کۆریای باکوور دوو مووشەکی دیکەی تاقیکردەوە

ليست هناك تعليقات


کۆریای باشوور رایدەگەیێنێت کۆریای باکوور دوو مووشەکی دیکەی تاقیکردووەتەوە، کە پێدەچێت مووشەکی بالیستی بن. ئەمەش دەبێتە شەشەمین تاقیکردنەوەی مووشەکی لەلایەن ئەو وڵاتە تەنیا لەم مانگەدا.

بەگوێرەی ناوەندی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە ناوەندێکی ئەمریکییە، چەند دەیەکە پیۆنگیانگ زنجیرەیەکی وەها درێژی تاقیکردنەوەی مووشەکی نەکردووە.

رۆژی پێنجشەممە 27-1-2022 سەرۆک ئەرکانی سووپای کۆریای باشوور رایگەیاند هەستیان بە تەقاندنی دوو مووشەکی کورتمەودای بالیستی کردووە کە کاژێر 8ـی بەیانی بەکاتی سیئۆل (ـی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) لە شاری هامهۆنگی رۆژهەڵاتی کۆریای باکوور بەرەو دەریای رۆژهەڵات هاوێژراون. دەشڵێت مووشەکەکان لە بەرزیی 20 کیلۆمەترەوە بە درێژایی 190 کیلۆمەتر هاوێژراون.

لای خۆشیەوە، هەر رۆژی پێنجشەممە و لەدوای تاقیکردنەوەی مووشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند تاقیکردنەوەی بەردەوامی مووشەکیی لەلایەن کۆریای باکوورەوە "زۆر جێی نیگەرانین". ئاماژەی بەوەش کرد ئەم تاقیکردنەوانە یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات،

کیشیدا گوتیشی ئاگاداری راگەیێندراوی کۆریای باشوورە کە ئاماژە بەوە دەکات کۆریای باکوور دوو مووشەکی کورتمەودای تاقیکردوونەتەوە. گوتیشی هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین لەبارەی تاقیکردنەوەکە "تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکیان لەبارەی زیانەکانی مووشەکەکان لە کەناراوەکانی ژاپۆن پێنەگەیشتووە".

لە سەرەتای ئەم مانگەدا و بە دیاریکراوی لە 5 و 11ـی مانگی کانوونی دووەمدا، کۆریای باکوور دوو مووشەکی دەنگبڕی تاقیکردەوە. دوای ئەوەش لە 14 و 17ـی ئەم مانگەدا دوو مووشەکی بالیستیی تاقیکردەوە و دواتریش، رۆژی سێشەممە 25-1-2022 پیۆنگیانگ دوو مووشەکی ژێردەریایی تاقیکردەوە و ئەوەی ئەمڕۆش بە دوایین زنجیرەی تاقیکردنەوەی مووشەکیی لەلایەن ئەو وڵاتەوە دادەنرێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق