شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە

ليست هناك تعليقات

 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەتای شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا و زنجیرەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەستیپێکردووە و ڤایرۆسەکە بەخێرایی لە بڵاوبوونەوەدایە.

 دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا هۆشداری لەبارەی دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا دا و داوای لە هاونیشتمانییان کرد پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن، لەكاتی بوونی نیشانەكانی نەخۆشییەکەش سەردانی سەنتەرەكانی پشكنین و سەنتەرەکانی كۆرۆنا بكەن.

کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن یەکێکە لە مەترسیدارترین زنجیرەکانی ئەو جۆرە ڤایرۆسە، کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە بووە هۆی داخستنی سنووری بەشێک لە وڵاتەکان لەگەڵ ئەفریقای باشوور کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنا بوو.

رۆژی پێنجشەممەش 06-01-2022 پێنج تووشبووی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە دهۆک تۆمارکران کە هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون و 10 رۆژ پێش ئەو کاتە لە دەرەوەی وڵات گەڕابوونەوە.

دکتۆر سامان بەرزنجی داواش دەکات هاونیشتمانییان ڤاکسین وەربگرن و دەمامک ببەستن، هەروەها لە شوێنە قەرەباڵخەکان دووربکەنەوە.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوەیە، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی کە دوێنێ بڵاویکردەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا 751 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و پێنج کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە.

تووشبووەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوون:

هەولێر: 251 تووشبوو
سلێمانی: 331 تووشبوو
دهۆك: 151 تووشبوو
هەڵەبجە: یەک تووشبوو
گەرمیان: 13 تووشبوو
راپەڕین: 4 تووشبوو

لە ماوەی ئەو 24 کاژێرەدا پێنج هەزار و 306 پشکنین کراون و 154 کەسی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تاوەکو ئێستا 384 هەزار و 182 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش حەوت هەزار و 151 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif