نرخی نەوت وهەڵاوسانی بازاڕ

ليست هناك تعليقات


ســـــەرکۆ یونس
-
نرخی نەوت، لەدوای حەوت ساڵ، بەرزترین ئاستی تۆمارکردو گەشتە(90)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەم بەرزبوونەوەیە لەکاتێکدایە، ئابوری جیهانی بەگشتی و ئابوری وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوو، دوای نزیکەی ساڵێک لەداڕمان، بەرەو بوژانەوە هەنگاوی هەڵهێنا، خواست لەسەر نەوت ووردە ووردە زیادی کرد، لەلایەکی ترەوە بەهۆی گرژییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیاو هێرشەکەی سەر ئیمارەتی ئەبوزەبی لەلایەن حوسییەکانەوە و دابەزینی پلەکانی گەرما لەجیهاندا، بەگشتی هۆکارگەلێکی ڕاستەوخۆن بۆ زیادبوونی خواست لەسەر نەوت..

هەروەها، کەمبونەوەی قەبارەی غازی سروشتی لەجیهاندا، کاریگەری هەبوو لەسەر زیادبوونی خواست بۆ نەوت، وەک جێگرەوەی غاز بۆ خۆگەرمکردنەوە وبەکارهێنان، بەتایبەتی لەئەوروپــــا.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هاوکارو یارمەتیدەر دەبێت بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەرو فرۆشیاری نەوت، بەوەی داهاتی زیاتریان دەست دەکەوێت و خەزێنەکانیان پڕدەکەن، دەتوانن لەجێ بەجێکردنی پرۆژەکاندا بەکاریبهێنن.

زۆربەی وڵاتانی خاوەن نەوت، بەوڵاتانی دواکەوتوو و تازەگەشەسەندوو ئەژمار دەکرێن، ئابوری وڵاتەکانیان لاوازو فشەڵن، ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، توانای وەڵامدانەوەی خواستی گشتیان نی یە، زۆربەیان بەهاوردەکردن پێویستییەکانیان پڕدەکەنەوە، لەنمونەی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە%90 پشت بەدەرەوە دەبەستن!

جیاوازیەکی ئەوتۆ، لەنێوان ئابوری وڵاتانی تازەپێگەشتوو و دواکەوتودا، لەبەهای دراوەکانیان دەردەکەوێت، بەجۆرێک بەهای دراوی وڵاتانی تازەپێگەشتوو بەبەراورد بەبەهای دراوی وڵاتانی دواکەوتوو، تاڕادەیەک بەرزتر و جێگیرترە.

هەڵاوسانی نرخی جیهانی، لەبەرزترین ئاستدایە، نرخی شمەک وخزمەتگوزارییەکان لەوپەڕی بەرزیدایە. زۆربەی ئابوری وڵاتان بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن و هەوڵی دابەزینی نرخەکان دەدەن، بەڵام بەهۆی زۆرێک لەکێشەو قەیرانەکانی ساڵانی ڕابردووەوە کەخۆی لەدەرئەنجامەکانی کۆرۆناڤایرۆس و ووشکەساڵی دەبینێتەوە، بەرهەمی خۆراکی جیهانی کەوتە بەرمەترسی دابەزین، خستنەڕوو کەمبوویەوە، بەمەش خواست لەسەر بەروبومەکان زیاتر بوو ونرخەکان بەرزبوونەوە.

ئــــاشکرایە، ئابوری جیهانی، بەدەست وڵاتانی بەکاربەری نەوتەوەیە، لەبەرامبەر هەر بەرزبونەوەیەک لەنرخی نەوت، لەوڵاتانی بەکاربەری نەوت، تێکرای تێچوونی بەرهەمهێنان زیاد دەبێت، بەمەش نرخی شمەک وکاڵاکانیان زیاد دەکەن، هەربۆیە، بەم شێوەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لەنێوان نرخی نەوت و نرخی شمەک و کاڵاکان.

دەرئەنجامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت، لەبازاڕەکانی وڵاتانی فرۆشیاری نەوتدا، نرخی شمەک وکاڵاکان(کشتوکاڵی و پیشەسازی) بەرزتر دەبنەوە، هەڵاوسان، ئاستێکی بەرزتر تۆمار دەکات.

سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخی نەوت، بەڵام هەرێمی کوردستان، سوود لەم دەرفەتە نابینێت و بارودۆخی دارایی و نەگەڕانەوەی داهاتی نەوت بەتەواوی گرفتێکی گەورەیە، سەرباری دواکەوتنی مووچە، یەکێکە لەمەترسی و دڵەڕاوکێیەکانی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم.

لەلایەکی ترەوە، هەڵاوسانی نرخ لە بازارەکانی هەرێمدا، سیمایەکی کۆتانەهاتووی چەندین ساڵەیە، ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی گشتی نرخەکان، ڕێژەیەکی بەرزتر تۆمار دەکات. بێ گومان ئەمەش جارێکی تر، بارگرانی بۆ سەربژێوی تاک و خێزانەکانی هەرێم قورستر دەکات، بەدەستهێنانی سەرجەم پێداویستییەکان، کارێکی قورس و ئەستەم دەبێت.

بەئومێدی ئەوەی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەرفەتێکی زێرین بێت، بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر، ئەگەرچی گەندەڵی و بەفیرۆدانی دارایی زۆر، لەم کەرتەدا بەئاشکرا دیارە، زیاتر لەنیوەی داهاتی نەوتی فرۆشراو، ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی هەرێم....

ئابووریناس


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق