زێڕی ڕژاو لە هەرێمی كوردستان

ليست هناك تعليقات


 بەڵێن عزەت میکە
-
کەمبونەوەی بەرهەمی دانەوێڵە بەهۆی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا و ئەو گۆڕانکارییەی لە کەشوهەوادا لە ئاستی جیهان ڕوویداوە، نرخی گەنم لە ئاستی جیهاندا بەرزبوەتەوە و ئەو بەرزبوونەوەیەش کاریگەری لەسەر نرخی گەنم لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بێت، ئەمساڵ لەلایەن جوتیارانەوە نزیکەی 250 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان دەکرێت و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکڕدرێتەوە.

ئەمساڵ جیا لە ساڵانی پێشوو، لە هەرێمی کوردستانیش چەند کۆمپانیایەک گەنمی جوتیاران دەکڕنەوە، بەشێوەیەک کە لە هەولێر و دهۆک کۆمپانیای خۆشناو و لە سلێمانی و هەڵەبجە کۆمپانیای قەیوان دەستنیشانکراون بۆ کڕینەوەی گەنمی جوتیاران، بۆ هەر تۆنێک گەنمیش 850 هەزار دینار دەستنیشانکراوە.

پلانی ئەوە هەیە لە داهاتویەکی نزیکدا، ئەو ئاردەی لە بەشە خۆراکی مانگانەدا دەدرێت بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمپانیاکانی سنوری هەرێم بکڕدرێتەوە، چونکە بێگومان ئەو گەنمەی رادەستی سایلۆکانی سەر بە حکومەتی عێراق دەکرێت بەشی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان ناکات، واتە لەمەودوا ئەگەری بەهێز هەیە قەیوان و خۆشناو، ئاردی بەشە خۆراکی کوردستان دابین بکەن کە مانگانە نزیکەی 62 هەزار تۆنە و دەکاتە ملیۆنێک و 240 هەزار فەردە ئارد.

بە زمانێکی سادەش، ئەگەر خۆشناو و قەیوان لە هەر فەردەیەک ئارددا کە ئێستا نرخەکەی لە بازاڕدا لە نێوان 44 تا 47 هەزار دینارە، تەنها هەزار دینار قازانج بکەن، ئەوا داهاتی هەر مانگێکیان لە دروستکردن و فرۆشتنەوەی ئارددا بە حکومەت، بریتی دەبێت لە ملیارێک و 240 ملیۆن دیناری عێراقی.

ئەمە بێجگە لەوەی لە ماوەی رابردودا و تائێستاش بەشێک لە کارگە و ئاشەکانی دروستکردنی ئارد لە هەرێمی کوردستان ئاردیان لە ئێرانەوە بە قاچاخ هێناوە کە بە کرێی گواستنەوەشەوە کەمتر لە 10 دۆلار لەسەریان کەوتوە و لێرە کردویانەتە ناو فەردەی تایبەتی خۆیان و بەحسابی (ئاردی دروستکراو لە گەنمی خۆماڵی) فرۆشتویانەتەوە.

پرسیارەکان ئەمانەن:

یەکەم/ بۆچی لەناو 31 هەزار کۆمپانیای هەرێمی کوردستاندا دو کۆمپانیا دەستنیشانکراون بۆ وەرگرتنەوەی گەنم؟

دووەم/ چۆن گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کراوە و دەستکەوتی حکومەت چییە لەو گرێبەستەدا؟

سێیەم/ چۆن حکومەت گرەنتی ئەوە دەکات کە پارەی جوتیاران لەلایەن ئەو دوو کۆمپانیایاوە ناخورێت؟

چوارەم/ ئەو دوو کۆمپانیایە بەڵێنیان بە حکومەت داوە 13 کارگە دروستبکەن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بابەتە خۆراکیانەی لە دانەوێڵە دروست دەکرێن، بەڵام خێرە هێشتا کارگەکان درووستنەکراون ئەوان ڕێیان پێ دراوە گەنم بکڕنەوە؟

هەواڵە ناخۆشەکە ئەمەیە:

لەمساڵدا کە جیهان بەدەست گەورەترین قەیرانی خۆراک لە نیو سەدەی رابردودا دەناڵێنێت، ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان خراوەتە ژێر رەحم و ویژدانی دوو کۆمپانیا، بەداخەوە ئەو کۆمپانیایانەی لە رابردودا کارگەیان لە بواری (پیشەسازی خۆراک) هەبووە ئەزموونێکی خراپیان پێشکەش کردوە و زۆربەیان لەبری بەکارهێنانی مادە سەرەتاییە ناوخۆییەکانی (وەکو گەنم)، بە قاچاخ مادەی سەرەتایی و بەرهەمی دروستکراویان لە ئێران و سوریاوە هاوردە کردووە و کێشەی بۆ بازاڕی ناوخۆ دروستتکردوە.

راسپاردە بۆ جوتیاران:

لەبەر ئەوەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی خراپیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و متمانەشیان بە کۆمپانیاکان نییە، بۆیە دوودڵی و ڕاڕایەکی زۆر لەناو جوتیاران هەیە کە گەنمەکانیان بدەن بە حکومەتی عێراق یان کۆمپانیا ناوخۆییەکان، لەڕووی ئابورییەوە گونجاوترین رێگە کە جوتیاران بیگرنەبەر ئەوەیە کە گەنمەکەیان بکەنە دوو بەشەوە، نیوەی بە سایلۆکانی عێراق بدەن و نیوەی بە کۆمپانیاکان، بۆئەوەی لەئەگەری درووستبوونی هەر کێشەیەک لە پێدانی مافە داراییەکانیان لە هەریەک لەو دوو لایەنە، جوتیاران هەموو مافەکانیان نەفەوتێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif