بۆچی ڕوسیا چەکی کۆنی سەردەمی یەکێتی سۆڤێت بەکاردەهێنێت؟

ليست هناك تعليقات


جگە لەنوسینی پیتی "Z" لەسەر تانک‌و زرێپۆش‌و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕوسیا، ئەوەی لەهێرشەکەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا جێگای سەرنجی چادێران‌و پسپۆڕانی سەربازییەوە ئەوەیە کە ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا تانک‌و تۆپ‌و مووشەکهاوێژی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕوسیا خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی چەکی پێشکەوتوو نییە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا بۆچی مۆسکۆ هێشتا ئامادەنییە لەجەنگی ئۆکرانیادا چەک‌و چۆڵی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت؟
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بڵاودەکرێنەوە، دەرکەوتووە کە هێزی زرێپۆشی ڕوسیا بەشێوەیەکی سەرەکیی لەتانکی جۆری T-72ی سۆڤێتیی پێکهاتووە، لەکاتێکدا ئەو تانکە لەساڵی 1972 چۆتە ناو خزمەتی سوپای ڕوسیاوەو 50 ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕیوە.

هەروەک ڕوسیا زرێپۆشی جۆری BMP-3 ڕەوانەی جەنگەکە کردووە کە بۆیەکەمجار لەساڵی 1987 خراوەتە بەردەست سوپای سۆڤێت‌و بەشداریی پرۆسەی داگیرکردنی وڵاتی ئەفغانستانی لەلایەن هێزەکانی سۆڤێتەوە کردووە.

لەپاڵ ئەوانەدا، تێبینیکراوە کە ڕوسەکان ڕاجیمەی TOS-1 بەکاردەهێنن کە لەسەر بۆدی تانکی T-72 هەڵگیراوە، مێژووی بەرهەمهێنانی ئەو چەکەش بۆ ساڵی 1988 دەگەڕێتەوەو یەکەمجار لەلایەن سوپای سۆڤێت لەجەنگی ئەفغانستان بەکارهاتووە.

جگە لەوە، ڕوسیا لەهێرشەکانیدا بۆسەر ئۆکرانیا مووشەکهاوێژی گراد BM-21 بەکاردەهێنێت کە مەودای پێکانی ئامانجەکانی لەنێوان 45-5 کیلۆمەتردایەو یەکەمجار لەساڵی 1960 پەرەی پێدراوەو لەساڵی 1963 چۆتە ناو خزمەتی سوپای سۆڤێت، هەروەک ڤێرژنە پێشخراوەکەی بریتییە لەمووشەکهاوێژی جۆری ئۆراگان بی ئێم-27و سمیرش بی ئێم-30 کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی 1983 دەگەڕێتەوە.

ئەوەی پەیوەستە بەهێزە ئاسمانییەکانی ڕوسیاوە، ئەوە ڕوسیا هێرشەکانی بەهێلیکۆپتەری جۆری KA-52 دژ بەهێزی زرێپۆشی ئۆکرانیا ئەنجامدەدات کە لەساڵی 2010 بەرهەمهاتووە، ئەوە جگە لەکۆپتەری MI-8 کە بۆ پڕۆسەکانی دابەزاندنی ئاسمانی‌و پشتیوانی لۆجستی بەکاریدەهێنێت‌و لەساڵی 1960 بەرهەمهاتووە.

کەواتە بۆچی هێشتا ڕوسیا چەک‌و چۆڵە پێشکەوتووەکانی دژ بەسوپای ئۆکرانیا بەکارناهێنێت؟
پسپۆڕانی بواری سەربازیی دەڵێن پشتبەستنی ڕوسیا بەچەکی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت لەهێرشەکەیدا بۆسەر ئۆکرانیا، مانای دواکەوتنی پیشەسازیی جەنگیی ڕوسیا ناگەیەنێت، بەڵکو ڕوسیا یەکێکە لەوڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان لەبواری پیشەسازیی جەنگیدا، بەشێوەیەک سوپای ڕوسیا زۆر لەوە پێشکەوتووترە کە ئێستا لەگۆڕەپانی جەنگی ئۆکرانیادا دەبینرێت.

لەوبارەیەوە ئەکرەم خەریف پسپۆڕی کاروباری سەربازیی بەکەناڵی "TRTعەرەبی" تورکیای ڕاگەیاندووە، "بەبۆچوونی من بەکارهێنانی چەک‌و کەلوپەلی کۆن‌و هاوشانی چەکی ئۆکرانی لەلایەن سوپای ڕوسیا بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕوسەکان دەیانەوێت پارێزگاریی لەچەکە پێشکەوتووەکانیان بکەن، بەتایبەت کە بەشێکیان هێشتا لەبازاڕە جیهانییەکاندا بۆ نمایشکردن دانراون، هەروەک مەبەستیش لێی هێشتنەوەیانه‌ بۆ کاتێک کە ڕەنگە سوپای ڕوسیا بۆ یەکلایکردنەوەی جەنگەکە پێویستی بەداخڵکردنی هێزی نوێ بێت.

وتوشیەتی:"ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە ئەو چەکانەی ڕەوانەکراون توانیویانە ئامانجە سەربازییەکانی ڕوسیا لەئۆکرانیا بەدیبهێنن".

لەبەرامبەردا، ئەو پسپۆڕە سەربازییە ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەگوێرەی ژمارەکان، ڕوسیا سوورە لەسەر پاراستنی هێزە سەربازییەکانی، هەربۆیە نزیکەی لەسەدا 60ی ئەو کەلوپەلە سەربازیانەی ڕوسیا کە له‌شەڕی ئۆکرانیا تێکشکێنراون هیچ سەربازێکیان لەناودا نەبووە، ئەمەش مانای وایە ستراتیژییەتی سوپای ڕوسیا ئەوەیە کە تاڕادەیەکی زۆر پارێزگاریی لەگیانی سەربازەکانی بکات.

لای خۆیەوە، عەلی سلێمان توێژەری کاروبارە ستراتیژییەکان لەپەیمانگای لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان لەفڕۆستواف لەپۆڵەندا وتویەتی:"ڕوسیا بۆئەوەی چەکی نوێ بخاتە جەنگەکەوە چاوەڕێی چۆڵبوونی شارەکانی ئۆکرانیا لەکەسانی مەدەنیی دەکات، بەڵگەش بۆئەوە ئەوەیە کە شەپۆلی یەکەمی ئەو موشەکانەی ڕوسیا شاری خارکیڤ بەکاریهێنان بەتاڵبوون‌و هیچ کڵاوەیەکی تەقینەوەیان تێدا نەبووە، ئامانجیش لەوە تەنها ترساندنی خەڵکەکەو گوشار درووستکردن بوو لەسەر دەسەڵاتدارانی کیێڤ.

سلێمان لەکۆتاییدا دەڵێت:"ڕوسیا لەهێرشەکانیدا هەوڵدەدات کەمترین ژمارەی کەسانی مەدەنیی ببنە قوربانیی، لەوەشدا ترسی لەکاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەیە کە ڕەنگە بەرامبەر بەوە قورسترین سزاو گەمارۆی بەسەردا بسەپێنن".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif