چیرۆکی کارلۆس کایزەر

ليست هناك تعليقات

 


زۆرجار هەندێک یاریزان دەبینین بە ئاستێکی هێندە خراپ یاری دەکەن، دەپرسین بۆچی ئەم جۆرە کەسانە یاریی تۆپی پێ دەکەن، لە کاتێکدا هیچ بەهرەیەکی تۆپی پێیان تێدا بەدی ناکرێت؟

ئەمە رێک بەسەرهاتی ئەستێرەی بەرازیلی کارلۆس کایزەرە، کە خاوەنی کاروانێکی 20 ساڵییە لەنێو یاریگەکانی تۆپی پێدا، سەرەڕای ئەوەی یەک یاریی فەرمیشی نەکردووە، یەک گۆڵی تۆمار نەکردووە، کەچی توانی بەدرێژایی ئەو ماوەیە وەک ئەستێرە خۆی پێیشان بدات.

کارلۆس کایزەر، کە ناوی راستەقینەی کارلۆس هێنریکی راپۆسۆوە، ساڵی 1963 لەدایکبووە، ئامانجی ئەوەبوو ببێتە یاریزانێکی بەنێوبانگ، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ بەهرەیەکی نەبوو، نەیتوانی ئەو ئامانجەی بەدیبێنێت، بۆیە ناچاربوو رێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەم بەنێوبانگ بێت و هەمیش پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە.

ئەو بە فێڵێک توانی ناوبانگێکی گەورە بۆ خۆی دروستبکات، هەموو جیهانی هەڵخەڵەتاند و وای نیشاندا کە ئەو هێرشبەرێکی زۆر بەتوانایە، لە کاتێکدا لە ژیانیدا گۆڵێکیشی تۆمارنەکردووە.

کایزەر سەرەتا پەیوەندی بە ئەکادیمیاکانی بۆتافۆگۆ و فلامینگۆوە کرد، لەوێ دۆزەرەوەکانی یانەی بۆیبلای مەکسیکی ساڵی 1979 بردیانە یانەکەیان.

ئەو یاریزانە نازناوی کایزەری بەدەستهێنا، کە بە مانای قەیسەر دێت، بەهۆی ئەوەی رووخساری دەموچاوی لە فرانز بیکنباوەری ئەفسانەی ئەڵمانی دەچوو، کە نازناوی قەیسەری هەبوو، ئەگەرچی هاوڕێیەکی کایزەر رەتیدەکاتەوە ئەو نازناوەی لە بیکنباوەرەوە وەرگرتبێت و دەڵێت بەهۆی ئەوەی دەموچاوی کایزەر زۆر بە شووشەی جۆرە شەڕابێک دەچوو کە ناوی کایزەر بوو، هاوڕێیانی بەو نێوە بانگیان دەکرد.

دوای چەند مانگێک یانە مەکسیکییەکە کایزەری دەرکرد بێئەوەی یەک یاری بۆ بکات بێئەوەی هۆکارەکە بزانرێت، کە دواتر ئەو سیناریۆیە لە هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکەیدا دووبارە بوونەوە.

راستە کایزەر لە یاریکردن هیچ بەهرەیەکی نەبوو، بەڵام بلیمەت بوو لە فێڵکردن، کە هەر جارێک بیانوویەکی دەهێنایەوە بۆ ئەوەی فێڵەکەی ئاشکرا نەبێت و هەمیشە سەرکەوتووش بوو، رێک وەک ئەوەی لیۆناردۆ دی کابریۆ لە فیلمی Catch me if You canـدا دەیکات.

لە یارییەکدا پێویست بوو کایزەر وەک هێرشبەری یەدەگ یاری بکات، ئەوکاتەی راهێنەر داوای لێکرد بچێتە نێو یاریگە، شەڕێکی لەگەڵ هەندێک لە هاندەران هێنایەوە، بۆ ئەوەی لە لایەن ناوبژیوانەوە کارتی سووری پێبدرێت، کاتێکیش لێیانپرسی چی روویداوە؟ گوتی ئەوان جنێویان بە سەرۆکی یانەکەمان دەدا و منیش نەمتوانی بەرگەی بگرم. بەمجۆرە هەم رزگاری بوو لە ئاشکرابوون، هەمیش خۆشەویستی لای سەرۆکی یانەکەی بەدەستهێنا.

ساڵی 1981 چووە بۆتافۆگۆ و دوای دوو ساڵ چووە فلامینگۆ، کە هەمیشە رێگەیەکی دەدۆزییەوە بۆ خۆرزگاکردن لەوەی یاری بکات، هەندێجار بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە تووشی پێکانێکی قورس بووە، تەنانەت هەندێجار پارەی دەدایە هاوڕێکانی بۆ ئەوەی لە مەشقەکاندا لێیبدەن وتووشی پێکانی بکەن.

ئەو هەرزوو خۆی کرد بە هاورێی نزیکی یاریزانە بەنێوبانگەکانی ئەو سەردەمەى بەرازیل، وەک کارلۆس ئەلبێرتۆ، ریناتۆ گاوچیۆ و چەندینی دیکە، لەگەڵ ئەمانەدا مامەڵەی دەکرد و وێنەى لەگەڵ دەگرتن، بۆ ئەوەی وا پێشان بدات کە ئەویش ئەستێرەیە.

یانەی ئەجاکسیۆی فەرەنسی گرێبەستی لەگەڵ کرد و لە کاتی ناساندنیدا کۆمەڵێک تۆپیان پێدا بۆ ئەوەی بەرامبەر جەماوەر نماییش بکات، کەچی هەموو تۆپەکانی بۆ جەماوەر هاوێشت و ماچی بۆ دەناردن، بەو شێوەیە جارێکی دیکە خۆی رزگارکرد.

کایزەر یاری بۆ 12 یانە کرد لە سێ وڵاتی جیاواز، دوو ملیۆن دۆلاری سەردەمی هەشتاکانی کۆکردەوە بەبێ ئەوەى قاچ لە تۆپ بدات، ئەو ساڵی 1992 وازی لە یاریکردن هێنا.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif