پارتی و سەرۆکایەتیی کۆمار؛ گوتارێکی شپرز و دڵەڕاوکێیەکی گەورە

ليست هناك تعليقات


حەمە ڕەشید ئەحمەد
-
لێکدانەوەی لێدوان و ھەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بە تایبەتیش سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و پۆست و بەرکەوتەکانی کورد لە بەغدا، زیاتر لە خوێندنەوەیەک ھەڵدەگرن و دەمان گەیەننە ئەو بڕوایەی کە ئەو لێدوان و ھەڵوێستانە گوزارشت لە سێ ڕاستیی ڕۆشن دەکەن:

یەکەم: بوونی شپرزیی و دژیەکییەکی ڕوون لە سەرەتاوە تا ئێستا، لە گوتاری بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق.

دووەم: بوونی ترس و دڵەڕاوکێی گەورە لای پارتی بەرانبەر ئەگەری شکستھێنانی زێباریی لە بەرانبەر بەرھەم ساڵح، ھاوشێوەی شکستەکەی دکتۆر فوئاد حسێن لە ساڵی ٢٠١٨ و بە ھۆی ئەو دۆسیە گەندەڵییانەی لە سەری ساغبوونەتەوە و بوونە ھۆی لێسەندنەوەی متمانە لێی و لەکەداربوونی کەسایەتیی سیاسیی.

سێیەم: پارتی ھەر لە سەرەتاوە خاوەنی یەک گوتار و سیاسەتێکی یەکگرتوو نەبووە بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق و ناکۆکیی گەورەیان ھەبووە، ھەروەکو چۆن لە ھەندێک ھەڵوێست و قۆناغی دیکەی جیادا؛ جیاوازیی قووڵ بە ھەردوو ھێڵی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییەوە بینراوە.

ئەگەر بە لێدوان و ھەڵوێستەکانی پارتیدا بڕۆینەوە لە ماوەی ڕابردوودا؛ لە سەرەتای قۆناغەکەدا پارتی ڕایگەیاند پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئەگەرچی بەرکەوتەی کوردە، بەڵام دەبێت بە تەنسیق بێت لە نێوان ئێمە و یەکێتییدا، گوتاریان توندی و داکۆکییەکی ئەوتۆی پێوە نەدەبینرا بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە.

پاشان لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا، کە لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەدا ساز کرا، پارتی دوور لە ھەر سازان و ڕێککەوتنێکی کوردیی کوردیی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەر کرد، بەڵام دوابەدوای کۆبوونەوەکە ھەریەک لە فازڵ میرانی و ھۆشیار زێباریی و شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایانگەیاند کە بۆیە پۆستی جێگری دووەمیان بردووە، چونکە پۆستی سەرۆککۆماریان بۆ غەیری خۆیان بەجێ ھێشتووە و حیزبەکەیان چاوی لەو پۆستە نییە. بەڵام دواتر و لە ھەڵوێستێکی دیکەدا وتیان ئێمە ئەگەرچی پۆستی سەرۆککۆمار نابەین، بەڵام ئەوە بەو مەرجە دەبێت کە بەرھەم ساڵح لە کاندیدیی دوور بخرێتەوە. ئەمەش عەیبەیەکی گەورەی ھێنایە سەر پارتی و بارزانی، چونکە وڕکگرتنێکی بێپاساو بوو لە کاندیدێکی بەھێزی سەرۆکایەتیی کۆمار. ئەوەبوو دواتر وتیان ئێمە گرفتمان لەگەڵ شەخس نییە و ھیچمان لەگەڵ بەرھەم ساڵح نییە و ناوبراو کادرێکی باڵای یەکێتییە.

ھێندەی نەبرد بارزانی بە ناوی بارەگاکەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی توندی لە دژی لێدوانەکانی میرانی و زێباریی و شاخەوان بڵاوکردەوە و مەسەلەکەی لەوێدا ئاڵقان و ڕایگەیاند کەس بۆی نییە بە ناوی پارتییەوە قسە بکات جگە لە وتەبێژ، ھەر لە دوای ئەو ڕوونکردنەوەیەشەوە، فازڵ میرانی یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو پارتی و سەر بە ھێڵی نێچیرڤان بارزانی، بێڕۆڵ و بێدەنگ کرا.

ئەوەبوو لە دوای ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانییەوە، ھەموو خاوەن لێدوانەکانی دیکەی ناو پارتی دەمی خۆیان داخست و دواتر ھەموو دەستوپێوەندەکانی نزیک لە بارەگای بارزانی وتیان یەکێتی ئەگەر دکتۆر بەرھەم و غەیری ئەویش کاندید بکات، ئێمە ھەر پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی خۆمان دەزانین و کاندیدی تایبەتی خۆمان دەبێت. لەوێشەوە و بۆ جارێکی دیکە بارزانیی بوویەوە بە بەشێکی گەورە لە کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی و لەوێشەوە بۆ نێو ماڵی کوردیی، ھاوشێوەی ڕۆڵە سلبییەکانی لە قۆناغەکانی قەیرانی سەرۆکایەتیی ھەرێم و ڕیفراندۆم و ھتد.

ئێستاش و لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەم خولەی عێراق، پارتی و وتەبێژەکانی زۆر داکۆکی لەوە دەکەن کە ھۆشیار زێباریی یەکلابۆتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماریی و لە ئێستاوە ئەو پێگەیەی مسۆگەری کردووە!

ھەموو ئەوانەی سەرەوەش دەیسەلمێنن کە پارتی جگە لەوەی ترسی گەورەی ھەیە لە شکستێکی تر بەرانبەر دکتۆر بەرھەم و کاندیدی یەکێتی و سنووردانان بۆ غروور و تاکڕەوییە سیاسییەکەی، ھاوکات بە ھۆی عینادیی و تاکڕەویی بارزانییشەوە دووچاری گوتارێکی شپرز و دژیەک ھاتووە، کە ئەمەش جارێکی دیکە ئەوە پیشان دەدات کە پارتی ھەر لە سەرەتاوە خاوەنی یەک گوتار و سیاسەت نەبووە بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق.

ھەموو ئەوەی ئێستا پارتی لە میدیای ڕەسمی و میدیا و سۆشیالمیدیا سێبەرەکانی دەیان خاتە ڕوو لەوەی زێباریی بە جیاوازییەکی گەورە پۆستەکەی مسۆگەر کردووە، ھەقیقتێکی کۆنکرێتییان نییە و دەچنە خانەی پڕوپاگەندەی سیاسییەوە و گوزارشت لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەو حیزبە دەکەن بەرانبەر ئەو شکستەی کە چاوەڕێ دەکرێت کاندیدەکەیان بەرانبەر بەرھەم ساڵح تۆماری بکات!


 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif