نرخی وزە لە ئەڵمانیا 84% بەرزدەبێتەوە

ليست هناك تعليقات


لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا، گرانی و هەڵاوسان لە ئەڵمانیا تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە. حکومەت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، پاکێجێکی هاوکاری 15 ملیار یۆرۆیی راگەیاند.

بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی وزە 84% بەرزبووەتەوە. نرخی گاز و بەنزین هاتووچۆکردن بۆ ئەو کەسانەی کە رۆژانە پێویستە بە ئۆتۆمبێل بچنە سەر کارەکەیان زۆر گران دەکەوێت.

بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم مانگەدا نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر 1.46 یۆرۆ بوو ئێستا بە 2.05 یۆرۆیە. نرخی یەک لیتر گازیش 1.33 یۆرۆ بوو ئێستا بووەتە 1.96.

حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا باجی سەر بەنزین 30 سەنت و گاز 15 سەنت بۆ ماوەی سێ مانگ کەمبکاتەوە. هەروەها لە مانگی داهاتووەوە بۆ سێ مانگ تیکتی نۆ یۆرۆیی بۆ هاتووچۆ بە پاس و شەمەندەفەر دابین بکات.

لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، جگە لە شەمەندەفەرە خێراکانی ICE ،intercity ،Eurocity هاتووچۆی نۆ یۆرۆیی بە پاس و شەمەندەفەر لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەردەست دەبێت.

لە زۆربەی هەرێمەکان لە ئێستاوە دەستیان بە فرۆشتی ئەو تیکتە کردووە و داواکاری زۆر لەسەرە. بەشێوەیەک تەنیا لە شاری ڤوپەرتالی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن لە ماوەی 24 کاژێردا هەزار و 700 تیکت فرۆشراوە.

ئۆلاف لێمان، ئەندامی پەرلەمانی نۆردراین ڤێستفالنە لە پارتی کریستیان دیموکراتەکان و بە رووداوی گوت، "ئەوەی زۆر پۆزەتیڤە ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە هاندانێکە بۆ هاتووچۆی نزیک و بەکارهێنانی پاس و شەمەندەفەر، بەڵام ئەو ترسەی هەرێمەکان هەیانە ئەوەیە کە ئەو پاکێچی هاوکارییەی بۆ هەرێمەکان و بۆ هاووڵاتییان بەش نەکات. پڕۆژەی تیکتی نۆ یۆرۆی لە ئەنجوومەنی فیدراڵ پەسندمان کرد. بەڕای من دروست و گرنگ بوو، بەڵام نابێت لە بیری بکەین کە دەمانەوێت چی بەدەست بێننین. لەلایەک دەمانەوێت ئەرکی سەرشانی هاووڵاتییان کەم بکەینەوە لەلایەکی دیکەش دەمانەوێت پەرە بە بەشی هاتووچۆی نزیک بدەین. ئەم تیکتی نۆ یۆرۆییە زیان بە داهاتی بەشی هاتووچۆی نزیک دەگەیێنێت. حکومەت دەبێت قەرەبوویان بکاتەوە و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات تاوەکو خەڵک هان بدەین بە پاس و شەمەندەفەر هاتووچۆ بکەن."

ئەو پاکێجە وەک زۆربەی بڕیارەکانی دیکەی حکومەت، لایەنگر و دژبەری هەیە. فەرهاد شەمۆ، پەنابەرێکی کوردە لە ئەڵمانیا و دەڵێت، "هاوکاری تیکت بە نۆ یۆرۆ زۆر باشە کە پێشتر زۆر گران بوو. بەڵام بۆ سێ مانگ کەمە. بۆ ئەزموون باشە، بەڵام با زیاتر درێژی بکەنەوە."

کێرستن نۆیمان، کارمەندە لە دوکانێک و گوتی، "بەڕای من ئەم هاوکارییە هیچ سودی ئەوتۆی نییە، چونکە بەڕاستی لێرە شتێکت دەدەنێ لەولا لێت دەستێننەوە. واتا هیچمان بە هیچ نەکرد. هەموو شتەکان گران بوون خۆراک، کەرە، گرانبووە سپاگێتی دەڵێی، زێڕە ئەوەندە گران بووە نازانم بۆ."

حکومەتی ئەڵمانیا هەروەها بە راگەیاندنی پاکێجی هاوکاری وزە بۆ ئەو کەسانەی باج دەدەن، لە بەرامبەر هەندێک مەرج، تەنیا جارێک بە بڕی 300 یۆرۆ هاوکارییان دەکات.

بۆ ئەوانەی کار ناکەن و سۆشیاڵ وەردەگرن 200 یۆرۆ و بۆ ئەو خێزانە منداڵدارەکانیش بۆ هەر منداڵێک 100 یۆرۆ پارەی هاوکاری دەدات.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif