هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم دەدات

ليست هناك تعليقات



رووسیا هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم دەدات و بە ئەگەرێكی نزیک و کرداریی دادەنێت. وەزیری بەرگریی بەریتانیاش دەڵێت، وڵاتەکەی توانای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی هەیە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی تووندی لە سەرۆکی ئۆکراینا گرت و بە پشتگوێخستنی گفتوگۆکانی ئاشتی تۆمەتباری کرد و گوتی، "بەردەوامبوونی کیێڤ لەسەر ئەو هەڵوێستەی، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم جیددیتر دەکات".

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، "زیلینیسکی گفتوگۆ ناکات، بەڵکو وا خۆی دەردەخات کە گفتوگۆ دەکات، ئەو ئەکتەرێکی باشە، ئەگەر بە وردی تەماشای نێو چاوی بکەیت و خوێندنەوە بۆ قسەکانی بکەیت، هەزار قسەی دژ بە یەک دەدۆزیتەوە."

بە بۆچوونی سێرگی لاڤرۆڤ، "کیێڤ بەدوای گفتوگۆدا نییە و بەردەوامبوونی لەسەر ئەو هەڵوێستەی و بەردەوامبوونی رۆژئاوا لەسەر پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی بەو وڵاتە، وادەکات هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم ببێتە بابەتێکی جیددی و مژارێکی راستەقینە و ناکرێت بە کەم تەماشا بکرێت."

هۆشدارییەکانی لاڤرۆڤ لەدوای سەردانەکەی رۆژی 25ی ئەم مانگەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کیێڤ هات، کە تێیدا بلینکن و ئۆستن کۆبوونەوەیەکی 90 خوولەکیی لەگەڵ زیلینسکی و وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئەنجامدا و تێیدا بەڵێنی پێشکێشکردنی 700 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاریی سەربازیی بە ئۆکراینا دا، کە هاوکارییەکە چەکی قورسیشی تێدایە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا متمانەی خۆی بە سەرکەوتنی ئۆکراینا لە شەڕی دژ بە رووسیا دەربڕی و گوتی، "هەنگاوی یەکەمی سەرکەوتن متمانەبەخۆبوونە و دەکرێت سەرکەوتنی ئۆکراینییەکان ببینین ئەگەر بێتو چەک و کەرەستەی سەربازیی شیاویان بەدەستبێت."

بەریتانیا: توانای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیمان هەیە

لەلایەکی دیکەوە بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا هۆشداریی دایە رووسیا و رایگەیاند، "توانای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیمان هەیە."

لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی بەریتانی، واڵاس ئاماژەی بەوە کرد، "رێکخراوی ناتۆ چەکی ئەتۆمیی هەیە و بەریتانیا توانای بەکارهێنانی ئەو چەکانەی هەیە و نابێت رووسیا ئەوەی لەبیربچێتەوە."

وەکو وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بۆ دەکات، "ئێستا هەندێک لە مووشەکەکانمان لەژێر ئاودان و سەربازە قارەمانەکانی هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا ئەگەر ناچاربن بەرگری لە وڵات و هاوپەیمانێتیی ناتۆ بکەن، ئەوا ئامادەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمین،" گوتیشی، "زۆر گرنگە سەرۆکی رووسیا ئەمەی بیرنەچێت."

واڵاس ناتۆ بە "هاوپەیمانێتییەکی ئەتۆمییە" ناودەبات و دەڵێت، "بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا خاوەن چەکی ئەتۆمین و ئەم چەکانە گرنگترین و بەهێزترین ئامرازی بەرپەرچدانەوەی پووتینن."





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif