شەرەف، واتا گۆردراوەکەی کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و ژن

ليست هناك تعليقات


 
بڵێسە جەبار فەرمان
-
شەرەف وشەیەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، بەڵام زۆرترین مانای کەوڵدار لە خۆدەگرێت. شەرەف ئەو وشەیەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر پێناسە و رەوشتی جیا جیای بۆ زیادو کەم دەکرێت. بە شێوەیەکی گشتی وشەی شەرەف بە واتای رەوشتبەرزی دێت و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ کەسێک لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی و متمانەپێکراویی لەلایەن کۆمەڵگەوە، ئەو کەسەی ئەم سیفەتانە لەخۆ دەگرێت بە شەریف ناودەبرێت.

رەوشتبەرزیش بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە راستگۆیی، دەستپاکی، پاراستنی ئەمانەت، ئازایەتی، دڵگەورەیی بەرامبەر بە هەژاران، رۆحی یارمەتیدان چاکەکردن و بەرگریکردن لە بێهێز و کەم تواناکان و زۆرێکی تر و ئەو خەسڵەتانە دەبنە هۆی رێزگرتنی و بەرزکردنەوەی ئاستی کەسەکە لە ناو کۆمەڵگەدا.

لە ئەزەلەوە ئەم سیفەتانە شەرافەت و رەوشتبەرزییە بۆ هەموو مرۆڤەکان و هەردوو رەگەزی نێر و مێ یەکسان بوون، بەڵام بە گۆڕانی کات و شوێن ئەم سیفەتانە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. لە سەدەکانی پێشوودا لە ئەوروپا و تێکڕای جیهان کەسەکان لەسەر بنەمای ئەندامێتیان لە خێزانە پلە بەرزەکانی کۆمەڵگە بە شەریف دانراون.

لە دوورگەی عەرەبی پێش هاتنی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) کەسانی خێزانە گەورەکانی ناوچەکە بە شەریف دانراون و بە چاوی رێزەوە تەماشاکراون. دوای هاتنی پێغەمبەر و لە خۆشەویستی ئەوەوە ئەندامانی بەنی هاشم لە ریزی ئەشرافەکان ئەژمار کراون.

کورد و شەرەف
لە کۆمەڵگەی کوردەواری دا بەهەمان شێوە ئەندامانی خێزانە چینە بەرزەکان بە شەریف دانراون. شەریف بوون تەنها و تەنها بە شایستەی خانەدان واتە نۆبڵەکان بینراوە لە تێکڕای جیهان. ئەو سیفەتانەی رەوشتبەرزی کە بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ یەکسان بوو، ئێستا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و جیاوازی دەکرێت لە نێوان شەریفبوونی پیاو و شەریفبوونی ژندا.

رۆژئاوا و شەرەف
لە وڵاتانی جیهانی یەکەم و رۆژئاوا بەتایبەتی «کارکردن» و «کار» وەک بنەما بۆ شەرەفی مرۆڤەکان تەماشا دەکرێت. ئەمە بە واتای ئەوە نا کە ئەو کەسەی بێکار بوو شەریف نییە، بەڵکو بەو ماناو پایەیە نرخی زۆر دراوە بە کار. مرۆڤەکان بە کارکردنیان هەڵدەسەنگێندرێن یان پێناسەدەکرێن. فەلسەفەی کارەکەت پێناسەتە چۆتە ناو شێوەی بیرکردنەوەی هەموو تاکەکانەوە. ئەمە فەلسەفەی کاری کۆمۆنیستی و سەرمایەداری کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی تاکەکان هەبووە سەبارەت بە شەرەف.

مرۆڤ گەر نێر بێ یاخود مێ دەبێت خاوەنی کاری خۆی بێت و لەسەر پێی خۆی راوەستابێت وەک دەوترێت شەریفانە بژێوی ژیانی بەدەست بهێنێت ئەوکات بە مرۆڤێکی بەشەرەف دادەنرێت.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم فەلسەفەی کارە بەگشتی بۆ پیاوەکان و گەورەی خێزانەکان رەچاو دەکرێت. هەرکات پیاوێک بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی بەدەستهێنا بە شەریف ناودەهێنرێت. جەخت لەسەر شێوازی دروستی بەدەستهێنانی بژێوی ناکرێتەوە، واتا ئەگەر بە شێوازی ناتەندروستیش بژێوی ژیان پەیدا بکرێت کێشە نییەو گرنگ ئەوەیە وەک دەوترێت دەست بۆ کەس پان نەکاتەوە.

بە ژنێک دەوترێت شەریف گەر هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستی و سۆزداری نەبووبێت.

شەرەف خرایە سەر شانی ژن
دواتر واتای وشەی شەرەف بۆ پیاو دووبارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئەرکی شەرەف لەسەر شانی لابراو بە تەنیا خرایە سەر شانی ژن. پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری بۆ پیاو لە شەرەفی کەم ناکاتەوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کەی و بۆ شەرەفی پیاو گوازرایەوە بۆ دایک و خوشک و هاوسەرەکەی مەسەلەی خۆشەویستی و سۆزداری ئەندامێکی مێینەی خێزانێک بوو بە پێوەر بۆ شەرەف؟ ئەو کۆمەڵگایانەی راگوزەرن واتە روو لە گۆڕانکارین و لە کۆمەڵگەیەکی تەقلیدیەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن هەنگاو دەنێن جۆرێک لە پەرتەوازەیی و ونبوون بە خۆیانەوە دەبینن لە هەموو بوارەکاندا.

ئەم ئاڵوگۆرەی واتای شەرەف و گواستنەوەی لە سەرشانی پیاوەوە بۆ سەر ئەندامانی مێینەی خێزان و بچوکردنەوەی لە پەیوەندی سۆزداریی، یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم راگوزەرییە لەنێوان دوو واقعی کۆمەڵگەدا.

کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا بە تەواوەتی و بنەماکانی مۆدێرنی تێیدا نەچەسپیووە و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی تەقلیدیشی لەدەستداوە. هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەسڵەتەکانی وەکو شەهامەت و راستگۆیی و دەستپاکی و بەپەیمانبوون و زۆرێکی تریش لەو سیفەت و ئەدگارانە گرنگی خۆیان لە دەست بدەن.

لێرەدا ئەرکی حکومەت و حزب و رێکخراوەکان سەرکردەکانە رێنوێنی کۆمەڵگە بکەن و لە لێکترازان بیپارێزن. گەربێت و دیراسەیەکی هەرێمی کوردستان بکەین ئەوا دەبینین لە سی ساڵی رابردوو تائێستا توندوتیژی لەناو کۆمەڵگاکەمان دا رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە. توندوتیژی بەرامبەر بە ژن، بەرامبەر بە منداڵ بە پلەی سەرەکی و بەرفراوان. ئینجا توندوتیژی پیاوان بەرامبەر یەکتر و بەرامبەر بە ژن. بەگشتی توندوتیژی دیاردەیە مرۆڤەکان بەرامبەر بەخۆیان و بەرامبەر بە ئاژەڵ و سروشتیش دەیکەن.

چی لەکەیە بۆ سەر شەرەف؟
رەوشتبەرزی و شەرەف بچوکراوەتەوە بەتەنیا خراوەتە سەر شانی ژن، بەڵام تاوانی گەورە بەرامبەر بەخاک و گەل بەرامبەر بە بەها گەورەکانی مرۆڤایەتی و بەرامبەر بە دین و دونیا دەکرێت. لەکە ناخاتە سەر شەرەفمەندی. ئەم هەڵە بنەڕەتییە چەسپیووە بە پڕۆسەیەکی مەودا دوور دەبێت راستبکرێتەوە.

تیشک خستنەسەر فیمینساید
لێرەدا بەپێویستی دەزانم باس لە چەمکێکی نوێ بکەم

(فیمینیساید) بەمانای سڕینەوە و بەکەمگرتنی ژن لەهەموو روویەکەوە. فیمینیساید بەشێوازی جیاجیا لەسەر ژن پیادە دەکرێت. لەچوارچێوەی ئەم بابەتەدا سەرکوتکردن و پەراوێزخستن و بەکەمگرتن لەکایە جیاوازەکانی ژیاندا پەیڕەو دەکرێت.

ئەم چەمک و بابەتە پێویستی بە تیشک خستنەسەر هەیە. بەگشتی ئەرک لە ئەستۆی هەموو ئەوانەن هەست بەم هەڵەیە دەکەن راستی بکەنەوە. لەژێر ئەو چەمکەدا توندوتیژی و تاوانی زۆر دەکرێت. زۆرێک بە بەهانەی شەرەفەوە ژیانیان لێ زەوتکرا.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە مانای شەرەف بخرێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی کە وەک چەترێکی گشتی وەک بەهای هەموو ئینجا تاک تەماشا بکرێت. وەک راستگۆیی، خزمەتکردن، کارو وەفاداری.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif