سانجێرمان بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ پلانێکی دیکە تاقیدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


یانەی پاریس سانجێرمان هێشتا بەتەواوی دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی کیلیان ئێمباپێ، بۆ مانەوە لە پاریس نەبووە و ئەمجارەش پلانێکی دیکەی بۆ ئەو ئامانجەی بەدەستەوەیە.

یانەی پاریسی ئامادەیە هەر شتێک بکات لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ و رێگەگرتن لە چوونی بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە بەپێی میدیاکانی ئەوروپا ئەو یاریزانە لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە دەکات.

پاریس سانجێرمان کە تاوەکو ئێستا و دوای چەندین هەوڵی بۆ رازیکردنی کیلیان، نەیتوانیوە بەرامبەر بە دەستەوارەیەکی گرانبەها ئەو یاریزانە رازی بکات گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەمجارە بەرپرسانی ئەو یانەیە دەیانەوێت ستراتیژیەتێکی دیکە بەکاربهێنن و لە رووی وەرزشییەوە هانی بدەن بە مانەوە رازی ببێت.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی فەرەنسی، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان ئامادەن نیشانەی کاپتنیی یانەکە بدەنە ئێمباپێ بۆ ئەوەی بۆی بسەلمێنن کە ئەو گرنگترین بەشی پڕۆژەکەیانە و هەمووان دەبێت لەدوای ئەو بێن.

مارکینیۆسی بەرگریکاری بەرازیلی، ئێستا کاپتنیی یەکەمی یانەکەیە، بەڵام وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئەگەر ئێمباپێ رازی بوو لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە، نیشانەی کاپتنی لە مارکینیۆس وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە کیلیان، کە تاوەکو ئێستا ئەستێرەی فەرەنسی هیچ نەرمییەکی نەنواندووە بۆ مانەوە لە پاریس.

بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان، تاوەکو دواساتەکان هەوڵدەدەن بە هەر رێگەیەک بێت ئێمباپێ رازی بکەن لە یانەکەیان بمێنێتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئەگەر ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا جامی مۆندیال لە قەتەر بباتەوە، یاریزانی پاریس بێت.

هەندێک سەرچاوەش دەڵێن، ئیمباپێ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چوونی بۆ ریال مەدرید نەداوە و دەیەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کۆببێتەوە، ئینجا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.

هەندێک رۆژنامەش دەڵێن "ئەو رۆژەی پاریس سانجێرمان بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەرەنسا یەکلاییدەکاتەوە، ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات سەبارەت بە رۆیشتن لە پاریس سانجێرمان یان مانەوە لە پاریس".
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif