داری ژیان

ليست هناك تعليقات


په‌یكار عوسمان

یەکێ لە کێشەکانی گەلی بندەست، داگیرکاریی دووانەیی دوژمن و شۆڕشە. ئەم دووانە، تەنیا هاوداگیرکەری فیزیکیی خاك و خەڵكەکە نین، بەڵکو هاوداگیرکەری زیهنیەت و کەسایەتی ئینسانەکانیشن. ئیتر بە هەردوکیان، هەمان وڵات و هەمان دەماغ کاول ئەکەن! دوژمن و شۆڕش، دنیا دابەشی ڕەش و سپی ئەکەن و ئەمەش تەنیا ئەچێتەوە سەر توندوتیژی و بۆ هیچ لایەکی تر ناچێت. دنیا لەو دوو ئەگەرەدا قەتیس ئەکەن و تەنیا شوێنی ئەگەرەکانیان جیایە. ڕەشەکەی ئەم، سپییەکەی ئەوەو، سپییەکەی ئەو، ڕەشەکەی ئەمە. بەڵام لەوەدا هیچ فەرقیان نیە، کە هەمان وێنەی ڕەش و سپی لە عەقڵ و سلوکی ئێمەدا ئەنەخشێنن و بوارێك بۆ لێکتێگەیشتن و یەکترقبوڵکردن ناهێڵنەوە.

ئەم عەقڵە رەش و سپییەش، هەر لە قۆناغی خەباتی ڕزگارییدا نا، بەڵکو دواترو لە قۆناغی گواستنەوەشدا، بەردەوامەو لێرەدا ئیتر شۆڕشگێڕەکان، ئەبنە داگیرکەرەکەو ناڕازییەکان، ئەبنە شۆڕشگێڕەکەو هەردوکیشیان بە هەمان عەقڵیەتی تەسکی شۆڕشگێڕانەوە، کە تەنیا جێی منی تیائەبێتەوەو تۆ هەڵئەداتە دەرەوە. ئیتر فەرخیزم، ئەبێتە ئایدۆلۆژیای قۆناغەکەو هەم پۆلیسەکان ئەیانەوێ خۆپیشاندەران مەحفکەنەوەو هەم خۆپیشاندەران ئەیانەوێ پۆلیسەکان مەحفکەنەوەو هەر یەکێکی ئەمیان، بکەوێتە دەس جەماعەتێکی ئەویان، هەمان شەقکاریی ڕووئەدا! یەعنی ئێمە، تەنیا لەبەردەم شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی و نەوەی یەکەم و دووەمی شۆڕشدا نین، بەڵکو لەبەردەم شێرپەنجەی عەقڵیەتی شۆڕشگێریداین، کە گشتییەو هی هەموومانەو ئەبێ دانی پێدابنێین و لێ ی تێبگەین!

جوانترین شتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵەی مامۆستایان و ئەم چەن ڕۆژەی تەلەبەکانیش، ئەوەیە کە سەرەتاکەی، شتێکی تەواو مەدەنییەو هەنگاوێکی تەواو جدییە بۆ تێپەڕاندنی عەقڵیەتی شۆڕش و توندوتیژیی. بەڵام دواتر، لە هەموو لایەکەوە، گەنوگووی عەقڵە کۆنەکەی تێئەڕژێ و ئەبێتەوە بە شۆڕش! سادەترین سیفەتی عەقڵە نوێکەش، ئەوەیە کە ڕۆژانی یەکەم، ڕەنگاوڕەنگ و تێکەڵاوەو کچ و کوڕو ئەهلی شانۆ و کتێب و مەعریفە، پێشەنگن و شتەکە تەواو هاوڵاتییانەیەو بۆ ماف و عەدالەت و بەهاکانە.. لەوبەریشەوە پۆلیسی چالاکی مەدەنی هەیەو تا ئێرا وێنەکە جوانە. بەڵام دوای کەمێك، لەمبەرەوە، پۆلیسی چالاکی مەدەنی، ئەبن بە یاریزانی یەدەگ و بەڵتەجی و پیاوکوژ، ئەبنە تیمی سەرەکیی. لەوبەریشەوە کچان و ئەهلی هونەرو مەعریفە، ئەکشێنەوەو ئەهلی جڕت و جوێن و شەڕەبەرد، وێنەکە داگیرئەکەن و لە شۆڕشی فەرەنسییەوە دێینەوە بۆ شۆڕشی شەڕواڵیی!

جا بۆئەوەی، گەنوگووەکەی ڕۆژانی کۆتایی، کە عەقڵیەتی شۆڕشە، سەرنەکەوێ و جوڵانەوە مەدەنییەکەی ڕۆژانی یەکەم قووتنەدا،، وەکو لە نوسینی پێشووشدا وتم، گرنگە کوڕو کچە هۆشیارەکان، بڕۆنەوە ماڵەوە. کە ئەوە خۆپیشاندانی دووەمە، دژی عەقڵە کۆنەکەو هیچی لە خۆپیشاندانی یەکەم کەمتر نیە! کە ئەوە هەنگاوی پاراستنی ئینسانە. ئاخر یەکێ لە سیفەتەکانی عەقڵە کۆنەکە، ئەوەیە کە مەرگدۆستەو پەمپت ئەدا بۆ خۆبەکوشتدان و ئینسان تیایدا، هیچ و تڕی بنگۆمە. بەڵام لە عەقڵە نوێکەدا، ئینسان خۆی بەهایە. کە ئەمەش سەرەتای ژیاندۆستییەو پێچەوانەی عەقڵیەتی خوێن و مەرگ و کاولکارییە.

لە نێوان دوو معەسکەری عەقڵیەتی شۆڕشدا، خۆپیشاندانێکی مەدەنیی، چەنێك بوون و دەستپێکردنەکەی پێویستە، ئەونەش کۆتایی و چونە ژوورەوەکەی. ئەمەش بە مانای وازهێنان و تەسلیمبوون نا، بەمانای پاراستنی وزەی ژیان و دەنگی عەقڵ، لە شەپۆلەکانی مەرگسازیی.

با لە گەنوگووی عەقڵیەتی شۆڕشگێڕییەوە، بچینە سەر گەنوگووی عەقڵیەتی وەعزیی. بەکورتی "عەقڵی وەعزیی" ئەوەیە کە ئینسانی دووڕوو دروست ئەکات. چونکە ئینسان پەرت ئەکات لە نێوان دۆخێکی نمونەیی و دۆخێکی واقعیی. مەسەلەن هەر ئەوەی کە کەس بەقەت ئێمە باسی ڕاستگۆیی ناکاو کەسیش بەقەت ئێمە درۆ ناکات، ئەوە خۆی نمونەیەکی وازحە!

بەها باڵاکان، بۆ ئەوە نیە کە ئینسانی پێ بچێتە دۆخێکی نمونەیی و فریشتەیی، کە ئەمە خەیاڵیی و کاری نەکردەیەو تەنیا چەپاندن و نیفاقی لێ ئەکەوێتەوە. بەڵکو بۆ ئەوەن کە لەناو ئینسان و لەناو واقعدابن. عەقڵی وەعزیی، بەهاکان تەقدیس ئەکاو هێندە بەرزیان ئەکاتەوە،، کە ئیتر لە زەوی ئەپچڕێن و مرۆڤ خۆی لە دۆڵێکەو بەهاکان لە دۆڵێك. بەڵام عەقڵی ڕەخنەیی، بەهاکان لە خەیاڵی فریشتەییەوە، دائەگرێتە ناو واقعی ئینسان و ئیتر شتەکە، لە بری ئەوەی قسەیی بێت، کردەییە. وەکو یابان، کە لەوێ کەمترین باسی دەسپاکیی هەیەو دەسپاکترین مرۆڤی دنیاشن!

ئەو خەیاڵات و نیفاقەی عەقڵی وەعزیی، ڕەبت بکەمەوە بە خۆپیشاندانەوە. بێگومان دۆخی قەرەباڵغی و بەتایبەت ساتی گرژییەکان، ساتێکی عەقڵانیی نیەو خواروخێچیی هەر ڕووئەدا. وەلێ ئێمە چاوەڕێ ی دۆخێکی فریشتەیی لە خۆپیشاندەران ئەکەین و هەر جوڵەیەکی بە نەوعێك، ئەکەین بە نوقتە لەسەریان. وەكئەوەی خۆمان فریشتەبین و قەراربێ ئەوانیش فریشتەبن!

بە مەسیحیان وت، فڵان ژن زیناکارە، با بە شەرعی تەورات ڕەجمیکەین. وتی باشە، بەڵام کامتان فریشتەو بێ گوناهە، با ئەو بەردەکەی تێگرێت. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، ئێمەش کاممان فریشتەین و ڕۆژێك لە ڕۆژان شتێکمان فڕێنەداوەتە سەر ئەو جادەیە، با ئەوەمان گلەیی پیسکردنی شەقامەکان، لە خۆپیشاندەران بکات! ئەوەش هاندانی سوتاندن و تێکدان نیە، بەڵکو باسی واقعێکە، کە لە خۆپیشاندانی پاریس و لەندەنیشدا ئەبینرێ و لە یاریگاو ڤیستیڤاڵیشدا ڕووئەداو ئەوە تەبیعەتی قەرەباڵغییە.. ئەوەشی کە خۆپیشاندانی نمونەیی و بێ مووی ئەوێ، ئەوە لە واقعدا بوونی نیەو تەنیا وەهمێکی ناو عەقڵی وەعزییە.

ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە، خۆپیشاندانە مەدەنییە تێکەڵاوەکەی ساتی یەکەمە، نەك خۆپیشاندانێکی فریشتەیی و خەیاڵیی، یان خۆپیشاندانێکی شۆڕشگێڕانەو نێرانەی توندوتیژ. بەڵتەجییەکانی دەباشان و لالەزارو زانیاری و پاراستن، پۆپۆلیستەکانی موعارەزەی کۆن و موعارەزەی ئێستاو موعارەزەی داهاتوو، برایانی نوێژی جەماعەت و هاوڕێیانی شورای کرێکاریی، هەڤاڵانی کانتۆن، جەماعەتی شەڕەبەردو سوتاندن.. هەموویان لەو سەرجادەیە بەجێبهێڵن و خۆپیشاندانی پێچەوانە دەستپێبکەن بەرەو ماڵەوە. چونکە شتەکە بوو بە یاریی مناڵان نا، یاریی گرگنەکان.

تەسفییە حساباتی بەڵتەجییەکان، خەیاڵپڵاویی ئایدۆلۆژیی، هەڵپەی پۆپۆلیستیی، نەفەسی توندوتیژیی.. ئەمانە پەیوەندی بە خواستە گشتییەکانەوە نیەو مرۆڤی هۆشیار، یارییەکەی خۆی لە هی ئەوان جیائەکاتەوە. وەکچۆن ئەوان یارییەکەی خۆیان لە خواستە گشتییەکانیەوە ئەپێچن!

دەنگی عەقڵ، لەوپەڕی تووڕەیی و ناڕەزایەتیشدا، هەر وزەی ئاشتی و ژیانە. شەڕو توندوتیژی و مەحفکردنەوەی یەکتریش، عەقڵانی نیەو هێزانەیە، مرۆڤانە نیەو نێرانەیە. شەقامیش تا مرۆڤانەبێ، شوێنی کوڕو کچە جوانەکانەو ئەبێ لەوێبین. وەلێ کە نێرانەبووەوە، ئیتر شوێنی مەرگە و لەوێنەبوونمان ژیانە.

(داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ بەرناگرێ) عەقڵێکی نوێ، لە فڕێدانی ئەو جوملەیەو هاوشێوەکانیەوە دروست ئەبێ. کە ئەمانە ئاشەکانی خوێن ئەگێڕن و مرۆڤی ئێمە ئەکەنە گای قوربانیی. نەخێر داری خوێن و مەرگ، هەرگیز داری ئازادیی نیە. داری ئازادیی و داری ژیان، یەکێکەو ئەوەیە کە ئینسان تیایدا "خەتی سورە"، نەك ئەوەی کە مێژوویەكی سوورە بە خوێنی ئینسان.

ئەمەوێ بڵێم، ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە، ئەدەبیاتی مەرگە. بۆیە دوژمنیش نەبێ، هەر خۆمان ئەکەوینەوە گیانی یەك و بەرهەمهێنانەوەی مەرگ. ئێمە پێویستمان بە ئەدەبیاتی ژیانەو بەرگرییش ئەبێ ژیانیی بێت. "ستایشی مەرگ" ئەو شتەیە کە ئەبێ لە قاموسی بەرگریماندا بیسڕینەوە، بۆئەوەی ئاشەخوین بوەستێت. ئەوەش بە مانای نابەرگریی و قبوڵکردنی ستەم نا، بەڵکو بەو مانایەی کە مرۆڤ ئەبێ هەمیشە لە تێکۆشاندابێ بۆ ماف و عەدالەت و بەها گشتییەکان. بەڵام خودی مرۆڤ و خودی ژیان، لەناو چەقی بەهاکاندان و ئەگەر وا نەبێت، ئیتر ئەوە مەکینەی مەرگ و کاولکارییە، نەك داری ژیان و ئازادی.

کێشەی عەقڵیەتی شۆڕشیش، هەر ئەوەیە کە مەرگسەنتەرەو خودی "مرۆڤ و ژیان"ی لە دەرەوەی بەهاکاندا داناوە. بۆیە هەرگیز خێری لێ نابینین و وەکچۆن قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە، قوڕ بەسەر ئەو گەلەشی کە هیوای بە شۆڕشەو شۆڕشگێڕانە بیرئەکاتەوە!

لە بواری نەزەرییدا پێناسەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی هەرچی بێت، لە نەتیجەو پراکتێکدا، شۆڕش هەر ئەوەیە کە توندوتیژەو دژەئینسان و دژەژیانە. ئەگەریش بەڕاستی شۆڕشێك هەبێ، ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە، کە ئێمە بە شۆڕشی تێگەیشتووین و لە عەیامی کۆڵۆنیالیزم و شەڕی ساردەوە، عەقڵی دەسەڵات و موعارەزەو خەڵکی ئەم ناوچەیەی داگیرکردوە.

خاڵی هاوبەشی چەكوەشێن و بەردوەشێن، ئەوەیە کە هەردوکیان "شۆڕشگێرن" بە مانا نامەدەنییەکە. ئێمەش پێویستمان بە شۆڕشێکی مەدەنییە دژی ئەو عەقڵیەتە نامەدەنییە. ئەوەش پێش شەقام، لەناو عەقڵدا ڕووئەدات. عەقڵیش ئەڵێ، ئێستا کاتی چوونەماڵەوەیە نەك هاتنەدەرەوە. ئەوەش لەبەرئەوە نا، کە چەك ئەوبەری شەقامی تەنیوە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بەرد ئەمبەری تەنیی. ئاخر قەرارە ئەمبەر جیاواز و مەدەنیی و ناتوندوتیژبێت،، کە هەردوکی هەمان تاس و حەمامبوو، ئیتر ئێمە پێویستە، لە شەقامەوە بگەڕێینەوە بۆ ناو عەقڵ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق