گۆڕانكاری و بەرژەوەندی خەڵك، لە نێوان بەدیلی ئامادە و فەوزادا

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
هەموو ئاماژەكان ڕوو لەوەن كە دەرفەت و ڕێگری لە بەردەم ڕوو نەدانی گۆڕانكاریدا كەم بووبێتەوە، چونكە ڕێگری لە دۆخێك كە گۆڕانكاری دروست دەكات تا سنورێك دەرفەت دەدات، كە لە وادەی خۆی تێپەڕی، ئیدی دەسەڵات هەموو فاكتەرەكانی ڕێگریش بگرێتەبەر ناتوانێت نەهێڵێ ڕوو بدات، وەك قۆناغەكانی نەخۆشیە كوشندەكان، تا قۆناغێك هیوای چاكبونەوەیان هەیە دواتر هەموو ڕێگاكانی چاكبونەوەش تەنها ئازارەكەی كەم دەكەنەوە و هێمنتر دەیگەیەننە مەرگ، چونكە مردن بوەتە شتێكی حەتمی و ئەوەی زووتر بۆی سودی دەبوو ئیدی نیەتی.

هێزەكانی دەسەڵات، تا ئاماژەیەكیان مانەوەیانمان پێ دەڵێت سەدان ئاماژە پێماندەڵێت ئەم دەسەڵاتە لەو جۆرە دەسەلاتانەیە كە خۆی خۆی دەڕووخێنێ، واتە ڕكابەرێكی بەهێزی نیە بۆ ڕووخاندن بەڵكو تەواوی كردارەكانیان بڕینەوەی ئەو لقەیە كە لەسەری دانیشتوون و بەبێ بونی ڕكابەریش دەگەنە ڕووخان، چونكە بە جۆرێ دۆخەكەیان خراپكردوە كە بۆ خۆشیان ناتوانن چاكی بكەنەوە، كە ئەمە زیاتر تەقینەوەی جەماوەری و فەوزای نا منەزەم بەرهەم دەهێنێت

بەدیل كێیە؟

لە ڕاستیدا كێشە گەورەكە لێرەوە دەستپێدەكات، كاتێك دەسەڵاتێك بەدیلێكی هەمەلایەنی نابێت، بەدیل بە مانا دەوڵەتداریەكەی و پڕكردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی كە دروست دەبن، چونكە هەموو ئەو بەدیلانەی لە هەرێم هەن هیچیان توانای پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەیان نیە كە لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتێك دروست دەبن، ئەگەرچی خەڵكی باشیشبن، چونكە بەدیل بوون و خەڵكی باش بوون زۆر جیاوازن، كاتێكیش بەدیلێك بەدی ناكرێت ئیدی یاریەكە بۆ خەڵك قورس دەبێت و بۆ دەزگا موخابەراتیەكانی ناوچەكە ئاسانتر، زۆر زوو دەتوانن بەدیلێكی ساختە دروست بكەن و بیشیكەنە ئەمری واقع، لە كاتێكدا هەموو ئەو بەدیلانەی كە وڵاتانی موهتەم بە ناوچەیەك دروستیان دەكەن لە ڕێگەی دەزگاكانیەوە دۆخی خەڵكیان بەرەو خراپتر بردوە چونكە خەونی هاوڵاتیان و خەونی ئەوان زۆر دوورە لە یەكەوە و خاڵی هاوبەشیان زۆر لاوازە

گۆڕانكاری هەرێم

هەرێمی كوردستان لە نێوان گۆڕانكاری ئیجابی و گۆڕانكاری سلبیدایە، كە من پێموایە بەهۆی لاوازی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕابردووەوە، ئەو بێ هیوایی و بێ متمانەییەی كە دروستیانكرد، گۆڕانكاریەكان لە سلبی نزیك دەكاتەوە چونكە لە گۆڕانكاریشدا بەریەككەوتن لە نێوان خەڵك و ئەو هێزانەشدا ڕوودەدات كە لەدەرەوەی یەكیەتی و پارتین، ئەمە هۆكاری زۆرە، كاتێك كە دەسەڵاتێك دەڕووخێت و بەدیلێكی ئامادە نیە، ئیدی ئەو ناوچەیە دەبێتە فەوزا و یەكپارچە زەمینەكە دەبێتە بەرهەمهێنەری بەدیلی نەخوازراوی دروستكراو، لە یەك حاڵەتدا دۆخەكە جیاوازە ئەویش شۆرشێكی هەمەلایەنەیە كە زەمینەسازی فكری بۆ كرابێ

ئەگەرەكان

لە ئەگەری دروستبونی گرژی لە ناكاو تەقینەوەی جەماوەری پلان بۆ دانەڕژاودا، دوور نیە بەشێك لەو هێزەی ئێستا هەیە لە چوار چێوەی دەسەڵاتدایە چاوی لەسەر كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بێت و بەرگێكی نوێی بەرهەڵستكاری بكاتە بەری خۆی و بانگەشەی كۆتاییهاتنی مۆدێلی ڕابردووی حكومڕانی بكات، بە دوو هۆكار زەمینەی ئەمە ئاسانترە

یەكەمیان/ نەبوونی هێزی نیشتیمانی و وابەستەیی هێزەكان بەشەخسەكانەوە و بوون ناڕەزایی لە نێو هێزە چەكدارەكان، كە ئەمە وا دەكات بە ئاسانی هەڵگەڕانەوە ڕوو بدات و هێزێك ئەو بۆشاییە بڕ بكاتەوە كەلە ڕووی ئەمنیەوە دروست دەبێت، خەڵكی هەرێمیش گەشتوەتە ئەو بڕوایەی هێزی بێ چەك توانای گۆڕانكاری نیەو توانای مانەوەی لاوازە.

دوهەم/ سەرچاوەی دارای و عەلاقەی مخابەراتی ئەوانەی ئێستا هەن وادەكەن كە كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئاڵۆز ئاسانبێت بۆیان، كە ئەم دوو بوارە زۆر گرنگن بۆ كەوتنە سەرپێی ناوچەیەك كە گۆڕانكاری تیایدا ڕوودەدات

یەكێكیتر لە ئەگەرەكان گۆڕانكاری نەخشە بۆ دانراوە

ئەم جۆرە گۆڕانكاریە، لە كاتێكدا ڕوو دەدەن كە فاكتەرەكانی فەوزا و گۆڕانكاری دەگەنە لوتكە و وڵاتانی موهتەم بە ناوچەكە و دەزگا كانیان دەگەنە ئەو بڕوایەی كە ئەم جۆرە دەسەڵاتە درێژە ناكێشێت جا بەرلەوەی سنورەكانیان ببنە ناوچەی نائارام، یان بەدیلێكی نەخوازراوی ئەوان كۆنترۆڵی بكات، بۆ خۆیان هەوڵی پشتیوانی ئەو هێزانە ئەكەن كە دەیانەوێ ببن، ئەمەش بە پێی نزیكی و وەڵامدانەوەی خواستەكانیان دەگۆڕێت

ئەم هەنگاوەش بۆ هەرێم چاوەڕوانكراوە، چونكە كۆتا هەڵبژاردن دوو ئاماژەی تێدا بوو بۆ داهاتوو، یەكەمیان ئەوەیە كە م دەسەڵاتە پشتیوانی جەماوەریان بە جۆرێك كەم بوەتەوە كە بۆ هێزێك كە دەسەڵاتدارێتی بكات زۆر كەمە و هێزەكان ناتوانن بە ڕێژەی لە %١١ و %٢١ی پشتیوانی خەڵك كە بەشێكی هێزی ئەمنی و ناچاریە، ناتوانن بمێننەوە.

ئاماژەیەكیتریش ئەوەبوو كە هاوڵاتیان چۆن دەسەڵاتیان قبوڵ بە ڕێژەیەكی كەمتر هێزەكانی تریشیان قبوڵ نیە، بە ڕەچاوكردنی جیاوازی دروستبون و ڕابردوویان، ئەمەش پێمان دەڵێت كە ڕێگای گۆڕانكاری ڕێكخراو قورسترە لە ناوچەی لەم شێوەیە

بەغداد وەك ئامادە

كاتێك ئەمریكاو دۆستەكانی كاریان بە ڕژێمی سەدام نەماو بەرژەوەندیان لە داگیركردنیدا بینیەوە، ئەوكات ئەو بەدیلەی ئامادەبوو ئەو هێزانە بوون كە بەرهەڵستكاری ئەو ڕژێمە بوون، بەتایبەت هەرێمی كوردستان چاوێكی گەورەی لەسەر بوو كە هۆكاری سەركەوتنی ئەو پرۆسەیەبێت، لەبەر ئەوەی هەم هێزی جێگیری هەبوو، هەم ناوچەی تایبەتی پارێزراو، هەر بۆیە بەدیلێكی جدی ئامادەی ڕووخانی سەدام  هەبوو، لە كاتێكدا دەیانزانی ئەو فەوزایەی لە ئەنجامی ئەو ڕووخانە دروست دەبێت بە ئاسانی پڕ نابێتەوە و پێویستی بە هیزی ئەمنی گەورەی بیانیش هەیە

گەر سەنج بدەین هیزی پێشمەرگە و هێزە كوردیەكان لە ساڵی ١٩٩١یشدا ئەو هێزانە بوون كە چاوی بەدیلیان لەسەر بوو، بۆیە توانرا زوو بەشێك لەو بۆشاییانە بڕ بكرێنەوە كە لە دروست بوون لە ناوچەكە

لە ئێستادا لە ئەگەری گۆڕانكاریدا ئەو هێزە ئامادەیەیی كە هەیە بۆ قۆستنەوەی دۆخەكە دەولەتی عێراقە، دەولەتێك دەكرێت بە تەنیشت بۆشایی ئەمنیەوە سەدان خەونیتری هەبێت بۆ هەرێم

بەدەر لەمە وادەیەكی زۆری دەوێ تا دۆخێكی ئەمنی تێكچوو دەگەڕێتەوە دۆخی جێگیری

ئەگەرنا بەم دۆخەی ئێستاوە كە خەڵكی ناڕازی پەرت و گروپ گروپ، هەموویان زیاتر یەك ڕەد دەكەنەوە تا یەكتر قبوڵكەن، ناتوانرێ چاوەڕێی گۆڕانكاریەك بكرێ بە قازانجی خەڵكبێ، مەگەر ڕوون و ڕاشكاو  هێزەكان خۆیان وەك بەدیلێكی قوربانیدەر نیشان بدەن و ڕێگاكانی سەركەوتنیش بگرنە بەر، ئەگەرنا دوای گۆڕانكاری داهاتووش خۆزگە بە ئێستا دەخوازینەوە






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif