نێچیرڤان بارزانی هێزی پاڵپشتی بیرکەرەوەکان، مستەفا زەڵمی بەنموونە

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی
-
لە مێژووی گەلاندا ئەو بیرمەند و خاوەن پرۆژەی نوێگەری و ڕیفۆرم خواز و تازەگەرانەی ناو مێژوو بەبێ پاڵپشتی هێزێک یان کارەکتەرێکی بەهێز نەتوانراوە بیرۆکە و پرۆژەکانیان بکرێتە کردار لەسەر ئاستی گشتی و لەوێوە داخرانە مێژووییەکان بکاتەوە و واقیع شەن و کەو بکات و بیکاتە خاڵی وەرچەرخانی فیکری و سیاسی لەمێژووی نەتەوەکاندا.

نمونەی جیاجیا هەیە کە میرێک یان سەردارێک یان پاشایەک لە پشت ئەو پرۆژە گەورە فیکرییانەوە بوون، ئێستاش لەجیهانداو لە وڵاتانی پێشکەوتوو حکومەتەکان لە پشت پرۆژەی بیرمەندەکانیانەوەن. لە دوێنێ و ئەمڕۆی کورددا نمونەی ئەو کەسایەتیە نوێخواز و بیرکەرەوە گەورانە هەیە (مەولانا خالد و مستەفا زەڵمی) دوو نمونەی جوانن لە دوو سەردەمی جیاوازدا، دەکرا بکرێنە خاڵی دەسپێکێکی نوێ لە ڕووی سیاسی و فیکری و ئاینییەوە، وەک مۆرکێکی کوردی مەولانا تەریقەتی بوو و کاری بۆ کرانەوەی ئاین و بیری بۆ دروستکردنی دەوڵەت دەچوو. ئەگەر ئەو سەردەمە مەولانا هێزێک لەپشتی بوایە ڕێگایەکی جیاواز و سەربەخۆی ئاینی بۆ کورد دیاری دەکرد وەک نەتەوەکانی دەوروبەرمان، کە ڕێبازی ئاینی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەمەش بوەتە هۆی بەرهەمێنانی ناسیۆنالیزم و یەکگرتوویی نەتەوەییان، بەڵام نە کورد و نە مەولانا بەخت یاوەریان نەبوو!

لە سەردەمی نوێدا مستەفا زەڵمی دەردەکەوێت وەک کەسێکی مۆدێرن کاری بۆ چاکسازی لەئایندا دەکرد و خوێندنەوەی نوێی هەبوو بۆ کایە جیاجیاکانی نێو ئیسلام، لەم ڕێگایەدا هەوڵی زۆریدا بۆ تێگەیشتنی زیاتر و دەسکەوتنی سەرچاوەی زانستی زیاتر لە بەرامبەردا ڕووبەڕوی زۆر کێشەو گرفت و ژیانی سەخت بوەتەوە لەسەر دەمی نوێدا و لەناو کورددا کەس وەک زەڵمی بەو کراوەییە ئەقڵانییە تێڕامانی خۆی نەبووە.

زەڵمی لەبیرەوەرییەکانیدا بەناوی (کاروانی ژیانم ) دەڵێ: ڕۆژی ۸ ، ۷ ، ۲٠٠۷ لە تەک دایکی مەحەمەد لەبەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین بۆ بەشداری لەکۆنگرەی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی لەهەولێر، وتاری دوو ڕۆژ بۆ من دانرا بوو. دواتر پێیان ڕاگەیاندم وتارەکە چڕکەمەوە لەبەرئەوەی کاتژمێر (۱۲) لە ئەنجومەنی وەزیران چاوەڕێت دەکەن، کە چومە ئەنجومەنی وەزیران وتیان سەرۆک وەزیران داوای کردوە بەتەنها بچیت بۆ ماڵیان و میوانی جەنابیانن، کە گەشتمە ماڵیان کاک نێچیرڤان پێشوازییەکی زۆرشایستەی لێکردم. یەکەم جار بوو بیبینم وەک هاوڕێیەکی خۆشەویستی خۆی پێشوازی لێکردم و چەند پرسیارێکی لێکردم دوای ئەوەی وەڵامم دایەوە وتی ئێمە پێویستمان بە تۆیە بۆ فەتوا و بۆ ڕاوێژکاری یاسایی، لەبەر ئەوە داوات لێ دەکەم مەگەڕێرەوە بۆ بەغدا لێرە هەموو پێداویستییەکانت بۆ دابین دەکەم. منیش داواکەیم زۆر پێخۆش بوو لەبەر ئەوە ئاواتم بوو ڕۆژێک بەر لەمردنم بگەڕێمەوە کوردستان و خزمەتی نەتەوەکەی خۆم بکەم، ئیتر ئەوەی پێویست بوو بۆ هاتنەوەم سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد و جێبەجێیان کرد هەر پێویستیەکیشم هەبوایە لە ڕێگای (د .نوری تاڵەبانی، د. موسڵح مستەفا و حاجی یوسف) داوام دەکرد، ئەوانیش دەیانگەیاندە نێچیرڤان بارزانی و دەسبەجێ جێبەجێ دەکرا.

لێرەوە دەکرێ بۆ مێژوو بڵێین نێچیرڤان بارزانی وەک دەوڵەتمەدارێک لە خەمی نوێگەری و پاڵپشتی بیرمەندەکان بووە. بۆیە هەموو پشتگیرییەکی مستەفا زەڵمی کردووە لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە.

نێچیرڤان لە ڕیزی ئەو سەرکردە جیهانیانەدایە کە لە خەمی فیکرن و خزمەتیان بە بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی نەتەوەکانیان کردووە. ئەم هاریکارییەی سەرۆک نێچیرڤان لەو کاتەدا بۆ مستەفا زەڵمی ڕزگارکردنی بووە لە دۆخی نالەباری ژیان و چاپکردنی بەرهەمەکانی بۆی کەلە ۲٦ بەرگدا کۆکراوەتەوە لە بوارە جیاجیاکانی (ئاین، یاسا و شەرعدا) بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە دەکرێ بیکەنە ڕێچکەیەک بۆ میانڕەوی ئاینی لەوانە: ( فەلەسەفەی بەر پرسیارییەتی، فەلەسەفەی شەریعەت، فەلسەفەی یاسا، هاوسەرگیری و تەڵاق، مافی ئازادی لەقورئاندا و نەسخ لەقورئاندا).

ئەم هاوکاری و پاڵپشتییەی سەرۆک نێچیرڤان بۆ مستەفا زەڵمی سەلمێنەری ئەوەیە هەر ڕۆشنبیرێکی کورد گەورە بیربکاتەوە داهێنانی هەبێ بۆ خزمەتی چاکەی گشتی و وەک هەر سەرکردەیەکی جیهانی کە پاڵپشتی بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی خۆیان دەکەن، سەرۆک نێچیرڤان هەمان کار دەکات و لە دوێنێشدا درێغی نەکردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif