جۆ بایدن: بڕیارەکەی دادگەی باڵای ئەمریکا بێهیوای کردم

ليست هناك تعليقات


دادگەی باڵای ئەمریکا بە گەڕانەوە بۆ دەستوور بڕیاریداوە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو کەسێک بدرێت. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی باڵا منی بێهیوا کرد".

جۆن دێلۆکا، خاوەنی ناوەندی راهێنانی سێنێکا دەڵێت، "ئەمە بڕیارێکی چاکە کە دادگەی باڵا دەریکردووە و دادوەران تەماشای هەردوو دیوی پرسەکەیان کردووە. هەڵسەنگاندنێکی دادپەروەرانە و بێلایەنانەیان داوە."

پێش بڕیارەکەی دادگەی باڵا، 20.7 ملیۆن کەس مۆڵەتی هەڵگرتنی دەمانچەیان لە دەرەوە هەبوو. ئێستا ژمارەکە بۆ 80 ملیۆن کەس زیاد دەبێت.

مایکڵ رۆکۆس کە راهێنان لەسەر دەمانچە دەکات دەڵێت، دەیەوێت بۆ بەرگریکردن لەخۆی هەڵیبگرێت، "لەم دواییانەدا، دوو جار هێرشکرایە سەرم. هەردوو جار شێتانە بوو. من ئێستا هەست بە هەڕەشە بۆ سەر خۆم دەکەم. داواکاری بۆ مۆڵەتی هەڵگرتن پێشکێش دەکەم و لە چەند شوێنێک دەمانچەکەم هەڵدەگرم." 

ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای ئەمریکا یاسایەکی نیویۆرک لادەبات کە بۆ پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، دەبوو پێویستییەکی رەوا بۆ بەرگریکردن لە خۆ بخاتەڕوو.

بەگوێرەی ئەرشیفی تووندوتیژیی پەیوەست بە چەکی ئەمریکا، لەمساڵدا 20 هەزار و 900 کەس بە چەک کوژران؛ ئەو ئامارە هێرشی بە کۆمەڵ و خۆکوژیش دەگرێتەوە. 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی باڵا منی بێهیوا کرد. جێی نیگەرانییە کە کەمینە بیروبۆچوونی زۆرینە دروستبکات. بڕیاری دادگە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 40 ویلایەتی ئەمریکا دەبێت."

لە هەنگاوێکی تەواو پێچەوانەدا، 15 ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا چوونە پاڵ دیموکراتەکان و بە 65 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 33 دەنگی نەخێر پڕۆژەیاساکەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک پەسندکرد.

پێش ئەوەی جۆ بایدن واژۆی لەسەر بکات، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانیشەوە دەنگی لەسەر بدرێت. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، ئەوانەی تەمەنیان لە 21 ساڵی کەمترە، بۆ پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، لێکۆڵینەوە بۆ پێشینەیان دەکرێت و بڕی 15 ملیار دۆلاریش بۆ پڕۆگرامەکانی چارەسەری دەروونی و تووندکردنی ئاسایشی قوتابخانەکان تەرخاندەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif