عێراق لە بەردەم سێ ڕێگادا

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
لە ئێستا پەرلەمانی عێراق خاڵیە لەو پەرلەمانتارانەی کە زۆرینە بوون و سەر بە ڕەوتی سەدر بوون، چونکە لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراوی موقتەدا ئاسادا بڕیاری کشانەوە دراو و بە ڕێکاری پەرلەمانیش شوێنەکانیان پڕکرانەوە.

ڕکابەری سەرسەختی موقتەدا سەدر لە ئێستادا، نوری مالکیە، کە پێکەوە چەقبەستویی دۆخی سیاسی عێراقیان گەیاندە ئێرە،

کشانەوەی پەرلەمانتارەکانی موقتەدا سەدر گرێکەی بۆ نوری مالکی نەکردەوە بەڵکو خستیە ددان

چونکە باشترین ڕێگایەک بۆ مالکی ئەوەبوو کە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر ڕێککەوتنیان بکردایە و پێکبهاتنایە، واتە موقتەدا سەدر لە دەرەوەی پێکهێنانی حکومەت نەبوایە یان لانی کەم ڕەزامەندی لەسەر ئەو حکومەتە هەبوایە گەرچی بەشداریشی تێدا نەکردایە، بەلام لە ئێستادا کێشەکە بۆ ئیتاری تەنسیقی زۆر قورسە، نەک لەبەر ئەوەی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن بەڵکو لەبەر ئەوەی حکومەتیش پێکبێت نازانن چارەنوسی دەگات بە کوێ و دەبێت چاوەڕێی چی بکەن و سەدر چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حکومەتە دەکات؟

نەبوونی موقتەدا سەدر لە پەرلەمان گەورەترین گرفتی پرۆسەی سیاسی عێراق دەبێت، چونکە نەبوونی لە پەرلەمان بەمانای ئەوە دێت کە ئەو هێزەی زۆرینەی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا لە ئێستادا دەیەوێت مەیدانی ململانێ لە پەرلەمانەوە بگوازێتەوە بۆ شەقام، شەقامێک کە دەکرێت لە هەر تەوقیتێکدا دەرگای دۆزەخ بەسەر حکومەتدا بکاتەوە و هیچ حسابێکیش بۆ پەرلەمان نەکات، چونکە شەقام مەیدانێکی کۆنترۆڵ نەکراوی یەك جەمسەرە، بە پێچەوانەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کە چەندین رێگای مامەڵە کردن هەیە لەگەڵیان و ئاسانتر دەچنە ژێر فشارە بەهێزە دەرەکیەکانەوە.

کێشەی گەورەی سەدر ئەوەیە کە سەرچاوەی هێزی تەنها لە کورسی پەرلەمانیدا نیە، بەڵکو لە بوونیەتی وەک یەکێک لە ڕابەرە مەزهەبیەکانی عێراق بەتەنیشت پێگەی بەهێزی بنەماڵەیی و ڕابردووی پڕ لە سەرکێشی خۆی، هەر بۆیە لە پەرلەمانیشدا نەبێت نەپەراوێز دەخرێت و نە دەتوانرێت حساب بۆ ڕەئیەکانی نەکرێت لانیکەم لەم فەترە زەمەنیەدا دەکرێت بە یەکێک لە بڕیاردەرانی چارەنوسی عێراق ناوی بهێنرێت، ئەوەشی وایکردوە کە تاڕادەیەک دەستەوەستانبێت لە دۆخی عێراق ڕکابەرە نێوخۆییەکانی نین بەڵکو بوونی ئێرانە لە ململانێکاندا وەک تەرەف، هەربۆیە نە سەدر دەیەوێت بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە لەگەڵ ئێران و نە ئێرانیش دەیەوێت سەدر لەدەرەوەی هاوکێشەکە بێت، لەملاشەوە چارەسەری دۆخەکە قورسە بە هۆی ئەو ناکۆکیە ئێسقان شکێنەی لە ڕابردوودا لە نێوان مالکی و سەدردا هەبوە و بەردەوامە، کە لە راستیدا ئەوەی مالکی قبوڵ نیە موقتەدا سەدرە ئەگەرنا مالکی ئامادەی مامەڵەکردنە لەگەڵ سەدردا

عێراق لە بەردەم سێ ڕێگادایە

رێگای یەکەم

پێکهێنانی حکومەت لە لایەن ئیتاری تەنسیقی (نوری مالکی) بەبێ حساب کردن بۆ سەدر و رێککەوتن لەگەڵی، ئەمە لە خراپترین ڕێگایەکە کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی بۆ بەرێت و مالکی دەخاتە بەردەم شکستێکی حەتمی و عێراقیش ڕووبەڕووی نا سەقامگیری دەکاتەوە، چونکە حکومەتێک مالکی تێدا بڕیار بەدەستبێ و لەسەر بڕیاری ئەو پێکبهێنرێت، ئەوا لە زووترین وادەدا ڕووبەڕووی شەقامێکی سەدری ئاوێتە بە دەیان گروپی ناڕازی عێراق دەبێتەوە و شەقامەکان پڕ دەکەن لە نا، نایەک کە حکومەت ناچار بکات بە هەر شتێک کە بیانەوێت، ئەوکات ئەوەی دەبێتە فشار خەڵک و شەقامن نەک پەرلەمان، شەقامێک کە سەدر تیایدا بڕیاری کۆتایی دەدات و پەرلەمان لە پەراوێزدا دەبێت، چونکە ململانێکە دەکەوێتە نێوان شەقام و حکومەت و دوریش نیە عێراق بەرگەی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی فراوان نەگرێت و دۆخەکە بەتەواوی بگۆڕێت

ڕێگای دووەم

ڕێگایەکی هاوبەشە کە ئیتاری تەنسیقی تیایدا دوور دەبێت لە بڕیاری تاکلایەنە و بەجۆرێك کابینەکە پێکبێت کە سەدر ئۆکەی لەسەر بکات، بۆ نوری مالکی و ئیتاری تەنسیقیش ئەم ڕێگایە باشترینە، بۆ ئەوەی ئەو کابینەیەی کە پێکدێت تاڕادەیەکی باش زەمینەی سەرکەوتنی هەبێت، چونکە زەمینەی سەرکەوتنی کابینەیەک مالکی پێکی بهێنێ زۆر زەحمەتە، ئەگەرچی ئێرانیش لە پشتیوانی بەردەوام بێت، چونکە ئیرادەی شکستپێهێنانی بەهێزە،ڕاستە ئەم ئیرادەیە نەیتوانی سەرکەوتووبێ لەدروستکردنی کابینەی حکومەت، بەڵام بەپێچەوانەوە سەرکەوتوو دەبێت لە شکستپێهێنانی، بۆیە هەر لە سەرەتای پێکهێنانیدا دەبێت حساباتی وردی بۆ بکرێت و مالکی نەبێتە پاکێجێکی ئیستیفزازی بۆ سەدرو هاوسۆزەکانی

ڕێگای سێهەم

ئەم ڕێگایە رەنگە قورسترینبێ بۆ عێراق، ئەویش بەردەوامیدانە بەم دۆخە تا دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی نەخشەیەکیتر لە عێراق، بۆ ئەمەیان ڕەنگە زەمینەی سەرکەوتن لە بار نەبێت و عێراق بەرگەی تێپەڕبوون بە هەڵبژاردنێکیتردا نەگرێت بەم دۆخەی ئێستایەوە، هیچ زەمانێکیش نیە لە دوای هەڵبژاردنێکیتریش هێزەکان قبوڵی ئەنجامێک بکەن کە دووربێت لەم ئەنجامەی ئێستا بەدەستیان هێناوە بە تایبەت سەدر.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق