ستراتیژی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان

ليست هناك تعليقات



مەشخەڵ كەوڵۆسی
-
ئەگەرچی جۆرێك لە بێ ئومێدی دروستبووە سەبارەت بەوەی هەرچی بنوسین و هەرچۆن بنوسین، هیچ گوێیەكی بیسەرمان نیە و، دەزگایەكی نەخشەكێشان لەكوردستاندا نیە كە نوسینەكانی هەموومان كۆبكاتەوەو، شیكاری بۆ بكات و، دواتر وەك پێشنیار یاخود وەكو زەنگی مەترسی بدرێتە حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسی و یاساییەكانی هەرێم تاكو ببنە بەشێك لەپرۆسەی بڕیار. 

لەگەڵ ئەو بێ ئومێدییەشدا، ئێمە وەكو ئەركی پیشەیی خۆمان، هەروەها وەكو ویژدانی نەتەوەییمان، پێویستمان بەوەیە لەهەر جوڵەیەكدا مەترسییەكمان بەدیكرد، هەڵسەنگاندنی خۆمانی بۆ بكەین و ئەوەندەی پێمان دەكرێت و دەستمان پێڕادەگات، هاوار بكەین بەهیوای ئەوەی لایەنە بەرپرسیارەكانی كوردستان، مامەڵەی پێشوەختە لەگەڵ مەترسییەكاندا بكەن.

بەدەر لەو دۆخە دەرونییە، ئێمە پێویستە بەشێوەیەكی بابەتییانە تیشك بخەینە سەر ئەم قۆناغە تازەیەی “لەقاڵبدانی هەرێمی كوردستان” كە بەبڕیارەكەی “دادگای فیدراڵی” دەستی پێكردووە.

لایەنی عەرەبی ئێراق، بەچەند قۆناغێك ستراتیژی لەقاڵبدانی هەرێمی كوردستانیان دەستپێكرد، لەگەرمەی دەستپێكردنی قۆناغی بەرایی ئەم ستراتیژەدا لەڕۆژنامەی “كوردستانی نوێ” لە 2009 باسی مەترسییەكانی ئەم قرناغەو جیدیەتی قۆناغەكەم كرد. ئەوكاتە هەربەوەندەی كە حكومەتەكەی مالیكی ئامادەنەبوو بەشی پێشمەرگە لە چەك و چۆڵ و فڕۆكە دابین بكات، پێم وابوو ستراتیژی لەقاڵبدانی كوردستان دەستی پێكردوە. 

قۆناغی دووەمی ئەم ستراتیژە بەجوڵاندانی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەلایەن مالیكییەوە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش قۆناغەكانی سەرەتایی ئەم ستراتیژەبوون. یەكەمجارە داگیركەرێك ئەوەندە بوێر بێت، كیمیایی بەمیللەتێكدا بكات، دواتر لەسەردەمی گوایە كرانەوەو دیموكراسیشدا، هێز بەرانبەر هەمان گەل بجوڵێنێت، بەڵام ئێراق لەسەردەمی مالیكی ئەوەی كرد، ویستی بزانیت ئەگەر فشارەكان لەسەر كوردستان چڕتر بكاتەوە، كاردنەوەی كورد چی دەبێت؟ ئەی لایەنە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان، چ كاردانەوەیەك پیشان دەدەن؟.

هەردوو قۆناغە بەراییەكە بۆ ئێراق چووە سەر و تەنانەت لەلایەن كوردیشەوە كاردانەوەیەكی وەها پیشان نەدرا كەجێگای باس و ئاماژە پێكردن بێت.

بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان و دۆزینەوەی بیانوی جیاواز بۆ گەمارۆدان و داڕوخاندنی ئابوری كوردستان، قۆناغی جیدی و ڕاستەقینەی مەرامەكانی بەغدا بوو. دەتوانین دەستبردن بۆ كارتی بڕینی مووچە، بە جینۆسایدی سپی گەلی كوردستان لەقەڵەم بدەین لەڕووی مرۆییەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە، بێگومان قۆناغی هەرە جومگەیی لەقاڵبدانی هەرێمی كوردستانە كە تاكو ئیستاش بەردەوامە.

بەرلەوەی پەردەی ئەو قۆناغە دابدرێتەوە، بۆ ئەوەی بازنەی ئابڵۆقەدانی كوردستان تۆكمەتر بێت، دەستەڵاتدارانی عەرەبی بەغدا، دەستیان بۆ بواری یاسایی برد، ئەوان كە هەموو دەزگا و دامەزراوەكان و دەستور و یاساكانی ئێراقیان لەخزمەتی زاڵدەستی خۆیان ژێربار هێناوە، پرۆسەی لەقاڵبدانی كوردستانیان بردە بوارێكی مەترسیدار بەو هیوایەی بە لێدانێكی بكوژانە، كۆی پرۆسەی لەسەرپێی خۆوەستانی كورد، بكوژن و كۆتایی بەهەر دیاردەیەكی سەروەری كوردستان بهێنن.

ئەم یارییە ئێراقییەكان كە ئەنجامەكەی لەسەرەتاوە دیارە، یارییەكی كۆنە، پێشتر لەجەنگی ئێراق –ئێران، پێڕەویان دەكرد، ئەوكاتە خۆیان ئاماری زیانەكانیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەدا بە ئاژانسەكانی هەواڵ، دواتر هەواڵەكەیان لەئاژانسەكە وەردەگرتەوەو لەكەناڵەكەی خۆیان بڵاویان دەكردەوە، دەیانگوت: فڵان ئاژانسی بیانی زیانەكانی بەمجۆرە دیاری كردووە! لەكاتێكدا لەسەرەتاوە خۆیان مادەی خاوی زانیارییەكەیان دابوو بەو ئاژانسە!.

ئەمڕۆ لەبوار ئابڵؤقەدان و لەقاڵبدانی كوردستان، بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە، هەمان یاری دەكەن، خۆیان یاسا و دەستورەكەیان بەجۆرێك داناوە كە لەدژی كورد و فیدراڵی بێت، ئینجا دێن تەغزیەی دەكەن بەجۆرێك كە ئەنجامەكەی لەسەرەتاوە دیارە كە لەدژی كورد دەبێت، پاشان دەڵێن: ئەوە دادگا فەرمانیداوە! لەكاتێكدا یاساكەو دادگاكەی و ستافی دادگاكەی پێشتر بەجۆرێك دانراون كە لەخزمەتی هەژمونی حكومەتێكی مەركەزی عەرەبی بن و، هەموو دیاردەكانی دابەشبوونی سیادە بەسەر هەرێمەكاندا لەناوبەرێت.

ئەم قۆناغە، جیدیترین و مەترسیدارترین قۆناغی ستراتیژی لەقاڵبدانی كوردستانە. ئەوان وەك لە جوڵە و سیاسەت و نیازیان دەردەكەوێت، ڕێگەنادەن فشارێك یەخەی كوردستان بەربدات، فشارێكی تری بۆ دروست دەكەن. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ستراتیژی لەقاڵبدانی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبەنە پێشەوە، مەئالی كۆتایی ئەم ستراتیژەش هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانە.

دەبێ كورد بەیەكدەنگ بەعەرەبی ئێراق بڵێت: بوەستە! ئەگەر پێكەوەژیانمان لەئێراق ئارەزومەندانەیە وەك لە دەستوردا هاتووە، ئەوا دەبێ كۆتایی بەم ستراتیژە بێت، ئەگەریش بەزۆر پێكەوە دەژین، ئەوا ئێراق داگیركەرە و ئێمەش قەدەری بەرەنگاربوونەوەی ئەوداگیركەرەمان لەپێشە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif