ئەردۆغان و گەڕانەوە بۆ کولتووری سارد

ليست هناك تعليقات


عادل باخەوان
-
لە تورکیادا دنیایەک کۆتایی پێدێت و دنیایەکی دیکە لە دروستبووندایە. ئەم دنیا نوێیە، دنیای چوونە دەرەوەیە لە کۆمەڵێک خەیاڵ کە چەندین گرووپ و ئەکتەری ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تووشی شۆک کردووە، بەڵام لای من تەواو پێشبینیکراو بوو.

1. تورکیا و سعودیە دوو دەوڵەتە زلهێزە سونییەکەی سیستمی هەرێمایەتین. بەهاری عەرەبی و چیرۆکی جەمال خاشقچی لێکی دوورخستنەوە و کردنی بە رکابەری یەکدی. ئەم سەردانە دوو رۆژیەی سەرۆک ئەردۆغان، بۆ دوورینەوەی لاپەڕە دڕاوەکانی نێوانیانە.

2. هەڵبژاردنی دوا ساتەکانی رەمەزان و بەربانگکردنەوە لەگەڵ شا سەلمان و لەباوەشکردنی محەممەد بن سەلمان کۆمەڵێک ئاماژەن و بە روونی پێمان دەڵێن کە سەرۆک ئەردۆغان دەیەوێت پەلە بکات لە داخستنی دەرگەی رابردوویەک کە چیدی بە کەڵکی نایێت، کە من ناوی دەنێم دنیای کولتووری گەرم.

3. جەمال خاشقچی ئەو رۆژنامەڤانە سعودیە بوو کە لە لاپەڕەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆستدا گوتاری دەنووسی و رەخنەی لە محەممەد بن سەلمان دەگرت. لە 2ی ئۆکتۆبەری 2018 بۆ کارێکی ئیداری سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیی کرد لە ئیستەنبووڵ، بەبێ ئەوەی بتوانێت لەو دەرگایەوەی کە لێیەوە چووە ژوورەوە جارێکی دیکە بێتە دەرەوە، چونکە هەر لەنێو هەمان کۆنسوڵخانەدا کوشتیان و پاشان بە مشار لەتلەتیان کرد و دواتر بە تێزاب پارچەکانی جەستەییان تواندەوە و بۆ هەمیشە کۆتایی پێهات.

4. سەرۆک ئەردۆغان ئەوەی ناونا تیرۆری سیاسی و کردیە یەکێک لە دۆسیە هەرە گەورەکانی ناکۆی دژی سعودیە و وەکو چەکێکی بەهێز بەکاریدەهێنا بۆ گوشارخستنە سەر محەممەد بن سەلمان و لێرەوەش هەردوو زلهێزە سونییەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دیپلۆماسی بوونەوە.

5. چوار ساڵ دواتر، سەرۆک ئەردۆغان لەبەردەم کامێراکانی جیهاندا و پێش فڕینی بۆ شاری جیدە، رووناکی دەخاتە سەر گەڕانەوە بۆ کولتوورە ساردەکەی دەوڵەت و دەڵێت: "لە سایەی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو لامانەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا و سعودیە زۆر باشتر دەبن لە جاران و دەیانخەینە قۆناخێکی تەواو نوێوە.. ئێمە پەیوەندیی برایەتیمان دروستدەکەینەوە، هەروەها بەهێزی دەکەین."

6. بۆئەوەی ئەم پەیوەندیی برایەتییە دروستبکرێتەوە و بەهێزبکرێت، محەممەد بن سەلمان مەرجی ئەوە بوو کە چیرۆکی جەمال خاشقچی، لەسەر ئاستی سیاسی و لەسەر ئاستی یاسایی لە تورکیادا بە تەواوی دابخرێت. سەرۆک ئەردۆغان، لە 31ی مارسی ئەمساڵدا و لە هەردوو ئاستەکەدا کۆتایی یەکجارەکیی بە کەیسی جەمال خاشقچی هێنا و دۆسیەکەی بە یەکجاری داخست.

7. ئەم وەرچەرخانە 180 پلەییەی سەرۆک ئەردۆغان راستەوخۆ کۆتایی بە زۆر شت دەهێنێت، یەکێک لەوانە بریتییە لەو گەمارۆی سعودیە کە لەسەر کاڵای تورکی دانراوە. ئەم گەمارۆ نافەرمییە، رێژەی کاڵای هەناردەکراوی تورکیا بۆ سعودیە لە سێ ملیار دۆلارەوە دابەزاند بۆ تەنیا 190 ملیۆن دۆلار و بەمەش گورزێکی سەخت لە ئابووریی تورکیا درا، ئابوورییەک کە خۆی لە خۆیدا قەیرانێکی گەورەی سیستمی دەژی و دەبێت سەرۆک فریای بکەوێت، ئەگەرنا دەرەنجامی سەختی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

8. لەبیرمان نەچێت کە دراوی تورکی، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 45%ی بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلاردا لەدەستداوە و رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 60%، ئەمەش چەندین گرفتی لەنێو کۆمەڵگەی تورکیدا دروستکردووە و گەڕان بەدوای چارەسەردا بووە فەرمانێکی هەنووکەیی.

9. کاتێک لە 24ی نۆڤەمبەری 2021، محەممەد بن زایدی ئیماراتی سەردانی ئەنقەرە دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی دەبنەوە، بۆ بەهاناچوونی لیرەی تورکی و هاوکاریکردنی سەرۆک ئەردۆغان لە ڤێرژنە تازەکەیدا، محەممەد بن زاید لەڕێگەی پێنج ملیار دۆلارەوە هەناسە دەبەخشێتەوە بە ئابووری و دراوی تورکی. سەرۆک ئومێد دەکات کە محەممەد بن سەلمانیش هەمان رێگەی محەممەد بن زاید بگرێتەبەر.

10. ئاماژەیەکی دیکەی ئەم سەردانە بریتییە لە پێنانە نێو دنیای پۆست - بەهاری عەرەبی. سەرۆک ئەردۆغان، هەروەک چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئیمارات و میسر، ئاساییکردەوە، ئاواش لەگەڵ برا گەورە، کە سعودیەیە، ئاسایی دەکاتەوە و من ئەم جووڵەیەم ناوناوە چوونە دەرەوە لە وەهم.

11. سەرەڕای هەموو ئەمانە، سەرۆک چاوێکی گەورەی لەسەر چواردە مانگی دیکەیە، چونکە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییە لە تورکیا و ئەگەر قەیرانە ئابوورییە سەختەکەی ئێستای چارەسەر نەکات، پرسی هەڵبژاردنەوەی دەخاتە بەردەم مەترسیی زۆر گەورەوە. رەنگە خۆرەکەی سەرۆک ئەمجارە لە کەنداوەوە هەڵبێت، بۆیە ناچارە هەموو شتێک بکاتە قوربانی، بە جەمال خاشقچی و بەهاری عەرەبی و برایانی موسڵمانیشەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif