سیناریۆکانی چەند مانگی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغداد

ليست هناك تعليقات




سیناریۆکانی چەند مانگی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغداد و مەترسیەکانی سەر هەرێم

عوسمان عبدللە گوڵپی
-
لە ئێستادا جیهان سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینایە، ئەمە دەرفەتێکی باشە و دەرگای بۆ گۆڕانکاریە بچوکەکان خستۆتە سەرپشت، کە بێگومان هەر گۆڕانکاریەکەك لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە عێراق گۆڕانکاری بچوکە و بەتەنیشت قەیرانی ئۆکراینا و ململانێی ڕووسیاو وڵاتانی نەیاریدا تەنانەت هەواڵێکی پەراوێزخراویشە

عێراق و قەیرانی دارایی

 عێراق لە بەردەم قەیرانێکی جدیدابوو، قەیرانێك کە بە کورتهێنانی بودجە دەستپێدەکات و دەگاتە چۆکدادان لەبەردەمیدا، بەڵام دوو هۆکار وایانکرد کە ئەم چۆکدادانەی عێراق لەبەردەم قەیرانی دارایدا دوابکەوێت، یەکێك لەو هۆکارانەی کورتهێنان و قەیرانی دارای دوور خستەوە، بەرزکردنەوەی نرخی دلار بوو، ئەمە وایكرد کاریگەریەکان کەم بکاتەوە و قۆناغێك عێراق لە قەیرانی دارایی و کورتهێنانی بودجە دوا بخات، یەکێكیتر لە هۆکارەکان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە جۆرێك لە سەروو ٥٠ دۆلارەوە بۆ هەر بەرمیلێك وا دەکات کە عێراق هەنگاو هەنگاو لە قەیرانی دارایی دوور بکەوێتەوە، بەتایبەت کاتێك کە ئەو نرخە دەگاتە سەروو ٩٠ دۆلار، خۆ گەر ئەم دوو هۆکارە نەبوایە ئەوا عێراق زووتر لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایدا خۆی دەبینیەوە و كە كاریگەری لەسەر مووچەش دەبوو، ئەم دوو هۆکارەش کاتین و جێگیر نین بۆ یە عێراق بیرلە ڕێگەیتر دەکاتەوە.

عێراق چاوی لە هەرێمە

ئەو هۆکارانەی وادەکات عێراق چاوی لەسەر هەرێم بێت، بەتەنیشت هۆکاری داراییەوە کۆمەڵێك هۆکاری سیاسین

هۆکاری دارایی

گەر لە دەیەکانی ڕابردوودا جەنگ و سیاسەتی وڵاتەکان بنەماكەی نەوت بووبێ ئەوا ئێستا چەكێكی بەهێزتر هەیە كە غازی سروشتیە، هەر بۆیە وڵاتان دەبێت لە خەمی ئەو سەرچاوە بەهێزەی وزەدابن، بەتەنیشت ڕەهەندە ئابوریەكانیەوە ڕەهەندی سیاسی هەیە و كارتی بەهێزی نێوان ململانێکانە

هەرێمی کوردستان لەم چەکە ئابووری و سیاسیەدا یەدەکێکی بەهێزی هەیە، بە جۆرێك کە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی بەهێزی ئابوری و سیاسی، هەر ئەم كارتە ئابوریە وادەکات كە عێراق زیاتر لە ڕابردوو چاوی لەسەر هەرێم بێت و بیەوێت بەتەواوی بکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، لەوێشەوە وێڕای بەهێزکردنەوەی ئابوری عێراق، دەبێتە کارتێكی بەهێزی سیاسی 

هۆکاری سیاسی

عێراق لە ئێستادا لە هەموكات زیاتە لە ژێر هەژموونی وڵاتانیتردایە و ئەوەی بڕیار دەدات عێراقیەکان نین بەڵكو وڵاتانیترن، لە نێوسیاسەتی وڵاتانیشدا  ئێران کاریگەرترین وڵاتە لە عێراقدا کە دەتوانین بڵێین ئەوەی بڕیار لەسەر عێراق دەدات ئێرانە بە پلەی یەك و دواتر ئەمریکاو وڵاتانیتر بەدەستی دوو، لەمەوە ڕوون دەبێتەوە کە هیچ کات ئێران ڕازی نابێ بەوەی ئەم کارتە بەهێزە بۆ هەرێم بکەوێتە سەرپێ، چونکە سەرپێ کەوتنی غازی سروشتی هەرێم لاوازکردنی کارتی دارایی و سیاسی ئێرانە بەتایبەت بەرامبەر تورکیا، هەر بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت كە ئەو پرسە بكەوێتەوە لای بەغداد نەك هەولێر

غازی کوردستان و ململانێی تورکیاو ئێران

یەکێك لە کارتەکانی ئێران بەرامبەر تورکیا کە بوەتە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووری بۆی، فرۆشتنی غازی سروشتیە بە تورکیا، ئەگەرچی تورکیا جگە لە ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان و ڕووسیا غازی سروشتی دەکرێت، کە بەتەنها ڕووسیا ٪٥٥ی غازی سروشتی تورکیا دابین دەکات و بە پلەی دوو سەرچاوەکەی ئێرانە و دوای ئەویش ئازربایجان

تورکیاو گازی سروشتی هەرێم

دەرهێنان و گواستنەوەی غازی سروشتی لە ڕێگەی تورکیاوە، لە چەندین ڕووەوە زیان بە ئێران و تەنانەت ڕووسیاش دەگەیەنێت.

بۆ ئێران و ڕووسیا

خستنە سەرپێی غازی سروشتی هەرێم، جگە لە نرخە گونجاوەكەی، بە مانای دەرهێنانی تورکیایە لە ژێر کاریگەری ڕووسیاو ئێران کە لەیەك سەنگەری سیاسی و ئابوریدان، ئەمە مەترسیە گەورەکەیە کە ئێران و ڕووسیا پێکەوە دژی دەوەستنەوە نەك تەنها لەبەر ئەوەی کە تورکیا وەك کڕیار لێیان دوور دەکەوێتەوە بەڵکو لە ڕووی سیاسیەوە تورکیا لە ژێر کاریگەری و فشارەکانیاندا دەردەچێت و بەمانا سادەکە تورکیا بێ منەت دەبێت لە سەنگەر بەندی و سیاسەتەكانی ئێران و ڕووسیا، لە لایەكیتریشەوە پێگەی توركیا لە ئەوروپا بەهێز دەكات و گۆڕانكاری گەورە لە پەیوەندیەكانیان دەهێنێتە ئاراوە

هەنگاوە چاوەڕوانكراوەكانی بەغداد بەرامبەر هەرێم

لە ئێستادا لە هەمووکات زیاتر هێزە عێراقیەکان سازترن بۆ ئەوەی عێراق بکەنە ئەو عێراقەی کە خۆیان دەیخوازن، كە ئەویش عێراقێکی یەکپارچەیە، یەکپارچەی لای ئەوان بوونی عێراقێکە کە تەواوی سەرچاوەکانی دارایی و وزە و پەیوەندی سیاسی لە بەغدادبێت، عێراقێك کە سلێمانی و بەسرە و موسڵ و هەولێر وا لێ بكات وەك یەك چاویان لە بەغداد بێت، ئیدی ئەمە تا چەند شایەنی بۆلوان و جێ بەجێكردنە شتێكیترە

حکومەتی عێراقی و هێزە عێراقیەکان فشارەکان یەك لەدوای یەك دەستپێدەکەن، گەر ئێستا پێمانوابێ فشارەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی عێراقین، ئەوا لە مانگەکانی داهاتوودا زۆر بەروونی بۆمان دەردەکەوێت چاو لەسەر هەرێمە نەك پێکهاتنی حکومەتی عێراق، چونکە فشارەکان پێدەنێنە قۆناغیکیتر و بۆ ئەمەش پشتیوانی دەرەکی هەیە.

سیناریۆی یەکەم

ناکۆکی نێوان یەکیەتی و پارتی درێژە دەکێشن تا دەگەنە ئەو ئاستەی کە ئیدارەی سلێمانی بەڕوونی پەیوەندی خۆی لە گەڵ ئیدارەی هەولێر تەواو لاواز بکات و بۆ ئیدارەدانی ناوچەکەی لەگەڵ عێراق بە جیا بکەوێتە گفتووگۆ و ڕێککەوتنی تاکلایەنە، پاساویش بۆ ئەمە ناكۆكیەكان و قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و دەستبەسەراگرتنی داهاتەكانە، چونکە لە ڕووی دارایی و سەربازیەوە هەرێم تا ئێستاش دوو ئیدارەیە، لێكەوتەی زەقبونەوەی دوو ئیدارەیی چەندین لێكەوتەی دەبێت، كە دەكرێت یەكێكیان بكرێتە پاساوی مامەڵە نەکردن لەگەڵ هەولیر وەك هەرێم بۆ داهاتوو، بەمەش ململانێکان پێ دەنێنە قۆناغێکیتر و چاوەکانی ململانێ لە بەغداد دەچنەسەر هەولێر و ئەگەری گرژیش دەبێت.

سیناریۆی دووەم

عێراق ژمارەیەكی زیاتر بڕیار لەدژی هەرێم دەردەکات و خواستی خواستەكانی بەرزتر دەكاتەوە تا ئاستی نەبوونی توانای جێ بەجێكردن، پاشان بەناوی پاراستنی دەستور و سەروەرکردنی یاساوە ڕوودەکاتە هەرێم بەتایبەت کۆنترۆڵکردنی تەواوی سەرچاوەکانی وزە لە نەوت و غاز، بۆ ئەمە دوو ئەگەر هەیە

یەکەم- وادیارە ئیدارەی سەوز زۆر کێشە لەگەڵ ئەمەدا دروست نەکات و ئاسان جێگای قبوڵکردنی بێت، چونکە لە ئێستادا یەکیەتی پێی وایە پارتی دەستیگرتوە بەسەر تەواوی داهاتی نەوتیدا و تەواوی کارتەکانی وزە لای پارتین، بۆیە نەك دژی ئەو جۆرە بڕیارە نابێت بەڵکو هاوسۆزیشی دەبێت

لەمەدە ئەگەری بەریەککەوتن لە نێوان بەغداد و هەولێر دەبێت، بە جۆرێك پارتی ئامادەی تەسلیمکردنی تەواوی سەرچاوەکانی داهات نابێت، دەمێنێتەوە ئەوەی كە هەڵوێستی تورکیا چی دەبێت و هەولێر چۆن سود لە پەیوەندیەكانی وەردەگرێت بۆ مانەوە!، ئایا ئاسان دەستبەرداری ئەم دۆستە هاوسنورەی دەبێت و بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و وەك ئەو بێدەنگیەی ئەمریكا لە جەنگی ئۆكراینا هەڵی بژارد و نزای بۆ كردن، یان نەخێر دەبێتە بەشێك لە بەرگری و قسەی دەبێت، یان نەخێر عێراق بەرلە هەر هەنگاوێك بەجۆرێك تورکیا قایل دەکات و قەرەبووی دەکاتەوە، لە ڕێگەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیەوە یان کارتی پەکەکەوە، لەمەدا کێشەکان ئاڵۆزتر و گەورەتر دەبن.

سیناریۆی سێهەم

هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ناڕەزایی و تەقینەوەی جەماوەری فراوان دەبێتەوە، بەجۆرێك کە عێراق ئەمە بە دەرفەت بزانێت و بەناوی  ڕێگری لە تێکچونی دۆخی عێراق دەستوەردان دەکات و ئامانجەکەش لاوازکردن و کۆتایی هینانە بەم هەرێمە وەك ئێستا، بەڵکو پشکی کورد لە بوونی هەرێمەوە دەبێتە شەراکەتێکی لاواز لە بەغداد. وەك هەموو پارێزگاکانیتر و سوننەی عێراق، ئەوەی وادەکات کە تەقینەوەی جەماوەری ببێتە بژاردەیەك بۆ گۆڕانکاری  تەنها خودی ناڕەزاییەکان نیە، بەڵکو تەریب بوونی ناڕەزاییەکانە بەخواستێکی بەهێزی عێراقی و دەرەکی بۆ گۆڕانکاری.

ڕێگاكانی بەردەم هەرێم

لە هەندێك قۆناغدا دەكرێت ژمارەیەك ڕێگای ناچاری وا دەكات كە مەترسیەكان دوور بخاتەوە یان زیانەكانیان كەم بكاتەوە، وەك پەندە كوردیەكە(زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە باشترە)

كە من پێموایە ئەم ڕێگایانە بۆ ئەم قۆناغە بریاری دروستن گەرچی ناچاریشبن

١-داخستنی مەلەفی غازی سروشتی و دڵنیایدا بەوەی کە هەرێم ناچێتە نێو ململانێی بەرهەم هێنانی ئەو وزەیەوە و بەهۆیەوە جەمسەر گیری ناكات

٢-تەسلیمکردن یان ڕێككەوتن لەسەر سەرچاوەکانی داهات لەگەڵ بەغداد، لە نەوتەوە تا خاڵە سنوریەکان و پاشەكشەكردن لە هەندێك پێداگری كە هەرێم پێشتر كردویەتی

٣-دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە نەیاری ئێرانن و پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکاو ئێران، نەبوونە تەرەف لە ناکۆکی نێوماڵی شیعە و دەستوەرنەدان لە ناكۆكیەكانیان 

٤-دوورکەوتنەوە لە مامەڵە کردن لەگەڵ تورکیا بەسەربەخۆیی و ڕێككەوتن لەسەر ئاستی پەیوەندیەكان لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراقدا

ئەگەرچی هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئیرادایەکی دەرەکی و نێوخۆیی بۆ پاشەكشەی هەرێم هەبێت و بڕیاری لێدرابێت، کە لەم حاڵەتەدا هەرێم هەر شتێك بکات هەر نابێتە فریادڕەس چونکە چونە ژێر باری ئەو مەرجانەی لەبەرامبەر مەترسیەکاندا دادەنرێت هەمان ئەنجام دەدات بەدەستەوە کە دەبێتە قبوڵکردنی لەقاڵبدان و پاشەكشەكە، وەك چۆن هەرێم بەناچاری لە دوای ڕیفراندۆم ئەو واقیعەی قبوڵکرد کە بەسەریدا سەپا، دەستور و یاساش لەم جۆڕە ململانێیەدا هیچ پێگەیەكیان نیە جگە لە بەكارهێنانی وەك ڕەوایدان


عوسمان گوڵپی
٢٢/٣/٢٠٢٢



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif