ئێران قەدەخە لەسەر 15 جۆر کاڵا و خۆراک هەڵدەگرێت

ليست هناك تعليقات

 


سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران قەدەخەی سەر زیاتر لە 15 جۆر کاڵا و خۆراکی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هەڵگرتووە، ئەمەش بە گوتەی ئەو، کاریگەریی لەسەر زیادکردنی جوڵەی بازرگانی لەو دەروازەیە دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2022، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ ئێران، کە تێیدا سەردانی پارێزگای ورمێیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبوونەوە، لەدوێنێوە ئێران بڕیاری قەدەخەی لەسەر زیاتر لەسەر 15 کاڵا و خۆراک لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران هەڵگرت، کە پێشتر بازرگانانی هەولێر ناچاربوون لە رێگەی مەرزەکانی دیکەوە هاوردەیان بکەن.

گەیلان حاجی سەعید، گوتیشی: "هەڵگرتنی ئەو قەدەخەیە کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکە و دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ بازرگانان کە پێشتر رێگەی دیکەیان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لەئێرانەوە دەگرتەبەر".

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی ئێران ئەو کەلوپەلانەی رێگەی هاوردەکردنیان لە مەرزی حاجی ئۆمەران پێدەدرێت بریتین لە خۆراکی وشکە، کەرەستەی تەندروستی، کریستاڵ و خشڵ، کەلوپەلی ئارایش و جوانکاری، ئامێرەکانی وەکو ساردکەرەوە، تەباخ، جلشۆر، قاپشۆر و شتی لەو بابەتانە، هەروەها قاپ و قاچاخ، بەشێک لە جۆرەکانی ئۆتۆمبێل جگە لە ئامێری کشتوکاڵ و تایبەت، هەموو جۆرە قوماشیك، جگەرە، کەرەستەی لەشجوانی و هی دیکە".

سەبارەت بەهۆکاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ئەو کەرەستانە لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "چەند جارێک لەلایەنی ئێرانیمان پرسیوە، بەڵام وەڵامی قایلکەرمان وەرنەگرتووەتەوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق