فازل میرانی وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە دۆخی عێراق دەداتەوە

ليست هناك تعليقات

 


فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتووێژی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە لە بارەی بۆچونی پارتی لەسەر دۆخی عێراق، بوونی کاندیدی تری ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی.

لە سەرەتای قسەکانیدا فازڵ میرانی دەربارەی ئەوەی پارتی دیموکراتی کورستان بڕیاری چیداوە کە ئێستا دەنگەکان و چاوەکان لەسەر ئێوەیە سەبارەت بەوەی کاندیدی ترتان دەبێت یاخود کاک هۆشیار زێباری وەکو کاندیدی سەرۆک کۆمار دەمێنێتەوە؟

میرانی وتی"پرۆسەکە جارێ چەقیووە، کێشەی کاک هۆشیاریش بە ڕاستی لە گەندەڵی نییە، بەڵکو خراپ بەڕێوەبردنی دارایی بووە بەپێی ڕاپۆرتی بەرایی کە بینیومانە، یاسای کاروباری دارایی هەیە لە وەزارەتەکە ئەوەی ئیشی کردووە ئەو ستافە بەرپرسە لێی، ئەوەش دراوە بە دادگا و هێشتا بڕیاری کۆتایی دادگاش نەدراوە کە دادگای کەرخە، بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەکەوێتە یەکشەممە ئایا بڕیاری وەلائی ڕەتدەکرێتەوە یان دەگۆڕدرێت وەکو ئەوەی خوانەخواستە مەرجەکانی تێدا نییە لە هەردوو حاڵەتدا بەرچاو ڕوون دەبین بەدڵنیاییەوە ئێمە کە چووینە ناو هەڵبژاردنەوە هەتا ڕوانگەی ڕێککەوتنیش هەبێت لەگەڵ برادەرانی یەکێتی(هەر بۆ زانیاری ئەمڕۆ کاک بافڵ دێتەوە لای جەنابی سەرۆک) ئێمە دەبێت کاندیدێکی ترمان ئیحتیات-یەدەگ هەبێت ئینجا ئێمە لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوین یان ڕێکنەکەوین دادگای فیدراڵی ڕای خۆی بگۆڕێت یان نەگۆڕێت، ئیحتیات باشە ئێمە کاندیدێکی ترمان دەبێت."

ئایا کاندیدەکەتان کێ دەبێت؟

" کاندیدەکەمان جارێ مەعلوم نییە بەدڵنیاییەوە لە هەموو حزبەکان کاندیدی دیاریکراویان هەیە ئەگەری زۆرە کاک دکتۆر فوئاد یەکێک بێت بۆ نموونە دەڵێم، دەمێنێتەوە سەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کاک بافڵ لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئومێدەوارین کە کۆبوونەوەیەکی باش ببێت پاش ئەوە مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕێکبکەوین، ئینجا چ برادەرانی یەکێتی لە قەرەبووی سەرۆک کۆمار ڕازی بن چ لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون بە هەرحاڵ ئەمە لە بەرژەوەندی کورد و کوردستاندایە و لە بەرژەوەندی هەردوو حزبیشدایە لەم 72 سەعاتەی دێت هەتا یەکشەممە شتەکان ڕۆشنتر دەبێت. "

میرانی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا لە ئێستادا بژاردەکانی بەردەم پارتی دیموکراتی کورستان چین؟
واتە ئێوە ئەو پێشنیارانە دەخەنە بەردەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەگەر سەرۆک کۆمار بۆ ئەوان بێت قەرەبووی چی بە پارتی بدەن لە پۆستەکان؟

فازڵ میرانی دەڵێت"جاران پارتی چی هەبووە کە یەکێتی سەرۆک کۆماری هەبوو حەقە برادەرانی یەکێتیش بێبەش نەبن جێگری سەرۆک وەزیران هەیە، وەزیری دەرەوە هەیە ئێمە کە داوای یەکڕیزی کورد دەکەین خۆناکرێت بڵین هەموو شتێک بۆ ئێمە و یەکێتیش بێبەش بێت جەنابی سەرۆک لەوەدا پێی باشە ئێمە لە کۆتایی تونێلەکەش بین هەر بگەینە ڕێککەوتنێک چ پێکەوە لە تونێلەکە بگەڕێنەوە و چ دەرباز بین بەدڵنیاییەوە ئێمە دەبێت شایستەکانی برادەرانی یەکێتی دابین بکەین. "

پرسیار؛ کەواتە بە کورت و پوختی پارتی ئامادەیە تەنازول – سازش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بکات لە بەرامبەر پۆستەکان، وە بە پێچەوانەشەوە هەموو پۆستەکان بدات بە یەکێتی لە بەرامبەردا تەنها ئەو پۆستە بۆ خۆی بێت؟

فازڵ میرانی لە وەڵامدا وتی "ئەگەری زۆرە لەسەر کاندیدێک کە لە هەردوولا نەبێت ڕێکبکەوین بەڵام من بە کۆنکریتی ناڵێم، وە لەوانەیە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، بەڵام ئەوە چەندین جارە سەرۆک کۆمار بۆ برادەرانی یەکێتیە قەیچێکە با ئەم چوار ساڵەش بۆ پارتی بێت و برادەرانی یەکێتی پۆستەکانی تر وەربگرن بە کورتی لەم دوو سێ بژاردەیە زیاترمان نییە یان بەداخەوە هەردوولامان دەچین خەڵکێکی غەیری کورد دیاری دەکەین یان دەنگی پێدەدەن کە باش نییە بۆ ئێمە وەکو میللەتێک یاخود لەسەر کاندیدێکی غەیری پارتی و یەکێتی ڕێکدەکەوین یان ئەوەتا هەردوولامان لەسەر کاندیدێکی پارتی یان یەکێتی ڕێکدەکەوین ئیتر بە یەک کاندید دەچینەوە بۆ هەڵبژاردن و ئنشائەڵا ئەوە ببێت. "

لە وەڵامدا سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند" بە ڕاستی پارتی لەو هزرەدا نەبوو بەڵام وای لێهات، بەداخەوە وامان لێکردووە ئەگەر نا دەکرا وای لێنەیەت دەکرا کورد بە یەکگرتووی بچێت بۆ پرۆسەکە و پێگەی کورد قایمتر بێت تەنانەت لەسەر حسابی هەردوو حزبیش بوایە خەڵکی باشمان لەناو کوردستاندا زۆر هەیە بە هەرحاڵ گەیشتە ئەم قۆناغە، ئێستاش یەکێتی و پارتی کە پێکەوە شۆڕشیان کردووە و پێکەوە ڕاپەڕینیان کردووە و هەڵبژاردنی ساڵی 1992 یان کردووە بەداخەوە شەڕی ناوخۆیان کردووە و ئاشبوونەتەوە دیسان ئینگلیزی وتەنی (If there is will, there is way)ئەگەر ئینسان ئیرادەی هەبێت و ئارەزووی هەبێت ڕێگەچارە دەدۆزێتەوە. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، میدیا عێراقیەکان و کوردییەکان ناوی بەڕێزیشت وەکو کاندید دەهێنن، ئەمانەوێت قسەی بەڕێزتان بزانیین لەو بارەیەوە؟

فازڵ میرانی وتی "نە من تەمام تێدا هەبووە و نە تەماشم تێدا هەیە، ناوی من لای خۆتان لە ڕیزی کاندیدەکان بسڕنەوە چونکە من بەنیاز نیم "

" تیوتەکەی جەنابی موقتەدا سەد‌ر لەسەر ناوهێنانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمە پێی قەڵس بووین من وەکو خۆم پێی قەڵس بووم "

دەربارەی چارەنووسی پارتی دیموکراتی کوردستان یاخود هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکەتان لەگەڵ لایەنی سەدری و سونیەکان بە کوێ گەیشتووە و بەچی دەگات؟

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی " هاوپەیمانیەکەی ئێمە بەردەوام دەبێت مانای ئەوە نییە ئێمە تەراجع- بگەڕینەوە، نایشارمەوە تیوتەکەی جەنابی موقتەدا سەد‌ر لەسەر ناوهێنانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمە پێی قەڵس بووین من وەکو خۆم پێی قەڵس بووم، چونکە دەکرا بڵێت هەر کاندیدێک مەرجەکانی تێدا نەبێت چ نەزاهە- دەستپاکی بێت چ مەسەلەی مەرجەکان بێت ئێمە دەنگی پێنادەین بەڵام هی ئێمە دەربهێنێت لەناو هەموو کاندیدەکان و باسی بکات ئەوە باش نەبوو بۆ ئێمە و بۆ کاندیدی ئێمەش بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە لە هاوپەیمانییەکە دەربچین چونکە چەند نزیکی یەکتری بین باشە لەگەڵ بەرەکەش هەروا، واتە هەوڵی ئێمە بەردەوام بێت، جەنابی سەرۆک، کاک نێچیرەڤانی نارد، هەوڵەکانی ئێمە بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەرەی تەنسیق- هەماهەنگی خەریکین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش خەریکین لەگەڵ دەوڵەتەکانی تریش لەڕێگەی باڵوێزخانەکانیانەوە خەریکین بە کورتی دەبێت ئێمە چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە بکەین، بەبۆچوونی من جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان بەرەکە و لە نێوان هاوپەیمانیەکەش دەبێت لەم نزیکانەدا. "

سەبارەت بەوەی ئەگەر وەکو یەکێک لە سیناریۆکان سەدر بوو بە ئۆپۆزیسیۆن ئێوە چی دەکەن؟

فازڵ میرانی وتی " ئێمە ناتوانین ببینە ئۆپۆزیسیۆن نە ئێمە نە یەکێتی بە ڕای من ئەم دوو حزبە ناکرێت ببنە ئۆپۆزیسیۆن چونکە ئۆپۆزیسیۆن بووین کە ویستمان ڕژێم بگۆڕین بەڵام ئێستا ئێمە وڵاتێک بەدەستمانەوە هەیە لێپرسراوی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤین و ئیدارەیەکی فیدراڵیمان هەیە و پەرلەمانمان هەیە و سەرۆکایەتی هەرێمان هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بۆچی ئۆپۆزیسیۆن بین، ئەوان لەسەر حوکمی عێراق دەتوانن یەکیان ئۆپۆزیسیۆن بێت بەڵام ئێمە لەسەرچی ! ئێمە دەمانەوێت خزمەتی فیدراڵیەتەکەی وڵاتی خۆمان بکەین ئێمە ئۆپۆزیسیۆنی هەڵنابژێرین، دروستیش نییە نە پارتی نە یەکێتی بیر لە ئۆپۆزیسیۆنی بکەنەوە . "
هەروەها لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئێوە چارتان نەما و هاوپەیمانیەتەکە هەڵوەشایەوە، ئێوە دەچنە هاوپەیمانێتی بەرەی تەنیسق- هەماهەنگی ؟

میرانی لە وەڵامدا دەڵێت " نەبوونە بە ئۆپۆزیسیۆن مانای ئەوە نییە سەنگەرەکە بگۆڕدرێت بۆ ئەملاولای دیکە، ئێمە ئێستا لە هاوپەیمانیەتیەکداین بۆ دامەزراندنی حکومەتێک ئەو حکومەتە ڤیتۆی لەسەر کەس دانەناوە مەگەر لەلایەن تەیاری سەدر‌وە لەسەر کەسێک لەگەڵ باقی بەرەکە ڤیتۆ نییە، حکومەتەکە هی هەموویان دەبێت، حکومەتێکی نیشتمانی فراوان دەبێت، زۆرینەی نیشتمانی، خۆ بەرەی تەنسیق_هەماهەنگیش نیشتمانین خەڵکی عێراقن و هەڵبژادنیان کردووە و کورسیان هەیە و کەمیش نیین، ژمارەی دەنگەکانیان زۆر زۆرە کە لە ژمارەی کورسیەکانیان زۆرترە کەواتە ئەوان ئەگەر ببنە ئۆپۆزیسیۆن و سەنگەری خۆیان بگۆڕن لە حوکمڕانیەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و لە ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ حوکمڕانی بەڵام پارتی و یەکێتی و حزبە کوردییەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی لێپرسراون بەرامبەر بەم هەرێمە مەنتیق- لۆژیک قبوڵ ناکات ببنە ئۆپۆزیسیۆن. "

ئاماژەت بەوەکرد کە تیوتەکەی موقتەدا سەدەر ئێوەی نیگەران کرد بە کەسی خۆشتەوە، دوای ئەو تیوتە کاک مەسعود و موقتەدا سەدەر قسەیان بەیەکەوە کرد لە ڕێگەی تەلەفونەوە، هیچ پۆزشێکی هێنایەوە یاخود هیچ ڕوونکردنەوەیەکی داوە بە کاک مەسعود؟

وەڵامەکەی فازڵ میرانی بەم جۆرە بوو " ئامێری چاودێرکردنم نییە لەسەر تەلەفونەکانیان، بە منیان نەوتووە بەڵام یاریەکی زیرەکانە کرا کە بایکۆتی دانیشتنی 7ی مانگی کرد چونکە دەکرا پێشبینی دەکرا تەیاری تر کۆبوونەوەکە بکات و ڕێژەی نیساب تەواو بکات و بەڕە لەبن پێی هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکەی دەربهێنێت بە ڕای من ئەوە یاریەکی زیرەکانە بوو هەرچەندە برادەرانی ئێمە پێی نیگەران بوون کەواتە بایکۆتی دانیشتنەکە لە بەرژەوەندی هاوپەیمانیەتەکە بوو زیاتر. "

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لە درێژەی وتووێژەکە، ئەوەی لە سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسی، لە کاتێکدا وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیش باسی شەڕی نەتەوایەتیتان دەکرد، بەڵام وەک دەڵێن ئێستا پارتی و یەکێتی کەوتوونەتە یەکتر شکاندنەوە و گیانی یەکتر لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، پۆستی سەرۆک کۆمار چ سوودێکی بۆ سەرۆک کۆمار هەبووە لە 16 ساڵی ڕابردوودا؟

لە وەڵامدا فازڵ میرانی وتی " لە ڕاستیدا بۆ کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار قازانجێکی وای نەبووە مەگەر کوردێک بووە بە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ مەکانەتی کوردە چونکە یەکەم دەسەڵاتی دیاریکراوە، دووەم بێجگە لە خوالێخۆشبوو مام جەلال نەبێت مام جەلال دەسەڵاتی بەخۆی دەدا بە پەیوەندی کەسی شتێکی دەکرد بۆ کوردستان لە ڕێگەی بودجە بێت یان مەسەلەی تر بێت، بەڵام لە دوای ئەوە هیچ قازانجێکی نەبووە، من تەسەور ناکەم ئەوەی لەدوای مام جەلال یەکێتی بێت یان پارتیش بتوانن ئەوەی مام جەلال کردوویەتی (بەڕەحمەت بێت) وەکو سەرۆک کۆمار بۆ هەرێمی کوردستان خەلیفەکان- جێگرەوەکانی ئەو هەر کامیان بێت ناتوانن ئەوە بکەنەوە.

سەبارەت بەوەی پارتی هەستیاری چیە لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح؟ چونکە باس لەوە دەکرا کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڤیتۆی لەسەری هەیە و هەستیاری پێ هەیە، هەستیاریتان چیە لەگەڵ ئەو کاندیدەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەو پۆستە؟

فازڵ میرانی لە وەڵامدا وتی" بە بۆچوونی ئێمە هەندێک هەنگاوی هاویشتووە کاک بەرهەم نەدەبووایە بیهاوێژێت، وە زیانی لە کورد داوە و بۆ کورد هیچی نەکردووە، ئەوەی کە دەبینین، من دەڵێم ئەو زیرەکیەی کاک بەرهەم هەیەتی بۆ کورد بەکاری نەهێناوە لە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ یەکێتی و پارتیش بەکاری نەهێناوە دەکرێت بڵێن بۆخۆی بەکاری هێناوە من نامەوێت لەوە زیاتر مەسەلەی کەسی باس بکەم چونکە هەڵسەنگاندنی کاک بەرهەم دەبێت یەکێتی نیشتمانی بیکات چ ئەو ماوەیەی دەرچوو چ ئەو ماوەیەشی گەڕایەوە ناو یەکێتی چ ئەو ماوەیەی سەرۆک کۆمار بووە یان سەرۆک کۆمار نەبووە لەبەر ئەوە من حەز ناکەم خۆم بکەمە بریکاری یەکێتی و هەڵسەنگاندنی کاندیدی ئەو بکەم هەرچەندە نوێنەری کوردیش بووە لەوێ ئەوەشی دەنگی پێنەداوە بەڵام خۆ ئەو کوردێکە ئێمە پێخۆشحاڵ دەبین بە باشیەکانی و بە هەڵەکانیش پێی قەڵس دەبین چونکە بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەموومانە بە شێوەیەکی واقیعی و مەنتیقی، ئەوە زیاتر بۆ برادەرانی یەکێتی جێ دەهێڵم. "

میرانی وەڵامەکەی بەم جۆرە دایەوە" حەز دەکەم چی بۆ کورد کراوە پێمان بڵێت یان لە سەرۆکایەتی کۆمار برادەرانی یەکێتی ئێستا دیعایە- بانگەشەی بۆ دەکەن حەزدەکەم بڵێن ئەمەی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان یان بۆ کورد. "

"منیش سەرسوڕماوم بۆ ئێمە و یەکێتی لەسەر ئەم پۆستەی کە هیچ پێشبینیەکی زیادی لێناکرێت بۆ دەستی یەکتر بشکێنین لەسەر ئەم پۆستە "

بەڵام لە بەرامبەردا قسەی ئێوەدا کە دەڵێن(د. بەرهەم هیچی بۆ کورد نەکردووە) یەکێتیەکان دەڵێن ئەی سەرۆکایەتی هەرێم چی بۆ کورد کردووە ئەگەر هی عێراق نەیکردبێت؟

لە وەڵامدا فازڵ میرانی وتی"منیش سەرسوڕماوم بۆ ئێمە و یەکێتی لەسەر ئەم پۆستەی کە هیچ پێشبینیەکی زیادی لێناکرێت بۆ دەستی یەکتر بشکێنین لەسەر ئەم پۆستە! "

دەربارەی ئەو پرسیارەی ئەگەر ئەم کاندیدە لە ڕووی یاساییەوە کە یاساناسان باس لەوە دەکەن ئەم بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دووبارەکردنەوەی دەرگا بۆ خۆکاندید کردن نادەستوریە، دوێنێ سکاڵا تۆمار کراوە لە دادگای فیدراڵی ئەگەر ئەو بڕیارەی حەلبوسی هەڵوەشایەوە کە لە وەڵامی یەکەمدا ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کە کاندیدی یەدەگتان دەبێت، ئێمه وەک بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دوێنێ‌ قسەمان لەگەڵ دکتۆر نوری تاڵەبانی کرد‌ پسپۆڕی بواری دەستوری ئەویش هەمان بۆچوونی هەیە، پارتی چی دەکات ئەگەر ئەم بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵوەشایەوە هەتا ئەگەر بووش بە سەرۆک کۆمار دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت لە کاری بخات؟

فازڵ میرانی دەڵێت" دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر دوو پرسیارە یەکێکیان ماددەی 72 ئایا ئەگەر سەرۆکێک هەڵنەبژێردرێت سەرۆک کۆمار بەردەوام دەبێت چونکە دادگای فیدراڵی پێشتر بڕیارێکی ئاوای هەیە کە سەرۆک بەردەوام دەبێت هەتا سەرۆکێک بەردەوام دەبێت بەڵام لە دەستوریش دەبێت سەرۆک بە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرۆک لە کارەکانی خۆی نامێنێت یان سەرۆکێک هەڵدەبژێردرێت یان بۆ مانگێک سەرۆکی پەرلەمان بۆ مانگێک سەرۆکایەتی عێراق بەڕێوە دەبات ئەمە دەبێت دادگای فیدراڵی وەڵامی کاک بەرهەمیش بدەنەوە، دووەم دادگای فیدراڵی ڕۆژی یەکشەممە دەبێت یان بڕیاری وەلائی خۆی رەتبکاتەوە لەو کاتەدا کاک هۆشیار بەردەوام دەبێت لەو پرۆسەیە چونکە ئەو بڕیارە وەلائیە و کاتیە ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان بە نادەستوری زانی ئەو کاتەش (لکل حادث حدیث) . "

پێشبینیتان چیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی و پێتان وایە چی لە عێراقدا ڕوو دەدات؟


میرانی وتی"زۆر بە کورتی دەڵێم سەرۆک وەزیرانی ئایندەی عێراق دەبێت ئێران و ئەمەریکا لەسەری ڕێکبکەون کورت و کرمانجی ئەوە ڕای منە. "

ئەی سەرۆک کۆمار؟

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی"سەرۆک کۆمار کێشەی نیـیە چونکە زۆرینەی خەڵکی عێراق شیعەن، کێشەی گەورە لەسەر سەرۆک وەزیرانە ئەوە گرنگترە چونکە سەرۆک وەزیران سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە وەکو چۆن کاتی خۆی لە دوای عادل عەبدول مەهدی ئێران و ئەمەریکا ڕێکەوتبوون لەسەر مستەفا کازمی، ئەمەریکا دەبێت بڵێت ئێران ڕای چیە لەسەر فڵان کاندید و ئێرانیش دەڵێت ڕای ئەمەریکا چیە ئەوە ڕای منە چونکە هەردووکیان بەرژەوەندیان لە عێراقدا هەیە، وە هەردووکیان سەرۆک وەزیران بە ڕەچاوکەری بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانە لە عێراقدا دەزانن. "

لە دواین پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، دەربارەی ئەوەی دەوترێت ئێرانیـیەکان بە ئێوەیان وتووە وەکو پارتی یان بە کاک مەسعود وتراوە کە بڵێن دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار لای یەکێتی بێت یان ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت؟

لە وەڵامدا فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" ئێرانییەکان بەو ڕوونیە نە بە ئێمەیان وتووە و نە بە یەکێتی ئەگەر یە‌کێکیش زۆر نزیکتر بێت لە ئێران و پێی وترابێت ئەوە مەسەلەیەکی کەسیە و مەسەلەیەکی حزبی نییە، وە ئێران هەمیشە هەوڵیداوە دووریەکی هاوسەنگ لە پارتی و یەکێتی وەربگرێت . "

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif