نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بەرزبووەوە

ليست هناك تعليقات


نرخی نەوت لە دوایین ساتی مامەڵەکانی نێو بازاڕی نەوت شەوی رابردوو بەرزبووەوە. بازرگانانی نەوت پێیانوایە کە ئەو بڕە نەوتەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بڕیاریانداوە زیادی بکەن هێندە نییە کە بتوانێت کەمیی نەوت و خواستی زۆر بۆ بەکارهێنانی نەوت پڕبکاتەوە.

لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکاندا هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 11 سەنت بەرزبووەوە بە 119 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار بەرزبووەوە بە 118 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی تەکساس بۆ ماوەی 6 هەفتەیە کە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئەوروپا لەسەر رووسیا قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا بەڕێژەی 9% لە مانگی چوارەوە دابەزیوە و بازرگانانی نەوت پێیانوایە هەرچەندە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک بڕیاری زیادکردنی خستنەڕووی نەوتیان بۆ مانگی 7 و 8 بە بڕی 648 هەزار بەرمیل داوە، بەڵام بە کردەیی توانایەکی کەمیان هەیە بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر.

نرخی زێڕ بەڕێژەی 1٪ دابەزی

هەروەها نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە شەوی رابردوو بەڕێژەی 1٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1850 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە رەخساندنی 390 هەزار هەلیکاری نوێ لە مانگی 5 دا، نیگەرانیی دروستبووە لای بازرگانانی زێڕ کە بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە لە هەلیکار بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بەردەوام بێت و بانکی ناوەندی ناچار دەبێت کە سوودی بانکی زیاتر بەرزبکاتەوە.

ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بەهای دۆلاری ئەمریکی و سوودی سەر قەوالە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکای بەرزکردەوە و ئەو دوو فاکتەرەش بوونە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای زێڕ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif