هەولێری پایتەخت بووە بە دوو بەشەوە

ليست هناك تعليقات


 بەیار عومەر
-
هەولێری پایتەخت بووە بە دوو بەشەوە؛ بەشێکیان دەوڵەمەند و پڕ خزمەتگوزاری و پێشکەوتوو، ئەوی تریان هەژار و بێخزمەت و فەرامۆشکراو.

زۆنی ئاڵتونی کە چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و بیانیەکانی تێدا دەژین کراوە بە دوبەی، لە بەرامبەردا زۆرینەی گەڕەکەکانی دیکەی هەولێری پایتەخت لە هەموو ڕوەکانەوە پشتگوێخراون.

پێدەچێت ژیان و گوزەرانی گەڕەکەکانی دەرەوەی زۆنی ئاڵتونی بۆ دەسەڵات گرنگ نەبێت، وەکو (ئازادی، باداوە، بنەسڵاوە، بەستەپیازە، تەیراوە، تەعجیل، تۆپزاوە، خانەقا، ڕوناکی، سەیداوە، سێتاقان، کوران، کوردستان، مامۆستایان، مەنتکاوە، و نەورۆز). ئەم گەڕەکانە دەناڵێنن بەدەست بێ ئاوی، بێ کارەبایی، و کەمی خزمەتگوزاری؛ ساڵانە لە وەرزی باراندا لافاو هەڵدەستێت و قوربانی لێدەکەوێتەوە (وەکو دانەری جوانەمەرگ). 

بە هەمان شێوە قەزاکانی (دەشتی هەولێر، مەخمور، و خەبات) و ناحیەکانی (بەحرکە، خەلیفان، قەسرێ، دارەتوو، قوشتەپە، بەحرکە، کەڵەک، ڕزگاری، سیدەکان، سێگردکان، شەمامک، شۆڕش، قەراج، و کەسنەزان) فەرامۆش کراون.

خەلکی ڕەسەنی پارێزگای هەولێر سودمەند نین لە کۆشک و باڵەخانە بەرزەکان و مۆڵ و بازاڕە هاوچەرخەکان؛ بەڵکو چینێکی مشەخۆر بەسەر خەلکی هەولێرەوە پێی دەوڵەمەند بوون.

بۆ ڕێگری کردن لە گەندەڵی و قۆڕغکاری، دەکرێت هەر پارێزگایەک لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە بەڕێوەببرێت. نابێت چیتر ڕێگە بدرێت حزبەکان زەوی و سامانی پارێزگاکان تەخشان بکەن. لە پێناوی چاوچنۆکی دەسەڵاتدا بۆ نمونە هەولێر خەریکە زۆرینەی دەبێت بە عەرەب و چارەنوسی لە ئایندەدا وەکو کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی لێدێت.

یەکێک لە ڕێگە دیموکراتیەکان بۆ دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ هاوڵاتیان، نیزامی فیدرالیە، کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و سویسرا و زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکان و ئیمارات پەیرەوی دەکەن. وڵاتە فیدرالیەکان لە ڕوی سیاسی و ئیداریەوە دیموکراسیتر و سەرکەوتووترن، لە روی ئابوریشەوە دەوڵەمەندترن.

هەولێر دەتوانێت لەیەک کاتدا پارێزگایەکی سەربەخۆ بێت و پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بێت. ئەبوزەبی ئیمارەتێکی سەربەخۆیە، هاوکات پایتەختی حەوت ئیمارەتەکەی تری میرنشینی یەکگرتووی عەرەبیە.

دوو ئیدارەی سەربەخۆ لە پایتەختە فیدرالیەکاندا هەیە؛ یەکێکیان خۆجێیە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە، ئەوی تریان فیدرالیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە. لە ئەمریکادا، زۆر کات ئیدارەی شارەکە و ئیدارەی وڵاتەکە کە هەردوکیان لە واشنتۆندان بەدەست دوو حیزبی ڕکابەرەوەن.

تەنها ڕێگایەک بۆ ئەوەی حوکمی هەولێر و دهۆک و سەرجەم پارێزگاکانی تری کوردستان بگەڕێتەوە دەستی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو پارێزگایانە و لە ژێر دەستی حزب و قۆرغکاری ڕزگاری بێت، پەنابردنە بۆ فیدرالیەتی پارێزگاکان؛ لە ڕێیەوە هاوڵاتیان حوکمی ناوچەکانی خۆیان بکەن و چیتر ژێردەستەی حیزب نەبن.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق