وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت مانگی رابردوو زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە، بەڵام بە بەراورد بە مانگی پێشتر داهاتەکە کەم بووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24-1-2022 لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو رایگەیاند: "بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق-سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی 12ی رابردوودا گەیشتە 101 ملیۆن و 579 هەزار و 927 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە حەوت ملیار و 391 ملیۆن و 749 هەزار دۆلار".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 98 ملیۆن و 570 هەزار و 290 بەرمیل، هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتە 2 ملیۆن و 700 هەزار و 95 بەرمیل".
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە تێکڕا بە 72 دۆلار و 76 سەنت فرۆشراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو (لە مانگی 11ی 2021دا) 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل بووە؛ داهاتی ئەو نەوتەش 7 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە 77 دۆلار و 33 سەنت فرۆشراوە.
هەرچەندە مانگی رابردوو عێراق نەوتی زیاتری هەناردە کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەوتەکەی هەزرانتر لە مانگی 11 فرۆشتووە، بۆیە داهاتەکەشی کەمتر بووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق