دۆخی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای کشانەوەی سەدر

ليست هناك تعليقات

یاسین تەها
-
دۆخی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای کشانەوەی سەدرلە هەوڵی پێکهێنانی حکومەت
پاش نزیکەی شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ لە پەسندکردنی ئەنجامە کێشە لەسەرەکان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق، سەدر مانۆڕێک و یارییەکی بێ پێشینەی کرد، ئەویش کاتێک وەک گەورەترین فراکسیۆنی شیعە (74 کورسی) و پێکهێنەری یەکەمی هاوپەیمانیی زۆرینە (رزگارکردنی نیشتمانی)، داوای لە رکابەرەکانی کرد لە (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە لە ماوەی 40 رۆژدا هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن. ئەگەر ئەوان توانییان سەرکەوتوو بن، ئەوا ئەم دەستبەرداری مافی خۆی دەبێت و دەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن!

هەنگاوەکەی سەدر کە پێشتر لە دانیشتنەکەی ماڵی عامری لەگەڵ رکابەرەکانی (2ی دیسەمبەری 2021) وەک بژارە جەختی لەسەر کردبوو، زیاتر لە هەوڵی گەمارۆدان و شەرمەزارکردنی چوارچێوە شیعییەکەوە نزیکترە، تاوەکو ئەوەی چانس و دەرفەتپێدانێکی راستەقینە بێت، بەدوای ئەوەشدا هات کە لایەنە شیعەکانی رکابەری سەدر بۆ دووەم جار بە کۆکردنەوەی "سێیەکی پەکخەر" نەیانهێشت پلانەکەی بۆ راسپاردنی خەزوور و ئامۆزا و هاوڕێ نزیکەکەی (جەعفەر سەدر) بۆ پێکهێنانی حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" سەربگرێت. بۆ ئەمەش گرێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریان کردە بیانوو کە بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی 2/ 3ی پەرلەمانتارانە.

ناکۆکییەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان جیاواز لە جارەکانی دیکە کەمتر بە بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزیرانەوە پەیوەستن و، زیاتر لەسەر میکانیزمی کارکردنیانە لە پاش راسپاردن و متمانە وەرگرتن. جگە لەوەش، لایەنە شیعەکان ناتوانن بە ئاشکرا بەرەنگاری خستنەڕووی ناوی کوڕە تاقانەکەی ئایەتوڵڵا محەممەد باقر سەدر ببنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بە میکانیزم و دەستپێشخەریی سەدر کراوە، بە پاساوی جۆراوجۆر هەوڵی راگرتن و شکستپێهێنانی ئەگەری راسپاردنی دەدەن. لەو نێوانەشدا، لە یەکەم کاردانەوەدا لەسەر هەڵدانی تۆپەکە لەلایەن سەدرەوە بۆ گۆڕەپانی ئەوان، باسی مەرجەکانی بێلایەنی و شارەزایی و دەستپاکی دەکەن بۆ بەربژێری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەربژێرکردنی بە سازانی هەردوو بەرە شیعەکە کە دەکرێت ئەمەش، ناڕاستەوخۆ وەک رەتکردنەوەی جەعفەر سەدر بخوێنرێتەوە.

راستە جەعفەر سەدر کوڕی باوکی رۆحیی ئیسلامیی سیاسی و چەکداری شیعەی عێراقە، لە باوک و دایکیشەوە ئامۆزا و پوورزای هاوژینی ئەحمەد خومەینییە و خوشکەزای رێبەری شوێن بزری شیعەی لوبنان مووسا سەدرە، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی نەوەتی سەدەی رابردوودا کاتێک بە نوێنەرایەتیی باوکی موقتەدا سەدر چووەتە شاری قوم و نووسینگەی بۆ کردووەتەوە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە دەستگیرکراوە و پاش داخستنی نووسینگەکەیشی هێندە تەنگەتاو کراوە کە بەیەکجاری ئێران بەرەو لوبنان بەجێ بهێڵێت. لە بەیرووتیش دەستبەرداری هەموو ژیانی فەقێیەتی خۆی بووە و لە دوا قۆناخی خوێندنی باڵای حەوزەدا (البحث الخارج) چووە بۆ خوێندنی ئەکادیمی کۆمەڵناسی و جبەو عەمامەکەی کردووەتە چاکەت و پانتۆڵ. هەر ئەمەش وایکرد ئێستا هەڵکشانی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەر دیواری «سێیەکی پەکخەر» بکەوێت کە تان و پۆ و چوارچێوە بنەڕەتییەکەی ئێرانییە و گوزارشت لە بەرژەوەندی و دڵەخورتێکانی تاران لە هاوکێشەی پێکهێنانی حکومەت دا دەکات.

دەستهەڵگرتنی موقتەدا سەدر لە حکومەتی جەعفەر سەدر، بە ئامانجێکی کاتی و بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێکی خێرایە کە گرنگترینیان پەکخستنی «سێیەکی پەکخەر»ە ئەگەر بۆ ماوەی 40 رۆژیش بێت. لەم دەرفەتەدا ئەو لایەنانەی هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 202 پەرلەمان دا چەق ببەستێت و نەیانهێشت بگاتە 220 ی پێویست، دەبێت هەوڵبدەن لە سێیەکەوە ببنە دوو لەسەر سێ کە ئەمەش دانوستاندن، ناچاری و کات و نرخێکی زۆری پێویستە.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەنیا لەسەر دژایەتی سەدر بەتەواوی کۆکن، لەوە بترازێت لەبارەی حوکمڕانی و بەشکردنی حکومەت زۆر بە زەحمەت دەتوانن یەک دەنگ بن، چونکە تێکەڵەیەکن لە بەرژەوەندی و مەشرەبی جیاواز. لەم میانەیەشدا هێندە بەسە ئاماژە بکرێت کە ئەگەر هەوڵی رازیکردنی پارتی بدەن و بەڵێنی سەرخستنی بەربژێرەکەی بدەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئەوا تووشی ئیحراجی و لەدەستدانی یەکێتی هاوپەیمانیان دەبنەوە کە هێلکەی قەپانی راگرتنی سێیەکە پەکخەرەکەیان بوو. هەر ئەم ئاڵۆزییانەش لە پشت راکردنی چوارچێوەکەن لە هەوڵی پێکهێنانی زۆرینە، بۆیە لە وەڵامی سەدردا جارێکی دیکە دەستیان بە سازان و بەشکردنی کونافەی حکومەتەوە گرت.

لادانە کاتییەکەی سەدر کارتی دەستی هێزە بچووک، مامناوەند و خۆڵەمێشی و بەربژێرە سەربەخۆ تاکەکانیشی سووتاند کە بۆ بەشداری و بایکۆت لە هەردوو لاوە خواست و گوشاری زۆریان لەسەر بوو، لە مەولا دروستکردنی زۆرینە بۆ «چوارچێوەی شیعی» پێویستی بە پارتی و سیادەی خەنجەر و حەلبووسی و پارێزگاریکردنیش لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لەم دۆخەشدا کەس وەک جاری پێشوو وردە هێز و سەربەخۆکانی بیر نابێت.

لە پاش بەیاننامەکەی کۆتایی ئادار، سەدر رەمەزانێکی ئارام دەباتە سەر و خۆی یەکلایی دەکاتەوە بۆ ئیرشادی ئایینی لایەنگرەکانی. رکابەرەکانیشی هەر گوتارە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە کاری خۆی بەردەوام دەبێت کە لە کۆتاییدا نزیک و هاوپەیمانی سەدرە. دوای کۆتاییهاتنی دەرفەتەکەی سەدریش بە ئەگەری زۆر بارودۆخ دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بەڵام ئەم جارەیان هێزە شیعەکان بەشی زۆری کارتە میدیایی و دروشمەکانیان لەدەستدەدەن، بەتایبەت تۆمەتبارکردنی سەدر بە خۆسەپاندن و تاکڕەوی و کۆنەکردنەوەی زۆرترین لایەن، چونکە خۆشیان ئەوەی کۆتاییان پێ ناکرێت و عێراق دەچێتەوە نێو قۆناخێکی نوێ لە دەمەقاڵی و ململانێ کە رەنگە تەمەنی بنبەستی سیاسی نزیک بکاتەوە لە وادەی چاوەڕوانییەکانی خولی دووەم (2010)، کە نۆ مانگی خایاند یان لەوەش تێیپەڕێنێت. زیانمەندی ئەمەش، دۆخی ئابووری عێراق و پابەندییە دەستوورییەکانن.

لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێیان روونە پێکهێنانی هەر حکومەتێک بەبێ سەدر ئەگەرچی لە کورت مەودادا سەرکەوتووش بێت، جێگەی چاوەڕوانی دوور مەودا نییە، چونکە گەورەترین بارستایی مرۆیی سەدرییەکان لە بەغدایە و ئەوکات عێراق دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی خۆپیشاندانەکانی سەردەمی عەبادی و هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و حکومەت و داخستنی دەرگاکانی ناوچەی سەوز (بەهاری 2016)، بەهۆی ئەوەش کە هەردوو بەرەکە چەکدارن، ئەگەرەکانی پێکدادان زیاتر دەبێت، وا دیاریشە جگە لە هەوڵی دۆزینەوەی شێوازێک بۆ رێککەوتن کە دووبارەکردنەوەی کۆن نەبێت و لانیکەمی بەرژەوەندی و دڵەخورتێکانی رکابەرەکانی سەدر و پشتیوانە هەرێمییەکانیان لەبەرچاو بگرێت، هیچ چارەسەرێکی دیکە بۆ دوا قەیرانی سیاسی عێراق نەبێت کە درێژکراوە و کەڵەکەبووی قەیرانی دیکەی زۆرە، لە پێش هەموویانەوە کێشەکانی دەستوورە بەرکارەکەی.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق