پووتین لە چ دۆخێکدا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت؟

ليست هناك تعليقات


هەواڵگریی ئەمریکا تیمێکی دروستکردووە بۆ خوێندنەوەی هەنگاوی داهاتووی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. ئامانجەکە ئەوەیە بزانن پووتین چی بە سەرکەوتن دەزانێ و چی بە دۆڕان. ئایا پووتین ئامادەیە چەکی ناوەکی بەکاربهێنێت؟

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکە دەپرسێت، چی دەگوزەرێ و پووتین چۆن بیردەکاتەوە؟ یاریدەدەرەکانی سەرۆکی ئەمریکا راپۆرتی سی ئای ئەی دەخوێننەوە و دەڵێن، بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان و بەرگریی ئۆکراینییەکان پووتین بە دوای هەستی سەرکەوتندا دەگەڕێت.

بەپێی راپۆرتەکە، بژارەکانی پووتین بۆ داهاتوو بریتین لە:

یەکەم: هێرشی سایبەری بۆ سەر بانکەکانی ئەمریکا لە رێگەی هاککەرەکانیان.

دووەم: رۆیشتن بۆ داگیرکردنی وڵاتانی دیکە وەک مۆڵدۆڤیا.

سێیەم: بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.

یاریدەدەرێکی بایدنیش داوا دەکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نابێ کارێک بکەن پووتین جگە لە چەکی ناوەکی بژارەی دیکەی بۆ نەمێنێتەوە.

ئەوە لە واشنتن و نێو کۆشکی سپی، ئەی لە مۆسکۆ و کرێملین چ باسە؟

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، هەتاوەکو ئامانجە سەربازییەکان نەهێنێتەدی ناگەڕێتەوە دواوە، داواش لە رۆژئاوا دەکات کارێک نەکەن، چونکە شتێک نامێنێت بەناوی دەوڵەتی ئۆکراینا. شتێک نەمێنێ بەناوی دەوڵەتی ئۆکراینا، هەڕەشەیەکی دیکەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکییە لەلایەن پووتینەوە.

لەم شەڕی ئۆکراینایەدا تائێستا دەرکەوتووە کە سوپای رووسیا و هێزی ئاسمانی و وشکانییەکەی ئەو هێزە نییە کە خەڵک چاوەڕوانی دەکرد وەک دووەم بەهێزترین هێز لە جیهان. دەرکەوت هێزی رووسیا بە بەراورد بە ئەمریکا زۆر جیاوازە و "لاوازترە." وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بەپێی دوایین ئاماری دەڵێت، لە 13 رۆژی هێرشی رووسیادا، دوو بۆ چوار هەزار سەربازی رووسی کوژراون.

کەس چاوەڕێی نەدەکرد هێزێکی گەورەی وەک رووسیا زیاتر لە 10 رۆژە دەجەنگێ و شارێکی بە تەواوەتی نەگرتووە.

کەس چاوەڕوانی نەدەکرد ئەو هەموو فڕۆکە و تانکەی رووسیا ئاوا تێکبشکێندرێن لە لایەن دەوڵەتێکی وەک ئۆکراینا؟

لە خەیاڵی هیچ کەسیشدا نەبوو لە رێگەی بەرەو جەنگ تانکی رووسی لەبەر بێ سووتەمەنی پەکی بکەوێت و سەربازی رووسیش لە برسێتیدا پسکیتی سوپەرمارکێتەکانی ئۆکراینا ببەن و بیخۆن.

چێگێت چییە؟

هەموومان ئەو خاڵە لاوازانەی سوپای رووسیامان بینی، بەڵام ئەوەی نەمانبینیوە ئەوەیە کە لە دونیادا رووسیا بێ رکابەرە ئەویش هەبوونی چەکی ناوەکیی نوێ و کاریگەرە. رووسیا زیاتر لە ئەمریکا چەکی ئەتۆمی هەیە. جیاواز لە ئەمریکاش ساڵانە ئەو چەکانەی نوێ دەکاتەوە و بەهێزتریان دەکات.

ئێستا رووسیا 1588 چەکی ناوەکیی ئامادەیە بۆ تەقاندن، زیاتر لە شەش هەزاریشی لە کۆگاکانیدایە. دووگمەی تەقاندنەکەش لای پووتینە لەنێو جانتاکەی کە ناسراوە بە چێگێت.

پووتین چۆن فەرمانی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی دەردەکات؟


رووسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوەکی چوار دۆخی داناوە کە بریتین لە:

یەکەم: کاتێک زانیاریی باوەڕپێکراو هەبێ کە رووسیا و هاوپەیمانەکانی لەژێر هەڕەشەی مووشەکی بالیستیدان.

دووەم: کاتێک دووژمنان چەکی ناوەکی دژ بە رووسیا و هاوپەیمانەکانی بەکاربهێنن.

سێیەم: کاتێک هێرشبکرێتە سەر ئەو شوێنانەی رووسیا کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کاردانەوەی خێرای چەکی ئەتۆمیی رووسی.

چوارەم: هەر هێرشێک بۆ سەر رووسیا کە بوونی دەوڵەت بخاتە ژێر مەترسییەوە

دەبینن بەکارهێنانەکە بۆ پووتین لەم دۆخەی ئێستا ئاسانە و دەتوانێ خاڵەکان بۆ بەکارهێنان بقۆزێتەوە.

ئەگەر پووتین بیەوێت چەکی ناوەکی بەکاربهێنێت، جانتاکەی کە ناوی چێگێتە، دەکاتەوە فەرمانی بەکارهێنان دەنێرێ بۆ وەزیری بەرگری کە ئەویش هەمان جانتای هەیە، وەزیریش دەینرێ بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەویش هەمان جانتای پێیە و دەینرێ بۆ فەرماندەی چەکی ئەتۆمی و ئەوانیش مووشەکەکە دەتەقێنن بۆ ئامانجەکەی کە دیاریکراوە.

یەک مووشەکی ئەتۆمی سزاری رووسی دەتوانێ شارێک وێران بکات، رووسیا دەتوانێ لە ماوەی 30 خولەکدا مووشەکی ئەتۆمی بدات لە ئەمریکاش. لە 20 خولکیشدا دەتوانێ بیدات لە بەریتانیا.

وڵاتانی رۆژئاوا جیهانیان ترساندووە بەوەی رووسیا و پووتین چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن، بەڵام لە مێژووی ململانێی ناوەکیدا، رووسیا هیچ کاتێک بەکارینەهێناوە و ئەوەی بەکاریهێناوە یەک وڵات بووە کە بریتییە لە ئەمریکا.

لە 1945 دوو بۆمبی ئەتۆمیی ئەمریکا شارەکانی ناگازاکی و هێرۆشیمایان لە ژاپۆن کردە ئامانج و 200 هەزار هاووڵاتییان کوشت. ئەمریکا بۆمبەکانیشی ناو نابوو "پیاوی بچووک" و، ئەنجامەکەش کاولکاریی گەورەبوو بۆ مرۆڤایەتی.

رووسیا نەک چەکی ئەتۆمی بەکارنەهێناوە، بەڵکو رێگریش بووە.

"ئەو پیاوەی جیهانی لە جەنگی ئەتۆمی رزگارکرد"

لە ساڵی 1983 و لەنێوەڕاستی شەڕی رۆژئاوا و سۆڤیەت، یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو کات و رووسیای ئێستا. هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت فڕۆکەیەکی کۆریای باشووریان خستەخوارەوە، ئەمریکاش لەوکاتەدا توڕە دەبێت، وا دەردەکەوێت کە چەند مووشەکێکی بالیستی بەرەو رووی رووسیا دەتەقێنێت.

شوێن سەنتەری ناوەکیی نۆکۆیە، زەنگ لێدەدات کە مووشەکی بالیستیی ئەمریکی بەڕێوەیە، مووشەکی بالیستیش بەپێی یاساکانی رووسیا دەبێ بە چەکی ناوەکی وەڵام بدرێتەوە.

لە سەنتەرەکەی سۆڤیەت جەنەڕاڵ ستانیلاڤ پێترۆڤ خەفەر دەبێت، زەنگ بەردەوامە لە لێدان و دەبێ ئەمیش زانیارییەکە بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی سەرۆک ئەو کات بڵێ بە چەکی ناوەکی وەڵام بدەنەوە.

لەوێ ژەنەراڵە رووسییەکە کە بیر لە کاریگەریی وێرانیی چەکی ئەتۆمی دەکاتەوە ویژدانی دەجوڵێ و بڕیارەکەی خۆی دەگۆڕێ و دەڵێت، زەنگەکە هەڵەیە و سیستمەکە تێکچووە، سۆڤیەتیش سیستمەکەی ئەوەندە لاوازببوو، باوەڕیان کردبوو بە گوتەی ژەنەراڵەکە و چەکەکە بەکارنەهات.

پێترۆڤی رووسی رێگەی گرت لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و نازناوی ئەو پیاوەی "جیهانی لە جەنگی ئەتۆمی رزگار کرد" پێدرا. ئەو ژنەراڵە رووسییە نەبووایە ئێستا زۆر کەس لە ئێمە لەم ژیانەدا دەمێک بوو نەمابوو، ئەو ژیانەشی ماومانە، بەوپێیە بێت چاوەڕوانی بڕیارێکی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەکات.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق