لە هەولێر كۆببنەوە نەك بەغدا و ئەنكەرە و تاران

ليست هناك تعليقات


عوسمان عەبدوڵا گوڵپی
-
هێزە سیاسیەكان ئاراستەكەری تەواوی جومگەكانی هەر وڵاتێكن، بە ڕەچاوكردنی جیاوازی پێگەی جەماوەری و سیاسیان، بۆیە ناكۆكی ئەم هێزە سیاسیانە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەر وڵاتێك هەیە، گەر ناكۆكیەكان بۆ دەوڵەت لێكەوتەی نێگەتیڤی هەبێت، ئەوا بۆ هەرێمێكی وەك كوردستان كە دەوڵەت نیە لێكەوتەكانی زیاترن.

لە ئێستادا كە عێراق و هەرێم لە دۆخێكی جێگیردا نین و ناوچەكەش بەگشتی لەبەردەم گۆڕانكاری هاوكێشەكاندایە، بە تایبەت ناكۆكیەكانی هەرێم و بەغدادی پڕ لە دەستوەردانی دەرەكی، چەند لە ڕێككەوتنەوە نزیكن ئەوەندەش لە بەریەككەوتن، بۆیە لە دۆخێكی لەوجۆرەدا ئەركی هێزە سیاسیەكانی هەرێم زۆر قورسە و لە بەردەم بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی گەورەدان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێم.

هێزە سیاسیەكان بە تایبەت ئەوانەی پێگەی جەماوەری و سیاسی و پەرلەمانیان هەیە دەبێت لەوە تێبگەن كە جێهێشتنی مێزی كۆبوونەوە و دووركەوتنەوە لە گفتووگۆ جگە لە قوڵكردنەوەی قەیرانەكان و فراوانكردنی بۆشایی نێوان هێزەكان هیچ بەرهەمێكی نابێت و ئەمەش لێكەوتەی زۆر خراپ لەسەر ئێستاو داهاتووی هەرێم جێ دەهێڵێت.

نە بوونی گفتوگۆی نێوخۆیی هێزەكان ناچار دەكات لەگەڵ هێزگەلی عێراقی و وڵاتانی دەوروبەر بكەونە گفتووگۆ لە بری هێزە هاوزمان و هاو نیشتیمان و هاو چارەنوسەكەیان، نەرمی نەنواندن لە نێوخۆدا وا دەكات لە پێناو مانەوە و پاراستنی پێگەیان نەرمی بۆ هێزی دەرەكی بنوێنن لە كاتێكدا نەرمی و تەنازولی نێوخۆیی باجەكەی كەمتر و بەرهەمەكەی زیاترە، پێچەوانەی نەرمی نواندنی دەرەكی كە باجی گەورە و بەرهەمی كەمی دەبێت

كاتێك هێزە نێوخۆییەكان لە هەولێر یان سلێمانی كۆنابنەوە و گفتووگۆ ناكەن، دوای فراوانبونی درزە نێوخۆییەكان دەبێت ڕوو لە بەغدا و تاران و ئەنكەرە بكەن بۆ گفتووگۆ و ڕێككەوتن و ئەوانیش لە نێو ناكۆكیەكاندا بەدوای بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا دەگەڕێن، لە كاتێكدا ڕێگا كورتەكە هەولێرە بۆ كۆبوونەوە و گفتووگۆ نەك هیچ شوێنێكیتر

ئەوەی گرنگە گفتووگۆ و كۆبونەوەیە، كە لە هیچ بارودۆخێكدا نابێت لە بار ببرێن، چونكە
 سەركردەو هێزی ڕاستەقینە ناكۆكیەكان لە سەر مێزی گفتووگۆ چارەسەر دەكات، ڕێگاكان كورت دەكاتەوە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت

لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا لە كوێدا پێویستی بە پێداگریە دەیكات و لە كوێشدا پێویست بە لێبوردن و تەنازول كردنە سڵی لێ ناكاتەوە،  

هیچ كاتێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدیلی مێزی گفتووگۆنین و شوێنی پەیام ناردن نین بۆ یەكتر، كە بەداخەوە بەشێك لەسەركردەكان لە بری ئەوەی سەرقاڵی نەخشە و پلانی تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەكانبن، سەرقاڵی دروستكردنی گەورەكردنی پەیج و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتن، لە بری ئەوەی لەسەر مێزی گفتووگۆ پرسەكان كۆتایی پێ بهێنن بە قازانجی خەڵكەكەیان، كەچی خەریكی هەلدانەوەی ڵاپەڕەی كۆنی یەكترن، لە كاتێكدا ڕوونە كە لە زیان زیاتر هیچیتری لێ سەوز نابێ.

بۆیە هیوادارم هێزە سیاسیەكانی هەرێم ڕێگای كۆبوونەوەی جدی بگرنە بەر و هەر هێزە و بە قەبارەی خۆی ڕۆڵی هەبێ لە كەمكردنەوەی بۆشاییەكان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەكان، كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری قەیرانەكانی خەڵك بكەن، گرێی دەرونی و شەری بەرژەوەندی تەسكی حیزبی كۆتایی پێ بهێنن و قسەلەسەر سیاسەتی هاوبەش و هەنگاوی هاوبەش بكەن،
پێكەوە قسەلەسەر قەیرانەكان بكەن و چارەسەر بدۆزنەوە، هاوكاری یەكتربن و حساب بۆ یەكتربكەن بۆ ئەوەی دەوروبەر حسابیان بۆ بكات، بە یەك دەنگی ڕوو لە هەر جێگایەك بكەن سەركەوتوو دەبن و دەتوانن بە كەمترین باج زۆرترین دەستكەوت بۆ هەرێم دەستبخەن، دەتوانن لە بەغداد بەهێزەوە مامەڵە بكەن و ئەم لاوازیەی ئێستا كۆتایی پێ بهێنن، گەر هێزەكان دۆستبن دەتوانن هەنگاوی گەورە هەڵگرن و هاوسەنگیش بپارێزن، لەگەڵ دراوسێكان و بەمەش هیوا دەگێڕنەوە بۆ خەڵك و ئیستقراری سیاسی و ئابوری و ئاشتی كۆمەڵایەتی بۆ خەڵك مسۆگەر دەكەن.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif