ساڵانە هەر تاکێکی ئەڵمانی زیاد لە دوو هەزار یۆرۆ بیمە دەدات

ليست هناك تعليقات

 


ئەڵمانەکان بەوە ناسراون کە زیاد لە پێویست بیمەیان هەیە، بەپێی ئامارەکانی دەزگەی بەکاربەر ساڵانە هەر تاکێکی ئەڵمانی زیاتر لە 2000 یۆرۆ بە بیمە دەدات.

بیمەی کۆمەڵایەتی هەیە کە لە رێگەی یاساوە دەستنیشان کراون، هەروەها بیمەی تایبەتیش هەیە. پێویستە هەموو کەسێک لە ئەڵمانیا بیمەی تەندروستی و بەرپرسیارێتی کەسی هەبێت، هەروەها بیمەی کەمئەندامی و بیمەی تەندروستی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات هەیە. 

بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی 55 ملیۆن کەس لە ئەڵمانیاوە گەشت دەکەن، ساڵی 2019ـدا 71 ملیۆن ئەڵمانی گەشتیان کردووە، ئەمساڵیش چاوەڕێدەکرا ساڵێک بێت ژمارەی پێوانەیی تێپەڕێندرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی کەمیی کارمەند لە فڕۆکەخانەکان و پەتای کۆرۆناوە رۆژانە بەشێک لە گەشتەکان هەڵدەوەشێننەوە. 

ئێڤا باوەر، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەڵمانیایە لەو بارەیەوە دەڵێت، "پێموایە ئێستا زۆر گرنگە بیمەی گەشتکردنت هەبێت، هەرچەندە مەترسیی زۆر هەیە، کۆرۆنا هێشتا تەواو نەبووە و تەواو نابێت بەم زووانە. هیچ ستافێکی زەمینیمان نییە لە فڕۆکەخانەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەس نازانێت گەشتەکە ئەنجام دەدرێت یان نا. لە هەندێک بارودۆخیشدا زۆر گران دەبێت ئەگەر بیمەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەت نەبێت." 

کارۆلین رێنشلەر، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانییە و دەڵێت، "بیمەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتم نییە، متمانەم هەیە هیچ کێشەیەک روونادات، کاتی بڕینی تیکت نەخێرم لێدا، رەنگە گرنگ بێت کە گەشت بۆ دەرەوە بکەین، لەوانەیە لەم کاتانەدا زۆر هەڵە رووبدەن و زۆر گەشت هەڵبوەشێنەوە، بەڵام زۆر گرانیشە." 

هەر گەشتیارێک ئەگەری تووشبوونی کێشەی ونبوونی جانتا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی هەیە. ئەلەند ئەڤدێل، گەنجێکی کوردی تەمەن 27 ساڵە و بەشی بیمەی لە ئەڵمانیا خوێندووە ماوەی حەوت ساڵە لەو بوارەدا کار دەکات و دەڵێت، "لە ئەڵمانیا چەندین جۆر بیمە هەیە و هەندێکیان ناچارین، وەک بیمەی تەندروستی." هەروەها دەشڵێت، "یەکێک لە گرنگترین بیمەکان بیمەی ئۆتۆمبێلە." 

لە ئەڵمانیا پێنج بیمەی گرنگ هەن کە ناچاریین و دەبێت هەموو کەسێک هەیبێت. ئەوانیش بیمەی تەندروستی، خانەنشینی، بێکاری، چاودێری کاتی پەککەوتوویی و رووداوەکان. بەرپرسیارێتی تایبەت، ئۆتۆمبێل و پاراستنی یاسایی بیمەی رووداوی تایبەتیش هەن.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق