وشکەساڵی تەنگ بە عێراق هەڵدەچنێت

ليست هناك تعليقات




 بەردەوام ئاو لەژێر زەویدا ھەڵدەقوڵێت و بەسەر زەوییە وشک و تینووەکە بڵاودەبێتەوە.

رای محەممەد عەلی، ئەندازیار لە دەریاچەی ساوە دەڵێت، "ئاوەکە بەردەوامە لە دەرچوون لە ژێر زەوی، ببین چۆن بڵاودەبێتەوە و دەچێت بۆ نێو دەریاچەکە، ئێستا رێژەی تەڕکردنی زەوییەکە بە ئاو گەیشتووەتە 13% بۆ 14%." دۆخی دەریاچەکە ھێشتا ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام بۆ دەریاچەیەک کە ببووە بیابان دەستپێکردنەوەی ژیانە.

قەدەخەکردنی لێدانی بیر و گوشارخستنە سەر جووتیاران و خاوەن کارگەکان کە دەیان بیری نایاساییان لە دەوروبەری لێداوە، کانییەکەی بەو شێوەیە زیندوو کردووەتەوە.

ئەندازیارەکەی دەریاچەی ساوە ئاماژەی بەوەش کرد، "گەر دەستدرێژییەکان بۆسەر دەریاچەکە کەم بکرێنەوە و رێگەی پێشکەوتوو بەکاربهێندرێن بۆ کاری ئاودێری، لەوانەیە دۆخی دەریاچەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی بە شێوەیەکی بەردەوام نەک وەکو ئێستا بە شێوەی وەرزی بێت، کە جیاوازی ھەبوو لەنێوان ساڵی 2021 و ئەمساڵدا."

درێژیی دەریاچەی ساوە نزیکەی پێنج کیلۆمەترە پانییەکەشی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، لە ساڵی 2019 شاندێکی زانکۆی فرای بێرکی ئەڵمانی سەردانیان کرد و گوتیان، مێژووی ئاو لەو کانیاوە بۆ پێنج ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ناوچەکە، ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ بوو، بەڵام ئێستا وێرانەیە؛ لە لایەک کەمبارانی و گۆڕانی کەشوھەوا لە لایەک لێدانی بیر بۆ کاری کشتوکاڵی و پیشەسازی دەریاچەی ساوەی وەکو ناوچەیەکی گەشتیاری لەبیری خەڵک بردووەتەوە.

ئەندازیار یوسف جەبار ـ بەڕێوەبەی ژینگەی موسەننا ئەوەی خستەڕوو، "لە حاڵەتی پابەندبوونی خاوەن کارگەکان و کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەوی، دەکرێت دەریاچەکە تاڕاددەیەک بگەڕێتەوە ئاستێکی باش، بەڵام ئەستەمە وەکو پێشووتری لێبێتەوە، رەنگە دۆخی 15% بۆ 25%ی وەکو جارانی لێبێتەوە."

ئاوی دەریاچەی ساوە زۆر سوێرە، بەڵام دەریاچەکە لە شوێنە دەگمەن و گەشتیارییەکانە. دەریاچەکە دەکەوێتە پارێزگای موسەننا، لە نزیک رووباری فورات، بە دووریی 23 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگاکە.

دەریاچەی حەمرین بووەتە بیابان



لە دوای ساڵی 2003ـەوە، یەکەمجارە دەریاچەی حەمرین بەوشێوەیە وشک دەبێت، رووبەرێکی فراوانی دەریاچەکە بووەتە بیابان. بەپێی کشتوکاڵی پارێزگای دیالە، "150 ھەزار دۆنم زەویی سنوورەکە، هەڕەشەی بەبیابانبوونیان لەسەرە."

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دیالەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، 80٪ـی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە پشتیان بە ئاوی دەریاچەی حەمرین بەستووە بۆ خواردنەوە و ئاودێری.

دۆخەکە بەجۆرێکە باڵندەکانیش بە دوای شوێنێکی سەلامەتتردا دەگەڕێن، کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بەرە و کەمبوونەوە چووە، شوان و جووتیاران ناچارن دەستبەرداری زەوییەکانیان بن و بەرەو شارەکان کۆچبکەن.

عەلی جاسم، شوانکار دەڵێت، "من شوانم لێرە، مەڕەکانم زۆرجار لێرە دەڵەوەڕێنم، پێشتر ئاوەکە زۆر بوو و دەگەیشتە لای ماڵەکان، مەڕوماڵەتەکان ھەر لای ماڵ تێر ئاو دەبوون، ئێستا ئاو نییە، ئاژەڵەکان توێنوون و ھیچ شتێک لە زەوییەکە نەماوە."

پردی نێوان ناحیەی حەمرین و سەعدییە کە ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەن تێیدا، خەڵک بەنێو بەشێکی دەریاچەی حەمرین دەپەڕنەوە، بێ ترس بە ئۆتۆمێل دێن و دەچن، چونکە ئەو بەشەی دەریاچەکە بە تەواویی وشک بووە و بووە بە بیابان.

ئەکرەم محەممەد، جووتیار باس لەوە دەکات، "جاران لێرە ئاو ھەبوو و زۆر خۆشبوو، رێگەگەکەش باش بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر خراپە و ھیچ ئاو نەماوە، حاڵمان فەوتاوە."

بەپێی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوەکانی ئاو لە دیالە، 150 ھەزار دۆنم زەوی کە کاری کشتوکاڵیان لەو سنوورە لێدەکرێت، ھەڕەشەی بە بیابانبوونیان لەسەرە، بۆیە دانیشتووانەکەی ناچاران بارگەیان تێکبنێن.

موھەننەد خالد، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و باس لەوە دەکات، "بەخوا ھەموو ماڵەکان رۆشتن یەک جووتیاریش نابینیتەوە لەو ناوچەیە، لەبەر ئەوەی دەریاچەکە زۆری وشکیکردووە، ئێمەش لەسەر ئەو ئاوە دەژیاین، بۆیە خەڵک ناچاربوون بڕۆن لێرە، ھەمووی بە دوای ئاودا دەگەڕێت بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، بەڵام ئێستا ئاوی لێ نەماوە."

وشکەساڵی، گۆڕانی کەشوھەوا و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە کە سەرچاوەی سەرەکییە، ئەو دۆخەی لە حەمرین دروستکردووە، ئێران لەڕێگەی 14 بەنداوەوە ئەو ئاوە گڵدەداتەوە کە دەڕێژێتە رووباری سیروان و پاشان بەرەو دەربەندیخان و لەوێشەوە بەرەو دەریاچەی حەمرین دەچێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif