ئەو خانمە عەرەبەی سەرۆکایەتی یانەیەکی بەنێوبانگی جیهان دەکات

ليست هناك تعليقات



لە مۆندیالی یانەکاندا، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە ئەبو زەبی بەڕێوەچوو، خانمە سەرۆکی یانەی پالمێراسی بەرازیلی زیاتر لە پاڵەوانێتییەکە سەرنجەکانی بۆ خۆی راکێشا، ئەو خانمە ناوی لەیلا مەجدەلانییە، کە بەڕەچەڵەک عەرەبە، یەکێکە لە سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکانی بەرازیل.

لەيلا مەجدەلانی کێیە؟

لەیلا سەرۆکی یانەی پالمێراسی بەرازیلییە، ساڵی 1964 لەدایکبووە، واتا تەمەنی 58 ساڵە، خانمە بزنسمانێکی بەرازیلییە، لە بواری یاسا و بانکەکاندا کاری کردووە، هەروەها ماوەیەک وەک رۆژنامەڤان کاریکردووە.

رۆژنامەکانی لوبنان باس لەوە دەکەن کە لەیلا بەڕەچەڵەک عەرەبە و بەدیاریکراویش لوبنانی.

ئەو خانمە کۆلیژی یاسای تەواوکردووە، دواتر ماوەی چەند ساڵێک لە بواری رۆژنامەڤانیدا کاریکردووە، بەر لەوەی بچێتە بواری بزنس، دواتریش جۆزێ رۆبێرتۆ لاماچیای بزنسمانی بەرازیلی ناسی و ژیانی هاوژینی لەگەڵیدا پێکهێنا.

لەیلا ئێستا سەرۆکی کۆمپانیای Crefisaـە، کە زیاتر لە ملیۆن کڕیاری هەیە، ئەو کۆمپانیایە لە شەستەکانی سەدەی بیستەم، لە لایەن لاماچیای هاوژین لە شاری ساوپاولۆ دامەزرێنراوە.

ئەو کۆمپانیایە، کە لە ساڵی 2015ـەوە سەرکردایەتی دەکات، بووەتە سپۆنسەری سەرەکی یانەی پالمێراس، کە ئەوە سەرەتایەک بوو، بۆ گەیشتنی لەیلا مەجدەلانی بە پۆستی سەرۆکی یانە بەرازیلییەکە.

سەرۆکایەتی پالمێراس

پەیوەندییەکانی لەیلا لەگەڵ یانە پاڵەوانەکەی لیبەرتادۆرێس و دووەمی مۆندیالی ئەمساڵی یانەکان لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد، بەر لەوەی لە 20ـی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو بە کۆی دەنگ بکرێتە سەرۆکی یانەی پالمێراس.

مەجدەلانی کەسی ژمارە 40ـە لە مێژووی پالمێراسدا کە دەبێتە سەرۆکی یانەی پالمێراس و یەکەم خانمە ببێتە سەرۆکی ئەو یانە بەنێوبانگەی بەرازیل.

لەیلا کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەی وەرگرت، بەڵێنی بە هاندەرانی یانە گەورەکەی بەرازیل دا، کە کارێک بکات ئەو یانەیە بە بەردەوامی براوەی نازناوەکان بێت.

مەجدەلانی پێیوایە کە سپۆنسەرکردنی یانەکە لە لایەن کۆمپانیایەکەی هیچ کێشەیەکی بۆ دروست ناکات، بەڵام ئەو هەمیشە دووپاتیدەکاتەوە ئەگەر هەر کاتێک دەستەوارەی گەورەتری بۆ یانەکەی لە کۆمپانیاکانی دیکەشەوە هاتن، ئەو رەتیان ناکاتەوە و ئامادەیە گرێبەستیان لەگەڵ بکات، دەشڵێت "تەنانەت ئەگەر ئەو کۆمپانیانەش بن کە رکابەری کۆمپانیاکەمن".

بەڵێنەکەی بردەسەر

وادیارە لەیلا بەڵێنەکەی بردووەتەسەر، چونکە لە سەردەمی ئەودا یانەکەی لە 27ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوودا نازناوی کۆپا لێبەرتادۆرێسی بردەوە، کە ئەویش بە سەرۆکایەتی ئەبیل فێرێرای راهێنەری پۆرتوگالی بوو.

رۆژنامەیlanceـی بەرازیلی، لەبارەی مەجدەلانییەوە، دەڵێت "لەیلا لەو بزنسمانانە نییە کە پارەیەکی زۆر بەبێ پلان و بیرکردنەوە بۆ یانەکانیان خەرج دەکەن، لە پێناو بەدەستهێنانی سۆز و خۆشەویستی جەماوەری یانەکانیان".

ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات کە لەیلا دەیەوێت بە ئەزموونی خۆی یارمەتی پالمێراس بدات بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان، کە ئەمساڵ لە ئەبو زەبی نزیکبوو لە بردنەوەی نازناوی مۆندیالی یانەکان، بەڵام لە یاریی کۆتاییدا 1-2 بە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی دۆڕا، دوای ئەوەی لە کاتی یاساییدا بە گۆڵێک یەکسان بوون و چێڵسی لە گێمی دووەمی زیادکراودا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد و پالمێراس و لەیلای لە نازناوی مۆندیال بێبەشکرد.

سەرمایەی لەیلا چەندە؟

سەرمایەی ئەو خانمە بزنسمانە بەرازیلییە زیاتر لە 2 ملیار دۆلارە، کە بە یەکێک لە بزنسمانە سەرکەوتووەکانی بەرازیل دادەنرێت، کە کارکردنی لەگەڵ یانەی پالمێراس پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی درێژخایەنە.

لەیلا مەجدەلانی خاوەنی فڕۆکەیەکی تایبەتە و لە کاتی مۆندیالی یانەکاندا بە فڕۆکە تایبەتەکەی گەیشتە ئەبو زەبی بۆ هاندانی یاریزانانی یانەکەی لە پێناو بردنەوەی جامەکە بۆ بەرازیل، بەڵام لە دوا هەنگاودا خەونەکەی نەهاتەدی، لەگەڵ ئەوەشدا لە تویتێکدا، گوتی "بەڕاستی هەست بە شانازی دەکەم، زۆر دڵخۆشم لەگەڵ پالمێراس".

ئەو خانمە بزنسمانە بەرازیلییە، بەڕەچەڵەک لوبنانییە، پێیوایە لەدەستدانی جامی مۆندیالی یانەکان، ئەوان سارد ناکاتەوە و سوورن لەسەر ئەوەی کە یانەکەیان هەر بە گەورەیی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکان.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif