لە مانگی ئایاردا، چین رۆژانە ملیۆنێک و 980 هەزار بەرمیل نەوتی لە رووسیاوە هاوردە کردووە، بەوەش رووسیا لە هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە چووەتە پلەی یەکەم و پێش سعودیە کەوتووە.
بەپێی ئاماری رۆژی دووشەممەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی چین، هەناردەی نەوتی خاوی رووسیا بۆ چین لە مانگی ئایاردا 55% زیادیکردووە، بەوەش رووسیا لە هەناردەی نەوت بۆ چین پێش سعودیە کەوتووە و چووەتە پلەی یەکەم.
بەپێی ئامارەکان، هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ چین، لە مانگی ئایاردا 8 ملیۆن و 420 هەزار تۆن بووە، واتە ملیۆنێک و 980 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لە کاتێکدا لە مانگی نیساندا هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ چین ملیۆنێک و 590 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
لە کاتێکدا بەهۆی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و خاوبوونەوەی گەشەی ئابوورییەوە خواستی چین لەسەر نەوت دابەزیوە، بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەو وڵاتە، وەکو سینۆپێک و ژێنهوا کڕینی نەوتی رووسیایان زیادکردووە کە بە رێژەی 30% کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت.
هاوکات لە مانگی ئایاردا، هەناردەی نەوتی سعودیە بۆ چین بۆ ملیۆنێک و 840 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە. لە مانگی نیساندا هەناردەی نەوتی سعودیە بۆ چین دوو ملیۆن و 170 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
هەر بەپێی ئاماری گومرگەکانی چین، لە مانگی ئایاردا ئەو وڵاتە 260 هەزار تۆن نەوتی خاوی ئێرانیشی هاوردە کردووە. ئەوەش دەکاتە 7%ی کۆی هاوردەی نەوتی چین لەو مانگەدا.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2022دا چین بە تێكڕا 10 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هاوردە کردووە، ئەوەش زیاترە بەراورد بە هاوردەی نەوت لە مانگی ئایاری ساڵی 2021دا کە 10 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.
جگە لە نەوت، لە مانگی ئایاردا پەکین هاوردەی گازی شلی رووسیشی بە رێژەی 54% زیادکردووە و 397 هەزار تۆن گازی شلی لەو وڵاتەوە هاوردە کردووە.
لە مانگی ئایاری 2022دا بەهای هەناردەی وزەی رووسیا بۆ چین بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو 80% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 10 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
تاوەکو ئێستا چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا نەکردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق