ئاماژەکانی نائومێدبوونی ئەمریکا لە دۆخی سیاسیی عێراق

ليست هناك تعليقات



د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
-
ناڕەزایەتییەکانی تشرینی ٢٠١٩ لە ڕوانگەی زۆرێک لە چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق، سەرەتای قۆناغیکی نوێ بوون لە سیسته‌می سیاسیی عێراق، بەتایبەت لە هەڵتەکاندنی شەرعییەتی نوخبەی سیاسیی تەقلیدی؛ واتە نوخبەی حوکـمڕانیی حزبە ئیسلامییەکانی نزیک لە ئێران کە لە دوای ٢٠٠٣ بە هاوکاریی ئەمریکییەکان دەرفەتی هاتنەسەر دەسەڵاتییان بۆ ڕەخسا. یەکێک لە پەیامە هەرە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین، دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران بوو لە عێراق، کە دواجار گەیشتە سووتاندنی كونسوڵگەریی ئێران لە نەجەف. ناڕەزایەتییەکانی تشرین لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، حکوومەتی "عادل عەبدولمەهدی"یان ناچار کرد بەوەی کە دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئەگەرچی ناڕەزایەتییەکانی تشرین خۆڕسک بوون و هیچ لایەنێکی سیاسی و وڵاتانی هەرێمییش لە پشتی نەبوون، بەڵام لە ڕاستیدا جێگه‌ی خۆشحاڵی و ئومێدی بەشێک لە وڵاتانی هەرێمی (وەک وڵاتانی کەنداو، میسر و ئوردن) و ئەمریکا و ئەوروپییەکانیش بوون. خودی حکوومەتەکەی کازمی، بە جۆرێک لە جۆرەکان گوزارشت بوو لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی نوخبەیەکی نوێ کە دەیانەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانیی وڵات بگۆڕن؛ واتا هاوشێوەی سەرەتای قۆناغیکی نوێ، بە ئامانجی ئەوەی کە عێراق بگەڕێنیتەوە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە؛ هەروەها عێراق بتوانێت پێگەیەکی هەرێمیی تایبەت بە خۆی هەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە، لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمریکایش پشتگیرییه‌کی باشی مستەفا کازمی دەکرا. لە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی زۆری خەڵک و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان وەک فریادڕەسێک سەیری کازمییان دەکرد.

هەر لەم سۆنگەیەوە لە ئابی ٢٠٢١ ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، هەڵمەتێکی دیپلۆماسیی دەست پێ کرد بە ناوی پاڵپشتیکردنی سەروەریی عێراق؛ وەک بەرسڤێک بۆ ڕێگرتن لە دەستوەردانی هەرێمی لە عێراقدا. لە هەمان مانگدا فەڕەنسا پشتگیریی کازمیی کرد لە ئەنجامدانی لووتکەی دراوسێکانی عێراق کە لە ٢٨ی مانگی ئابی ٢٠٢١ لە بەغدا ئەنجام درا بە ئامادەبوونی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی دراوسێی عێراق و نوێنەرایەتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی. ئەم چالاکییە دیپلۆماسییە هەنگاوێکی تازە بوو لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق و کەسایەتیی دیپلۆماسیی عێراق وەک ئەکتەرێکی هەرێمی کە لە ڕوانگەی زۆرێک لە ئێمە بە مەرامی دەستگرتن و هەستاندنەوەی عێراق بوو کە ڕۆڵێکی سیاسیی سەربەخۆی هەبێت لە ناوچەکە و، بتوانێت وەک ئەکتەرێکی هەرێمییش هاوسەنگیی هێز بپارێزێت و لە چوارچێوەی ئەوەی ئێران ناوی ناوە بەرەی مقاوەمە (resistance front)، دەرچێت؛ هەروەها چیتر وەک ئامرازێک بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە و دژی نەیارانی ئێران بەکار نەهێنرێت.

هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی تشرینی ٢٠٢١یش هەر ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نوێیە بوو، کە لایەنگرانی ئێران و نوخبەی کلاسیکی، پێگەی سیاسیی جارانیان لەدەست دا. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی تشرین، "موقتەدا سەدر" ئەم دۆخە نوێیەی بەدرفەت زانی و، هەوڵی دا وەبەرهێنانی سیاسی لەو قۆناغەدا بکات. سەرەتای ئەم هەوڵەیش بریتی بوو لە گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی و دروستکردنی حکوومەتێک لەسەر بنەمای زۆرینەی سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بە ڕەچاوکردنی هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق؛ واتا شیعە، کورد و سوننە. بەڵام گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران توانییان ڕێگری لەو هەوڵانەی موقتەدا سەدر بکەن، کە کۆتایی بە نوخبەی سیاسیی کۆن و بەتایبەتیش لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت؛ تا دواجار سەدر گەیشتە ئەوپەڕی نائومێدی و بڕیاری دا لە پەرلەمان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بکشێتەوە. هەڵبەتە ئەوەی موقتەدا سەدر دەیویست بیکات، کۆتاییهێنان بوو بە قۆناغی دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر هەمووانەوە. ئەم قۆناغە، وەک لە سەرەتایشدا ئاماژەم پێ دا، هەرچەندە پاڵپشتیی کرداری و ڕاستەوخۆی نەبوو، بەڵام وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییش پشتیوانی بوون.

ئێستا دۆخی عێراق بە جۆرێک گەیشتۆتە بنبەست، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی بشتوانن حکوومەت پێک بهێنن، بەڵام ئەستەمە ئەم حکوومەتە چوار ساڵی تەمەنی بخایەنێت. تاکە فاکتەرێک کە بتوانێ تەمەنی ئەم حکوومەتە درێژ بکات، بەرزیی نرخی نەوتە لە ئێستادا؛ بەڵام ئەمە هەرگیز بەردەوام نابێت. ئەمە جگە لەوەی سەدرییەکان ئەوەندە بێباک نین کە ترۆپکی دەسەڵات و سامان و داهاتی حکوومەت بۆ نەیارەکانیان جێ بهێڵن و لێ گەڕێن لە نێوان خۆیاندا بەئاسانی بیبەشنەوە.

لەبەر ڕۆشناییی ئەو دۆخەی کە باسمان کرد، ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیشتوونەتە قۆناغی نائومێدبوون لەو دۆخەی ئێستای عێراق. ئەم نائومێدییانەیش لەم دوایییەدا لە چەند ئاماژەیەکدا دەردەکەون. لە ٣ی ئەم مانگەدا (حوزەیران) باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. باربارا لیف "جەختی لە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز وەکوو بەشێک لە عێراقێکی یەکگرتوو، خۆشگوزەران و دیموکراسی کردەوە." لە مانگی ئاداریشدا دیسان سەرۆک بایدن جەختی لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەم پاڵپشتییەی ئەمریکا لە ڕاستیدا گوزارشت لە نیگەرانیی ئەمریکا دەکات لەو گوشارانەی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران لە ڕێگه‌ی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاکان لە هەرێمی کوردستانی دەکەن. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیشتوونەتە جۆرێک لە نائومێدبوون لە دۆخی عێراق؛ بە جۆرێک کە لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنەکانیش ناتوانن پرۆسەی سیاسیی عێراق لە چنگی ئێران ڕزگار بکەن. سەردانی ئەم دوایییەی سیناتۆری ئەمریکی "‏لیندزی گراهام" و شاندێكى ياوه‌رى بۆ هەرێمی کوردستان، دیسان گوزارشت بوو لەو نیگەرانییەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنج بوو، لیندزی گراهام لە سەردانەکەی بۆ بەغدا ئاماژەی بە چەند شتێکی سەرنجڕاکێش کرد و گوتی: "لە عێراقدا گەندەڵی گەیشتۆتە ئاستێک کە جێگه‌ی قبووڵ نییە." لیندزی گراهام گوتیشی کە لە گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریکا، کار دەکات بۆ دروستکردنی سیسته‌مێک بۆ بەدواداچوون و چاودێریی گەندەڵی لە عێراقدا، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ ڕووسیای دەیکەن. "سیسته‌می دادوەریی ئەمریکا بەوردی بەدواداچوون بۆ مولک و ماڵی ئۆلیگارشە ڕووسەکان دەکات؛ ئێمە سیستەمێکی هاوشێوەمان پێویستە بۆ ئەو هەرێمە. ڕۆژی دزینی قوتی خەڵک، دەبێ کۆتایی بێت." ئەمە لە ڕاستیدا گوزارشت لەوە دەکات کە ئیتر ئەمریکا دەستەوەستان نابێت لەوەی کە لە عێراقدا دەگوزەرێت، بەتایبەت ئەوەی کەسایەتی و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەیکەن، چونکە هێزەکانی نزیک لە ئێران ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەکان گورزیان بەرکەوت، بەڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت تا ئیستایش توانیویانە پڕۆسەی سیاسی لە بەرژەوەندیی خۆیان لە عێراق پەک بخەن؛ ئێستا چەند هەنگاوێك ماوه‌، ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانیدا بگرن. ئەمە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، واتا گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا؛ واتا پاشەکشه‌کردن بۆ پێش ناڕەزایەتییەکانی تشرین. پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ڕاستیدا شتێک نییە جگە لە شکستێکی گەورە بۆ هێزە سەربەخۆکانی عێراق و نەیارانی ئێران و ئەمریکا و ئەوروپا. قسەکانی فایەق شێخ عەلی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە کەناڵی دجلە کە گوتی، ئەو دۆخەی عێراق چیتر بەو شێوەیە نابێت و دواجار هێزێکی باڵاده‌ست و گه‌وره‌‌ دێت و بە زەبری هێز دەیگۆڕێت، هەر دەچێتە ئەم خانەیەوە کە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی گەیشتۆتە قۆناغی نائومێدبوون لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا و، لەوانەیە چیتر بەرگەی ئەو چاوەڕوانییە نەگرێت و بیر لە میکانزمێک بکاتەوە بۆ گۆڕینی.

عێراق ساڵ بە ساڵ بە قۆناغی لەدەستدانی شەرعییەتی دەسەڵاتدا تێ دەپەڕێت. بەپێی ڕاپرسییه‌ک لە عێراقدا کە لە بەهاری ئەمساڵدا (٢٠٢١) کراوە، تەنیا ١٤٪ی سوننەکان و ١١٪ی شیعەکان و ٣١٪ی کورد پێیان وایە کە، لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنه‌وه‌ دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی متمانە بە پرۆسەی سیاسی لە تەواوی عێراقدا. لە دوای ٢٠٠٣ ئەمە یەکەم جارە نائومێدیی خەڵک، بەتایبەتییش شیعە و کورد دەگاتە ئەم ئاستە؛ واتە بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی گۆڕانی سیاسی لە ڕێگه‌ی توندوتیژیی سیاسی و هەڵکوتانە سەر دامودەزگه‌کانی حکوومەت، کە چەند جارێک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بینیومانە. بەداخەوە هەڵبژاردنی مانگی ١٠ی ٢٠٢١، لە بری ئەوەی سەقامگیری و شەرعییەتی سیاسی ببەخشێته‌ پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، خەریکە دەبێتە کردنەوەی دەرگه‌یەک بەسەر ناسەقامگیری و توندوتیژیی سیاسی، بەتایبەت لەناو شیعەکاندا؛ بەتایبەتیش ئەو لایەنانەی کە میلیشیا و هێزی سیاسییان هەیە و لە بەرەی مانەوەی هەژموونی ئێرانن لە عێراقدا، لە بەرامبەر هێزێکی تری شیعەکان کە سەدر و چەند هێزێکی دیكه‌ی مەدەنی و بەشێکی شەقامی عێراق و بەتایبەتیش شەقامی شیعە پاڵپشتیی دەکەن و ئەگەری زۆرە دواجار لەگەڵ سەدرییەکان بکەونە یەک بەرەوە.

لە هەمان ڕاپرسیدا دەردەکەوێت کە متمانە نەک تەنیا بە حکوومەت، بەڵکوو بە تەواوی نوخبەی سیاسیی پڕۆسەی سیاسییش لە عێراقدا، لەوپەڕی نزمیدایە. ئەوەی لەم ڕاپرسییەدا سەرنجڕاکێشه‌، بۆ یەکەم جار شیعەکان کەمترین متمانەیان بە نوخبەی ئێستای سیاسیی خۆیان هەیە کە ٣٩٪یە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو مەترسییان لە خودی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش هەیە؛ تا ئەو ئاستەی لە چوار کەسی شیعە، سێ کەسیان پێیان وایە کە هەڵبژاردنی ئەم جارە کێشەی ئاسایشی و سیاسی لە ناوچەکانیان دروست دەکات. بە پشتبەستن بە چەند ڕاپرسییەکی باوەڕپێکراو کە "دەزگه‌ی گالوپ" ئەمساڵ ئەنجامی داوە، "نوخبەی سیاسی- ئایینی" کە تا ئێستایش لە پڕۆسه‌ی سیاسیدا بەهێزترینن، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی سیاسی و ئایینییان لە دابەزیندایە؛ بە جۆرێک تەنیا ٣٨٪ی خەڵک لە عێراقدا متمانەی بە دامەزراوه‌ ئایینییەکان ماوە. ئێستا ٩٠٪ی عێراقییەکان دەیانەوێت ئەو فۆڕمە سیاسییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی لەسەر دامەزراوە، نەمێنێت. پرسێکی تر کە دیسان گومان دەخاتە سەر کاریگەریی هەڵبژاردن و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابوورییشدا، پەیوەستە بە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کە ساڵ بە ساڵ لە داکشاندایە.

ئەمەیش گومانێکی لای خەڵک دروست کردووە- کە لە ڕووی زانستی سیاسییشەوە پشتڕاست کراوەتەوە- کە نەبوونی متمانە و کەمیی بەشداریکردنی هاووڵاتیان پرسیار لەسەر شەرعییەتی سیاسی دروست دەکات؛ نەبوونی شەرعییەتیش هۆکارێکە بۆ پەنابردنە بەر میکانیزمی ناڕەزایی، دواتریش بەکارهێنانی توندوتیژی دژی دەسەڵات. ئەمەیش لە ئێستادا لە عێراق ئامادەییی هەیە، بۆ نموونە ٦٠٪ی عێراقییەکان پێیان وایە کە دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتیش، ڕاپەڕین و ناڕەزایییەکانی هاوشێوەی ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩ دووبارە دەبنەوە؛ کەچی لە پارێزگاکانی باشووردا، واتە زۆرینە شیعەکان، ئەو ڕێژەیە بۆ ٧٠٪یش به‌رز ده‌بێته‌وه‌. ئەمەیش گومانی زۆر ده‌خاته‌ سەر سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەت. ئەمەیش وای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق پشتگیری لە بوونی سەرکردیەکی بەهێز بکەن، ته‌نانه‌ت ئەگەر دیکتاتۆریش بێت. بەپێی ڕاپرسییەک کە تۆڕی بارۆمیتری عەرەبی بۆ توێژینەوە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامی داوە، زۆربەی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەن کە دیموکراسی نەبۆتە هۆی سەقامگیریی ئابووری و خۆشگوزەرانی. لە پرسیارێکی تردا کە "ئایا هاوڕایت کە وڵات پێویستی بە سەرکردەیەکی بەهێزە کە یاساکانیش پێشێل بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە باڵاکان؟"، لە وەڵامدا ٨٧٪ی عێراقییەکان بە "بەڵێ" بەرسڤیان داوەتەوە. ئەمە لە ڕاستیدا پاشەکشێیەکی مەترسیدارە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا و پێشبینیی ئەگەری مەترسیداریشی لێ دەکرێت. کە دوور نییە دواجار بە ئاڕاستەی کودەتایش کۆتایی بێت.

پرسی هەڵاوسانی گەنجان و پەنابردنە بەر توندوتیژی، فاکتەرێکی ترە کە ئەگەری ناسەقامگیری لە عێراقدا زۆرتر دەکات؛ بۆ نموونە ڕێژەی بێکاری لە ئێستادا نزیکەی لە ٣٠٪یە، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەم ڕێژەیە ٢٠٪ بووە. واتا نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە عێراقدا لە ئاستی هەژاریدان. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسە، واتە دووئەوەندی ٢٥ ساڵ پێش ئێستا. ئەمە دەری دەخات کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە هەڵکشانێکی زۆر خێرادایە کە هەر ٢٥ ساڵێک ژمارەی دانیشتووانی دووئەوەندە زیاد دەکات؛ بە جۆرێک ئەگەر ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووانی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، کە بەرزترینە بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە بەدەست چەندان کێشەی تری سیاسی و ئابووری و ژینگەیییه‌وه‌ دەناڵێنێت. ئەم زیادکردنە خێرایەی دانیشتووان، بەردەوام گوشاری زیاتر لەسەر حکوومەت دروست دەکات؛ بە جۆریک کە دەبێت هەر ساڵێک نزیکەی یەک ملیۆن دەرفەتی کار بڕەخسێنێت. ئەمەیش زۆر ئەستەمە ڕوو بدات چونکە حکوومەتی عێراق ئەو توانایەی نییە. لە ئێستادا بەپێی یاسای بوودجەی ئەمساڵ، نزیکەی ٣ ملیۆن کەس فەرمانبەری بەردەوامن (نەک گرێبەست)، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ژمارەیە هێشتا زیاد دەکات. بە قسەی حاکم زاملی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان (کە ئێستا دەستی لەکار کێشاوەتەوە)، ١١ ملیۆن کەس ساڵانە مووچە لە دەوڵەت وەرده‌گرن کە لەنێویاندا ٤ ملیۆنیان خانەنشین و، هەروەها ٤،١ ملیۆن خێزانیش هاوکاریی وەرزی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن؛ ئەمە جگە لە هەزارن کەس کە کرێکاری گرێبەستن و بە کرێیەکی ڕۆژانە لە زۆربەی وەزارەتەکان کار دەکەن.

لەگەل ئەوەیشدا، نزیکەی یەک ملیۆن خێزانیش لە داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، کە چاوەڕێی هاوکاری و کۆمەکی مانگانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەکەن. واتا ٧٠٪ی بوودجەی عێراق بۆ مووچە دەڕوات؛ کەچی بارودۆخی حکوومەتی ئێستای عێراق هەرگیز لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا دروست بکات. لە ئێستادا ساڵانە ٧٠٠،٠٠٠ گەنج دێنە ناو بازاڕی کار و داوای کار لە حکوومەت دەکەن؛ ئەمە بێجگە لەوەی کە ٣٠٠ هەزار کەس ساڵانە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگه‌کان تەواو دەکەن و دێنە بازاڕی کارەوە. ئەم قەبارە زۆرەی بێکاری و بەرامبەر ئەو هەڵاوسانەی کە لە ڕێژەی گەنجاندا هەیە، هەمیشە سەرچاوەیەکن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان، چونکە دامەزرەوەکانی حکوومەتی عێراق توانایەکی زۆر سنوورداریان هەیە بۆ پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتایییانە؛ لە هەموویشی گرنگتر دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبایە بۆ شارەکان، بەتایبەتیش لە مانگەکانی هاویندا. ئەم فاکتەرانە لە ڕاستیدا هەموویان ڕۆڵیان هەبوو لە سەرهەڵدانی ناڕەزایییه‌کانی تشرین. سەرچاوی بنەڕەتیی سەرهەڵدانی ناڕەزایییەکانی تشرین، دەگەڕێتەوە بۆ بێتواناییی حکوومەت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان. بێتواناییی حکوومەت وای کرد، گرژی و پێکدادان لە نێوان حکوومەت و خۆپیشاندەران دروست ببێت، کە دواجار بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی و دابەزینی متمانە بە حکوومەت و نوخبەی سیاسی بۆ ئەوپەڕی، لە مێژووی دوای ٢٠٠٣ی عێراقدا. ئەو فاکتەرانەی کە ناڕەزایییەکانی تشرینی لێ کەوتەوە، ئێستا بە زیادەوەیش ئامادەن و چارەسەر نەکراون. ئەمەیش ئەگەرێکی کراوە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا دێنێتە کایەوە کە ململانێی هێزە سیاسییەکانیشی تێکەڵ بێت.

لە ساڵی ٢٠٢١ وەزارەتی پلاندانانی عێراق و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ڕاپرسییەکیان لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام داوە، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە تێکڕای بێکاری لە نێوان گەنجاندا (لە تەمەنی ١٥-٢٤ ساڵیدا) (٣٥،٨٪)ه‌؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ٣٦،٧٪ی گەنجانی عێراق نەچوونەتە بەر خوێندن و پەروەردەوە و هیچ خولێکی پەروەردەییشیان نەبینیوە. ئەو دانشیتووانەی کە لە ١٥ ساڵ بەسەرەوەن و هێزی کارن، ڕێژەی ٦٣٪ی دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن. ئەم ئامارانە ئاماری مەترسیدارن بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە ڕێژەی بێکاری لە نێوان گەنجانیدا (٣٥،٨٪)ه‌. ئەمە وا دەکات ئەگەری ناسەقامگیری و توندوتیژیی سیاسی، هەمیشە ئەگەرێکی کراوە بێت، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە عێراق پڕیەتی لە کێشە و ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی.

هەرێمی کوردستان چ بکات؟ 

هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە شەپۆلێکی نەهامەتیی خراپ بەڕێوەیە لە عێراقدا؛ ئەگەر نەتوانین خۆمان بەهێز بکەین، ئەستەمە بتوانین بمێنینەوە. ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، بنیاتنانی حکوومەتێکە کە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و حوکمی یاسا کار بکات؛ واتا بەهێزکردنی دامەزراوە سیاسی و یاسایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وابەستە نەبن بە کەس و حزبێک کە بتوانێت بە گۆڕانی میزاج و بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی بیانسووڕێنێت. ئێستا دەرفەتە بۆ هەرێمی کوردستان کە سوود لە گرانیی نرخی نەوت ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ بەغدا لەسەر پێ بوەستێت. لەم نێوەدا بوونی سیاسەتێکی میانڕەوانە و هاوسەنگ گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ بە جۆرێک کە بتوانێت خۆی لەگەڵ نەهامەتی و کێشە سیاسییەکانی بەغدا بگونجێنێت و لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایییان بکاتەوە. ئەمەیش زیاتر بە هەماهەنگی و ڕێکكەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت؛ بەرژەوەندیی یەکێتی و پارتی زۆر لە پرسێکی وەک سەرۆککۆماری عێراق گەورەترە. ئەمریکا و بەشێک لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە لە هەرێم زیاتر قسەییان دەڕوات و هەرێم زیاتر دەتوانێت ئاسانکاری بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بکات. لە عێراقدا بڕیارێکی سیاسیی یەکگرتوو نییە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەڵکوو زیاتر وابەستەی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا. ئەمە بێجگە لەوەی ئەمریکا دەزانێت کە مانەوەی هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ هاوسەنگیی سیاسی لە عێراقدا و بەرگرتن لە حکوومەتێکی زۆرینە شیعە کە دیکتاتۆرێک بتوانێت بەڕێوەی ببات.


سەرچاوەکان:Asha Amirali (2019) The ‘Youth Bulge’ and Political Unrest in Iraq: A Political Economy Approach, Institute of Development Studies 11th November 2019. Available at <<https://opendocs.ids.ac.uk/opendocs/handle/20.500.12413/14815>>.
Munqith Dagher (25 May 2021) The Kadhimi government must move quickly if it wants to avoid a potential popular uprising among dissatisfied Shias in Iraq. Available at <https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/polls-show-increasing-dissatisfaction-will-young-shias-turn-tables-iraqs-political>.
Munqith Dagher (15 Jan 2021) Avoiding the Iranian Trap: Iraqi Shia Are not Loyal to Iran. Washington Institute. Available at <https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/avoiding-iranian-trap-iraqi-shia-are-not-loyal-iran>.
استطلاع: الرأي العام العربي يعتبر أن الأنظمة "الديمقراطية لم تف بالاستقرار الاقتصادي (2022). <<at/hjNPY>>.
سیناتۆر لیندسی گراهام سەردانی کوردستانی سووریای کرد (٢٠٢٢) <<https://bit.ly/3OV83vr>> .
منظمة العمل الدولية (١ يناير ٢٠١٩ - ٣١ ديسمبر ٢٠٢١). https://www.ilo.org/beirut/projects/WCMS_762487/lang--ar/index.htm>>.
رووداو (03-07-2022) ئەمریکا پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ نێچیرڤان بارزانی دەردەبڕێت. https://www.rudaw.net/sorani/world/030720228>>.
رووداو ( 05-07-2022) نێچیرڤان بارزانی: چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر - بەغدا کلیلی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکانی عێراقە << https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/050720228>>.
رووداو ( 06-07-2022) باڵیۆزخانەی ئەمریکا: لیندزی گراهام لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لە بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق کردەوە. << https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/060720222>>.











ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق