لە رێگەی بەرنامەیەکەوە سیخوڕی بەسەر مۆبایلەکانی رۆژئاوای کوردستان کراوە

ليست هناك تعليقات



کۆمپانیایەكی ئەمریکیی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی مۆبایل هۆشداریدەدات کە بەرنامەیەکی ئیتاڵیی تایبەت بە هاککردن بۆ سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلەکانی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستاندا بەکارهێنراوە.

بەرنامە ئیتاڵییەکە بە ناوی هێرمت-ەوەیە و لە لایەن کۆمپانیای RCS Labـی ئیتاڵییەوە دروستکراوە. کۆمپانیای لووکئاوت کە بنکەی سەرەکیی لە سانفرانسیسکۆیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بە گوێرەی بەڵگەکان، بەرنامەی هێرمت زیاتر لە هەر ناوچەیەکی جیهان، بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان بەکارهێنراوە.

ئەو بەرنامەیە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مۆبایلەکان، تۆمارکردنی دەنگ، گواستنەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، کۆکردنەوەی داتای وەکو ژمارە تەلەفۆنەکان، نامەکان، وێنەکانی ناو مۆبایل و شوێنی بەکارهێنەر.

گووگڵیش لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیدەکاتەوە کە ئەو بەرنامە ئیتاڵییە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلەکانی جۆری ئەندرۆید و IOS، واتە ئایفۆن بەکارهێنراون.

تیمی تایبەتی گووگڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان دەڵێت، ئەو بەرنامانەی لە لایەن دامەزراوەی RCS Labـەوە دروستکراون، بەکارهێنراون بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر مۆبایلەکانەوە بکرێت، کە بێ ئاگاداری بەکارهێنەران، مۆبایلەکانیان بەرنامەی سیخوڕیکردنی لەسەر دابەزێنرێت و جێگیردەکرێت.

بەرنامەکانی هاککردن کە بۆ سیخوڕیکردن بەکاردەهێنرێن بوونەتە جێگەی نیگەرانی و هەرای گەورەیان ناوەتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ساڵی رابردوو، ژمارەیەک میدیای جیهانی ئاشکرایان کرد کە بەرنامەی پێگاسۆسی سەر بە کۆمپانیای ئێن ئێس ئۆی ئیسرائیلی، لە لایەن حکومەتەکانەوە بەکارهێنراون بۆ سیخوڕیکردن بەسەر رکابەرەکانیان، چالاکڤانان و رۆژنامەڤانان. د. بەرهەم ساڵح و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆمارانی عێراق و فەرەنسا لە لیستی ئەو کەسانەدا بوون کە مۆبایلەکانیان کەوتبوونە بەر هێرشی بەرنامەکە.

لووکئاوت، کۆمپانیایەکی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیکترۆنیی مۆبایلە، لەبارەی کۆمپانیای NSO و RCSـەوە دەڵێت، "ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەرنامەکانیان تەنیا بەو کڕیارانە دەفرۆشن کە بەشێوەیەکی رەوا و یاسایی بۆ چاودێریکردن بەکاریدەهێنن، بۆ نموونە دامەزراوەکانی هەواڵگری و چەسپاندنی یاسا."

لووکئاوت دەشڵێت، "لە راستیدا، ئەو جۆرە بەرنامانە هەندێکجار بە بیانووی ئاسایشی نیشتمانی، بۆ سیخوڕیکردن بەسەر بازرگانەکان، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەڤانان، ئەکادمییەکان و بەرپرسانی حکومەت، بەشێوەیەکی خراپ بەکارهێنراون."

راپۆرتەکەی گووگڵ دەڵێت، ئەو بەرنامە ئیتاڵییەی کە ئاشکرایکردووە، کە پێی دەگوترێت "هێرمت"، هەمان ئەو بەرنامەیە کە پێشتر کۆمپانیای لووکئاوت هۆشداریی لەبارەیەوە دابوو.

لێکۆلەرانی لووکئاوت پێشتر رایانگەیاندبوو کە بۆیان ئاشکرابووە کە حکومەتی کازاخستان لە نێو وڵاتەکەیدا، چەند مانگێک دوای خۆپێشاندانی دژ بە حکومەت، بەرنامەی هێرمت-ی بەکارهێناوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر مۆبایلە زیرەکەکاندا.

لووکئاوات دەڵێت، "وەکو هەر فرۆشیارێکی بواری بەرنامەی هاککردن، زانیاریی زۆر لەبارەی کۆمپانیای RCS Lab و کڕیارەکانی نازانرێت. بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئێمە هەمانە، لە ژمارەیەکی بەرچاوی ناوچەکانی جیهان بەکاردەهێنرێت."

گووگڵ و لووکئاوت ئاماژەیان بەوە کردووە لە لایەن هاککەرەکانەوە بە نامە لینک بۆ خەڵکی بە ئامانجکراو دەنێردرێت، هەرکە لینکەکەیان کردەوە، بەرنامە سیخوڕییەکە لەسەر موبایلەکانیان جێگیردەبێت.

گووگڵ دەڵێت، پێیانوایە هاککەرەکان هەندێکجار دەستکاریی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان کردووە "بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئینتەرنێت لەسەر مۆبایلی قوربانییەکە بکوژێننەوە. کاتێکیش کە پەیوەندییەکە کوژێنراوەتەوە، هێرشکارە ئەلیکترۆنییەکە لینکێکی هاکی بە رێگەی کورتەنامە بۆ قوربانییەکە ناردووە کە تێیدا داوای لێکردووە ئەپڵیکەیشنێک لەسەر مۆبایلەکەی دابەزێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئینتەرنێتیان بۆ بگەڕێتەوە."

کاتێک کە هێرشکارەکە خۆی لە بەرگی کۆمپانیای دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتدا حەشاردەدات، لینکێک دەنێرێت کە تێیدا وا پێشانیدەدات لەلایەن کۆمپانیای دروستکردنی مۆبایلەوە یان ئەپڵیکەیشنێکی ئاڵۆگۆڕکردنی نامەوە نێردرابێت، بۆ ئەوەی خەڵک لە خشتە ببات تاوەکو کلیکی لەسەر بکەن.

لێکۆڵەرانی لووکئاوت دەڵێن، "هێرمت بە پێشاندانی ماڵپەرە فەرمییەکانی کۆمپانیاکان" لە نێو نامەکاندا، فێڵ لە بەکارهێنەران دەکات، لە کاتێکدا لە پشتەوەی نامەکان، چەندین چالاکیی سیخوڕیی ئەنجامدەدات.

گووگڵ دەڵێت، هۆشداریی بەو بەکارهێنەرانەی سیستەمی ئەندرۆید داوە کە بوونەتە ئامانجی بەرنامە سیخوڕییە ئیتاڵییەکە و بەرنامەی دژە ڤایرۆس و دژە سیخوڕی مۆبایلەکانی نوێکردووەتەوە. کۆمپانیای ئەپڵیش رایگەیاندووە کە چەند هەنگاوێکی بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی ئایفۆن گرتووەتە بەر.

تیمەکەی گووگڵ لێکۆڵینەوە لەسەر 30 کۆمپانیا دەکات کە بەرنامەی سیخوڕیکردن بە حکومەتی وڵاتان دەفرۆشن. گووگڵ دەڵێت، "پیشەسازیی بەرنامە سیخوڕییەکان بەخێرایەکی گەورە لە گەشەکردن و بووژانەوەدایە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif