئەوەش، مرۆڤ هەر بەرگری لێکردبێ و دەساودەسەکە خێراو ئاسان نەبووە لەگەڵ "قوربانی ئاژەڵ"دا! چونکە کە عەقڵ و ڕۆحی فەردی کارانەبوو، ئیتر مرۆڤ ناتوانێ هۆشیاربێ بە ڕۆحی گشتی و لەو کاتەشدا کە پارادایمەکە پێ ی نەماوە، مرۆڤ هەر بەرگری لێئەکاو درێژی ئەکاتەوە!

- ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ دەمارگیری و حەزی دەسەڵات و جەهلی زۆرینە، کە دنیایەك چین و بەرژەوەندی و ترس دروستئەکاو ئیتر گۆڕانکارییەکانیش هەر ڕووئەدەن، بەڵام زۆر بە خاویی. لێرەشەوە ئەکرێ بڵێین، مرۆڤ کائینێکی ژیری دواکەوتووە. "ژیرە" چونکە پێشئەکەوێ. "دواکەوتووە" چونکە هەمیشە پێشکەوتنەکانی لەکاتی خۆیدا ڕووناداو کاتێکی زیاتر ئەبات.

- بۆ کورتکردنەوەی ڕێگاکەش، پێویستە مرۆڤ دۆگماو دەمارگیرییەکانی کەمبکاتەوە، بۆئەوەی گەشەو پێشکەوتنەکانی خێراتر ببێ. مەبەستیشم ئەوەنیە کە "خێرایی"، خۆی لەخۆیدا فەزیلەت و شتێکی باشبێ و ئیتر مرۆڤ بکەوێتە ڕاکەڕاک بەدوای مۆدێلەکانی بازاڕو ئایفۆندا.. بەڵکو مەبەستەکە، خراپی خاوی و کاتکوشتنی حەزاریی و وەستانە لە دۆگمادا.

- جوانی زانستیش هەر ئەوەیە کە دۆگماو دەمارگیر نیەو ئەوەی ئیمڕۆ دەستی پێوەئەگرێ، ئاسانە سبەینێ دەستی لێبەردا، کە ئەمە بۆ عەقڵی ئەفسانەیی قورسەو تەنانەت بۆ عەقڵی فەلسەفییش ئاسان نیە، بەڵام بۆ عەقڵی زانستی ئاسانترەو ئا لێرەوەیە کە لە پارادایمی زانستدا، گۆڕانکارییەکان خێران و سەدەیەکی ئێستا، بەقەت هەزارەیەکی پێشوو گۆڕانی تێدا ڕووئەدا، چونکە ئیتر مرۆڤ شتێکی داهێنا، کە دەمارگیر نیە!

- ئاگاداربە، گۆرانکارییەکانیش تەنیا تەکنیکی نین، بەڵکو عەقڵ و ئەخلاق و ئازادی و کۆی دنیابینی ئینسان گەشە ئەکات، چونکە ئەوانەش هەر لەناو دەمارخاوییدا گەشە ئەکەن و لە هەر لایەکەوە دەمارگیری پاشەکشێ بکات، کاریگەری لەسەر کۆی وێنەکە دائەنێ. یەعنی کاتێ زانست پێشئەکەوێ، تەنیا ئامێری هەڵمی لە دایک نابێ، بەڵکو جاڕنامەی مافی مرۆڤیش!

- کاتێکیش ڕیفۆرمی ئایین و کرانەوەی فکری ڕووئەدا، مرۆڤ تەنیا عەقڵی ناکرێتەوە، بەڵکو دەسیشی ئەکرێتەوەو کارگەو پیشەسازی دروست ئەبێ.. یەعنی زانست، تەنیا دەسکاری زانستی پێش خۆی ناکات، بەڵکو دەسکاری فکرو پرسیارەکانیش ئەکاو فکریش تەنیا دەسکاری تیۆر ناکا، بەڵکو واقعی مادییش ئەجوڵێنێ. ئیتر حەرەکەی مێژووش، نە مارکسییەو نە هیگڵی، بەڵکو هەردوکیەتی و جارێک فکر واقع ئەجوڵێنێ و جارێک واقع فکر ئەجوڵێنێ و شتەکە چووە بەناویەکدا.

- کێشەکە ئەوەیە مرۆڤ "دڵنیایی"ٚ بۆ گرنگترە لە زانین، لەسەر جەهلێک بخەوێ، پێ ی خۆشترە لەوەی کە زانستێک خەبەری بکاتەوەو دڵنیاییەکەی بشێوێنێ. دەجالەکانیش نانی ئەو حەزی دڵنیاییە ئەخۆن و لە درزی تەمبەڵیمانەوە دێنە ژوورەوەو دڵنیایی درۆزنمان ئەدەنێ. دڵنیایی درۆزنیش ئەوەیە کە بێ بنەمایەو ئیتر لە باسی بنەما ئەترسێ و ئا لێرەدا (جەهل و ترس) هەمیشە پێکەوەن و هێز لە یەکتری وەرئەگرن. لەکاتێکا دڵنیایی ڕاستەقینە، جورئەتی قەلەقی و هیممەتی گەڕانە بەدوای بنەمادا، چونکە ئەزانێ دڵنیایی ڕاستەقینە، تەنیا لەسەر بنەمای ڕاستەقینە دائەمەزرێ و نابێ ژێری بۆش بێت!

- ئایین جەهل نیە، چونکە "بوون" ڕەهایەو لەناو بوارە کراوەکەی ڕەهاشدا، زانست کەشفی خۆی ئەکاو چەنێک بگاتە زانراو، هێشتا نەزانراوێک هەر هەیە بەشی ئایین. ئەو نەزانراوە خاڵی هاوبەشی هەردوکیانەو لەلایەك زانست هانئەدا بۆ جوڵەو کەشفی زیاتر، لەلایەکیش مەساحەیەک ئەمێنێتەوە بۆ مەعنەویەت و ماناسازیی.

- دیالەکتیکی نێوان ئایین و زانست، وەکو تۆم و جیرییەکەی ناو ئەلکترۆن و فیزیای کوانتەم وایە، ئەوەی کە شتەکە ناگیرێ و جارێک وەکو مادە دەرئەکەوێ و جارێک وەکو وزە.. دیوێکی بوونیش خۆی بۆ زانست و ماتریالیزم دەرئەخاو دیوێکیشی بۆ ئاین و ئایدیالیزم. "بوون" ناگیرێ و ئەگەر لە زانستدا بیگریت، لەولاوە ئایین فیچقە ئەکاو ئەگەر لە ئاییندا بیگریت، لەولاوە زانست زمانت لێ دەرئەهێنێ!

- یەعنی (بوون) چونکە ڕەهایە، ئیتر لەلایەک بواری کشانی زانست و زانینی "دیار" دروستئەکاو لەلایەکیش دەریایەک ئەهێڵێتەوە بۆ مەلەی ڕۆحانی و فەلسەفی و ئەدەبی لە "نادیار"داو بەمجۆرە هەردو بوارەکەی زانین ئەکشێ.

- جا ئایین لەوێدا کێشەنیە کە نەزانراوێک ماوەو مەلەی خۆی تیدا ئەکات، ئایین لەوێدا کیشەو جەهل و خورافەیە، کە قسە لە زانراوەکەدا ئەکاو خۆی لێئەبێ بە زانست و ئیتر هەردو مەجالەکەی زانین تەسک ئەکاتەوە.

- ئەو داکشانە حەزارییەش کە لەم ناوچەیدا ڕوویداوە، هەر ئەوەیە کە ئایین لە ڕێگەی عەقڵی فیقهییەوە، مەساحەی نادیاری جێهێشتووەو ئیتر گەشەی عیرفانی و ڕۆحی و فەلسەفی وەستاوە، هاتۆتە ناوچەی دیارو لێرەش دەسی زانستی گرتووەو ئەمیشی وەستاندوە! یەعنی هێزی بیرو بازوو، یاخود هێزی تیۆر و کردار، هەردوکی وەستاندوەو ئیتر چەقێنی حەزاری و کونەڕەشەکانی مێژوو ڕوویداوە!




ماویەتی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق