كوردی رۆژهه‌ڵات و عه‌ره‌بی باشوور

ليست هناك تعليقات


عارف قوربانی
-
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كورد له‌ باشووری كوردستان زۆر ناڕازین له‌ حوكمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی كوردی و ئومێدیان به‌ ئایینده‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد لاواز بووه‌؛ به‌ڵام هێشتا كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌ر به‌ چاوی هیواوه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌. پێیانوایه‌ مانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی هه‌رێم یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان. له‌ڕووی لۆژیكیشه‌وه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ راست بێت كه‌ بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان گه‌شه‌ بكات، ببوایه‌ته‌ هۆكاری گه‌شه‌سه‌ندنی بزاوتی كوردی له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌.

به‌ڵام به‌هۆی هاوكێشه‌ی هه‌رێمایه‌تی و دابه‌شبوونی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشوور به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا، مه‌رج نییه‌ ئه‌م پێوه‌ره‌ به‌رده‌وام راست بێت. ده‌شێت له‌ هه‌ندێک هه‌لومه‌رجی دیاریكراودا به‌و جۆره‌ بووبێت، به‌ڵام له‌ چه‌ند لایه‌نێكیشه‌وه‌ كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان زه‌ره‌رمه‌ندی دروستبوون و به‌پێوه‌ راوه‌ستانی هه‌رێمی كوردستانن، لانیكه‌م له‌و رووه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست رێكاره‌كانی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردی ئه‌و به‌شانه‌ی دیكه‌ی كوردستانیان فراوانتر كرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌با هاوشێوه‌ی كوردی باشوور حوكم و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كانی خۆیان بگرنه‌ده‌ست. ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ی به‌تایبه‌ت كوردی رۆژهه‌ڵات بۆ موراعاتكردنی باشووری كوردستان بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك خه‌باتی چه‌كدارییان راگرت.

سه‌رده‌مانێك كه‌ هه‌رێمی كوردستان روو له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری بوو، له‌ڕوویه‌كی دیكه‌وه‌ بووه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌، به‌ سه‌تان هه‌زار ده‌ستی كار له‌ رۆژئاوا و باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ روویانكرده‌ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ك هه‌ر بژێویی خۆیان و خێزانه‌كانیان، بگره‌ ده‌یانتوانی به‌و داهاته‌ی مانگانه‌ له‌ هه‌رێم ده‌ستیان ده‌كه‌وت، یارمه‌تیی كه‌سوكاره‌كه‌شیان بده‌ن له‌ پارچه‌كانی دیکەی كوردستان. واتە هه‌رێم ئه‌گه‌ر له‌ڕووی سیاسیشه‌وه‌ نه‌یتوانیبێت یاخود نه‌توانێت یارمه‌تیده‌ری كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ بێت، ده‌توانێت له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ جۆرێك له‌ قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌.

تاوەکو سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی، هه‌رێمی كوردستان له‌و رووه‌وه‌ كارئاسانیی زۆری كرد بۆ كوردی پارچه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ی ئابووری كه‌ حكومه‌ت و ژیانی خه‌ڵكیشی گرتووەته‌وه‌، تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان زۆر كه‌م بوونه‌ته‌وه‌. ره‌وشی ئابووریی هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و سووریا و ئێرانیش رۆژ له‌دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت، به‌ مه‌به‌ستی سیاسیی ناوچه‌ كوردییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ فه‌رامۆش كراون و رێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری تادێت له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان، به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ وێڕای ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی جیهان سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ر ئێراندا، ئێرانیش ده‌رفه‌ته‌كانی كاری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رته‌سكتر كردووەته‌وه‌. به‌های دراوی ئێرانی به‌رده‌وام روو له‌ دابه‌زینه‌، نرخی كاڵا و شمه‌كی خۆراكی به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ژیانی كورده‌كان تادێت سه‌ختتر ده‌بێت.

ئایا هه‌رێمی كوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا چی پێده‌كرێت و چۆن ده‌توانێت ده‌رفه‌تی كاریان له‌ هه‌رێم بۆ بدۆزێته‌وه‌؟ ره‌نگه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم و تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك زۆرێك له‌ خوێنه‌رانیش بڵێن حاڵی خۆمان زۆر جوانه‌، تاوەکو خه‌م له‌ كوردی رۆژهه‌ڵات بخۆین، به‌ڵام به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت به‌دوای ده‌روازه‌كانی رزگاركردنی ژیانی ئه‌وانیشه‌وه‌ بین.

لێره‌دا پرسێك ده‌وروژێنم كه‌ ده‌شێت بكرێته‌ ده‌رفه‌ت له‌لایه‌ك بۆ ره‌خساندنی هه‌ل و ده‌رفه‌تی كار بۆ هه‌زاران خێزانی كوردی رۆژهه‌ڵات تاوەکو له‌ باشووری كوردستان كار بكه‌ن، له ‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ربێت له ‌كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی ته‌عریب له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی باشووری كوردستان كه‌ له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستاندایه‌.

به‌ درێژایی نزیك به‌ دوو ده‌یه‌ی رابردوو، هه‌ر خێزانێكی عه‌ره‌ب له‌ نێوه‌ڕاست و خوارووی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی كه‌وتبێته‌ سه‌ر، روویكردووەته‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌دوای هاتنی داعشه‌وه‌ دیارده‌كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك فراوان بووه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ ده‌قۆزرێته‌وه‌ بۆ پلان و ئامانجێكی ستراتیجی، كه‌ ئه‌ویش گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان و سه‌پاندنی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌ به‌سه‌ریدا له‌ رێگه‌ی مرۆییه‌وه‌.

به‌شی زۆری ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی هاتوونه‌ته‌ نێو هه‌رێمی كوردستان، له‌ شوان و گاوانی لادێكانه‌وه‌، تاوەکو پاسه‌وانی و باخه‌وانی باخ و ڤێلا و شاگردی كارگه‌ و كارخانه‌كان و خه‌ریكه‌ سه‌رده‌كێشێت‌ بۆ بازرگانی گه‌وره ‌و كڕینی مۆڵ و چێشتخانه‌ و ئوتێل و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ره‌نگه‌ ژماره‌یان به‌ سه‌تان هه‌زار كه‌س بێت. به‌شێكی زۆریان خۆیان یه‌كلاكردووەته‌وه‌ به‌وه‌ی به ‌یه‌كجاری نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان. به‌هۆی ره‌وشی عێراق و مه‌ترسیی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو وه‌كو لێكه‌وته‌ی گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی مه‌ترسیی كه‌مبارانی و كێشه‌ سیاسییه‌كانی عێراقه‌وه‌، چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌ ساڵانی داهاتوودا رێژه‌ی هاتنی عه‌ره‌ب بۆ كوردستان چه‌ندین به‌رانبه‌ر به‌رزبێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ خێڵه‌كییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیش كه‌ رێژه‌ی خستنه‌وه‌ی منداڵ و گه‌شه‌ی خێزان تێیاندا زۆر به‌ ناسرووشتی به‌رزده‌بێته‌وه‌، له‌ داهاتوویه‌كی دووردا ئه‌م عه‌ره‌بانه‌ وه‌ک چۆن له‌ سه‌ده‌ی رابردوو هاتن و بوونه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و كه‌ركووك و گه‌رمه‌سێر، بۆ چه‌ند ده‌یه‌ی دیكه‌ ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر گۆڕینی دیمۆگرافیای ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان.

مه‌به‌ستم له‌ وابه‌سته‌كردنی كوردی رۆژهه‌ڵات به‌م بابه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێک رێسا و یاسای تایبه‌ت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ هاتنی لێشاوی عه‌ره‌ب، كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند رێنوێنییه‌ك ده‌ستكاری بكرێن، ده‌توانرێت ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌، به‌شێك له‌و پێویستییانه‌ی هێزی كار به‌ كوردی رۆژهه‌ڵات پڕبكرێنه‌وه‌ له‌بری عه‌ره‌ب، به‌مه‌ش له ‌لایه‌ك بۆ هه‌لومه‌رجێكی وه‌كو ئێستا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی كوردانی رۆژهه‌ڵات و له ‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، له‌مپه‌ره‌ له‌به‌رده‌م هاتنی عه‌ره‌ب.

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی باخداری ده‌كه‌ن له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بادینان، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی مه‌ڕداری ده‌كه‌ن له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ كوێستان، شوان و باخه‌وانه‌كانیان ماڵه‌ عه‌ره‌بن. زۆرجاریش ئه‌م ماڵه‌ عه‌ره‌بانه‌ بوونه‌ته ‌سه‌رچاوەی كێشه‌ و نموونه‌ زۆرن كه‌ له‌ چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌وه‌ تێوه‌گلاون و تاوەکو ئێستا به‌ ده‌یان شانه‌ی نووستووی داعش له‌نێو ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌دا ئاشكرا كراون. ته‌نانه‌ت پاسه‌وانی ڤێلا و مه‌زرەعه‌ی به‌رپرسه‌كانیش زۆربه‌یان عه‌ره‌بن. ئه‌مه‌ جیا له‌و هه‌زاران به‌نگلادیشی و نیپاڵی و فیلیپینی و ..... كه‌ له‌ ماڵه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.

چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت رێگه‌بدات كه‌ مه‌ڕدار و باخداره‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی خێزانێكی عه‌ره‌ب ده‌هێنن و مانگانه‌ كرێی ده‌ده‌نێ‌ كاریان بۆ بكات، خێزانێكی كوردی رۆژهه‌ڵات بهێنن ئه‌و كاره‌یان بۆ بكات، به‌تایبه‌ت له‌ باخداریدا ئه‌زموون و شاره‌زاییان له‌ عه‌ره‌ب و كوردی باشوور زیاتره‌؛ به‌ڵام هه‌رێم له‌ (فه‌رمانگه‌ی نشینگه‌) مۆڵه‌تیان پێنادات، ره‌نگه‌ به‌ چه‌ندین ته‌كلیف و واسیته‌ بتوانرێت بۆ دوو یان سێ‌ مانگ مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوونیان بۆ وه‌رگیرێت، ده‌بێت دوای ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێران.

ئه‌گه‌ر هه‌رێم رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ كارئاسانیی ئه‌و خێزانه‌ مه‌ڕدار و باخدارانه‌ی كوردستان تاوەکو له‌بری عه‌ره‌ب خێزانی كوردی رۆژهه‌ڵات بخه‌نه‌ كاره‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار خێزانی كورد سوودمه‌ند ده‌بن. به‌راوردی به‌های پاره‌كه‌یان تمه‌ن به‌ دینار، واده‌كات بتوانن یارمه‌تیی كه‌سوكاریشیان بده‌ن له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. به‌مه‌ش له ‌لایه‌ك وه‌كو ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی زه‌مینه‌ی یارمه‌تیی كوردی به‌شێكی دیكه‌ی كوردستان خۆش ده‌كه‌یت و ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانی باشووریش به‌رته‌سك ده‌كه‌یته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق