بە کەسی کردنی سیاسەت و حوکمڕانی

ليست هناك تعليقات


 بڵێسە جبار فرمان
-
لەسەردەمی حوکمڕانی دێرینەوە ھەموو حکومرانەکان ھەوڵیان داوە بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان جیاواز نمایش بکەن.

حکومرانەکان ھەوڵیان داوە شوێن کەوتەکان و ھەوادارەکانیان بێ ھیچ دوودڵیەک دوایان کەون و ھیچ گومانێکیان لە شێوازی حکومرانی و بڕیارەکانیان نەبێت.

بۆ ڕەوایی دان بە خۆیان حاکمەکان ھەرجارەو پەنایان بۆ تاکتیک و میکانیزم و دەستەواژەو شێوازێک بردوە.

بە پێی سەردەم و شوێن، بەکارھێنراوو دەستەواژەکان گوڕدراون.

بۆ نمونە لە میسری فەرعەونەکان، ھەندێک لە فەرعەونەکان خۆیان بە خوا بە شوێن کەوتەو ژێردەستەکانیان ناساندووە و بەو شێوەیە ھەموو ڕەواییەکیان داوە بە بڕیارەکانیان. ھەرکەسێک گومانی لە بڕیاری فەرعەون ھەبوایا، واتا گومانی لە خوا ھەیە. بۆ چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە فەرعەونەکان پەنایان بۆ پیاوانی ئاینی و پەرستگاکان بردوە.

ئەم شێوازی خۆ بە خوا دانانە لە دوو ھەزارەی پێش زاین لە زۆر شوێنی جیھان دا بینراوە.

لە سەدەی دوانزە بە دواوە پاشاکانی ئەروپا دا بەھەمان شێوە بۆ ئەوەی میلەتەکانیان بێ دوودڵی دوایان بکەون و ھیچ گومانێکیان لە بڕیار و حکومرانیان نەبێت، خۆیان بە خوێن شینەکان ناساندوە. 

میلەت وا تێگەێنراوە کە پاشاکان خوێنیان سور نیە و بگرە شینە و لە لایەن خواوەندەوە بە تایبەت دروست کراون بۆ فەرمان ڕەواویی کردن.

دوای سەردەمی پاشاێتی و دەستپێکی سەردەمی دیکتاتۆریەتەکان ئەم شێوازی خۆسەپاندنە بەردەوامیەتی ھەبوو.

دیکتاتۆرەکان بەھەمان شێوە لە ھەوڵی ئەوەدا بوو کە لە لایەن لایەنگران و میلەتەوە بپەرسترێن و بە نێردەی خودایی و فریادرەس و پارێزەر ببینرێن و بێ دوودڵی بکرێنە پێشەوا.

ھیتلەر بە نمونە.

ھەموو ئەڵمانیا خۆی لە ھیتلەر دا دەبینیەوە. سڵاوی نێو ئەڵمانیەکان (Heil Hitler) بوو، کە ئەکرێت بە بژی ھیتلەر تەرجومە بکرێت.

(وشەی Heil واتا کامل یا تەندروست).

بەشێکی زۆری ئەڵمانیەکان نازی نەبوون. واتا نازی بوونیان وەکو ئایدۆلۆژی قەبوڵ نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان لە کەسایەتی ھیتلەردا دەبینیەوە و سڵاوی ھیتلەریان بەکار دەھێنا.

ھیتلەر رەمزی ئەڵمانیا و ئەڵمانیەکان بوو.

لە سەردەمی ھیتلەردا بە دیموکراسیەت پەرلەمان ھەڵوەشێنرایەوە و دەستور لە کار خرا و ھیتلەر بوو بە پێشرەوی.ئەڵمانەکان

ھەموو بڕوایەکی کوێرانەیان بە ھیتلەر ھەبوو وە بێ ھیچ دوو دڵیەک بڕیارەکانی چێبەجێ دەکران.

گەر بێت و باسی عێراق بکەین.

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ھیچ کەسێک پرسیاری دەستور و شێوازی حکومرانی نەدەکرد بەڵکو کوێرانە دوای پیاوێک کەوتبوون کە خۆی بە جەنگاوەر و پارێزەری ئومەی عەرەبی دادەنا. 

صدام خۆی نەک ھەر وەک نوێنەری عێراق پیشان دەدا، بەڵکو خۆی بە نوێنەر و پارێزەری ھەموو ئومەی عەرەبی دەزانی

دەستەواژەی

ئەگەر صدام وتی واتا عێراق وتی

(إذا قال صدام قال العراق)

لە ھەموو میدیا فەرمیەکان و وتارەکان دا بەکار دەھێنرا.

منداڵ و نەوەکانی عێراق بە "ڕۆح و خۆێن فیدای صدام بێت" گەورە دەبوون.

بە درێژایی چەندەھا ساڵ ئەم شێوازی شۆردنەوەی مێشک و فکرە بەکار دەھێنرا.

بەشێک لە ھاوڵاتیانی وڵاتانی عەرەبی بڕوای تەواویان بە صدام ھەبوو، کوێرانە دوای سیاسەت و بڕیارەکانی کەوتبوون.

تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە زۆرێک لەو وڵاتە عەرەبیانە جۆرێک لە صدام پەرستی بەدی دەکرێت. لە فەلەستین و ئوردن و تونس زۆرێک لە منداڵە تازە لە دایک بووەکان بەناوی صدامەوە ناو دەنرێن.

ئەگەر بێت و سەیری عێراقی دوای صدام بکەین، دەبینین لە دەستپێک دا ھەوڵێک ھەبوو بۆ بە دیموکراسی کردنی عێراق و چەسپاندنی دەستور، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ئەو ھەوڵانە لاوازتر دەبن و ھەوڵی بەشەخسەنە کردنی سیاسەت و شەخس پەرەستی لە پێشرەوی دایە.

چەند ساڵێکە کەسایەتیەک بە ناوی مقتدا صدر کە لە خێزانێکی شۆرشگێری شیعی عێراقی لە گۆرەپانی سیاسی عێراق دا وەک کەراکتەرێکی سەرەکی دەرکەوتوە.

ئەم کەسایەتیە ھیچ بڕوایەکی بەو دەستورەی ئێستای عێراق نیە. ھەندێک بڕگەو مادەی ئەو دەستورە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکار دەھێنێت.

ئەتوانم بڵێم موقتەدا خوێندنەوەیەکی وردی بۆ کۆمەڵگای شیعی و عێراقی ھەیە.

ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێویستیان بە شەخس پەرەستی ھەیە.

ھاوڵاتیانیان پێویستیان بە فریادرەسێکە کە بڕوای تەواویان پێی بێت و دوای کەون و بیکەن بە پێشرەوی خۆیان. ناتوانن بڕوا بەوە بھێنن کە مافیان بە دەستور دەپاڕێزرێت و حکومەتێکی شەفاف بێگەرد دەتوانێت ببێت بە حکومرانێکی دادپەروەر بۆیان.

موقتەدا کە زێدەی ئەو کۆمەڵگایەیە. پاڵپشت بەو شێوازی بیرکردنەوەیە خۆی گەیاندە لوتکەی دەسەڵات.

ئەوەتا لە سوێندخواردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دا دروشمی دادوەری و دیموکراسی و بژی عێراق بەرزنەکرایەوە، بەڵکو بە وتنەوەی ناوی موقتەدا چونە نێو قوبەی پەرلەمانەوە.دوای خوا و پێغەمبەر و امامی عەلی ناوی موقتەدایان دەوتەوە.

لە خولی چوارەمی پەرلەمان گەر بۆ بابەتێک گفتوگۆ لە نێو فراکسیونی سائرون بکرایە، کە دەوترا سید موقتەدا ئەمەی فەرمووە ئیتر کەس بوێڕی ئەوەی نەدەکرد لەسەر گفتوگۆکردن بەردەوام بێت و بۆچونی جیاوازی ھەبێت.

تێکرای فراکسیونەکە قسەکانی ئەویان بێ دوودڵی پەیرەو دەکرد.

پێدەچێت لە خولی پێنجەم دا ئەو شێوازی بیرکردنەوەی زیاتر بەرجەستە بکرێت.

بەرنامە و کار و ستراتیجیەت ھیچ ئەرزشێکی نیە و کەس بەدواداچونی بۆ ناکات. ھەموو ئەمانە لە شەخسێک دا خۆیان دەبیننەوە و ئەو شەخسە کوێرانە لە لایەن لایەنگرانیەوە دەپەرسترێن و قسە و بۆچونەکانی پەیڕەو دەکرێن

عێراق، عێراقی دەستور و فیدرالیەت 
نیە، بەڵکو عێراقی شەخس پەرستیە


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif