وتاری مەلا بەختیار لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

ليست هناك تعليقات


وتاری خولی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

مەلا بەختیار
-
ئەو نەتەوانەی فیلمیان نییە، ناتوانن ژیان بەپێی گۆڕانكارییەكان رێكبخەن!

وتاری مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەڵەتی سلێمانی، بەوتارێك لەڕێورەسمی كردنەوەی خولی پێنجەمی فێستیڤاڵ، كە ئێوارەی (17/12/2021) دەستی بەچالاكییەكانی كرد، جەخت لەوەدەكاتەوە:

(ناكرێ‌ سینەما لەسلێمانی داببڕێندرێت)‌و ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: لەكونە دەرزی حزبەكانەوە سەیری بەهرە مەكەن، لەزەبروزەنگی دەسەڵاتیشەوە سەیری داهێنان مەكەن، لەخودی مرۆڤ، لەداهێنانەكان، لەڕەهەندە جوانەكانی بەهرەمەندانەوە سەیری ژیان بكەین..

ئەم خوارەوەش دەقی تەواوی وتارەكەی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی فیلمی نێودەڵەتی سلێمانییە.

خانمان، برایان بەخێربێن بۆ پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

سوپاس بۆ ئامادەبونتان، بۆ دڵسۆزیتان بۆ بەردەوامی فێستیڤاڵ!

بەهەردەردە سەرییەك بووە، پێنجەمین فێستیڤاڵیشمان سازدا، لێرە لەوێ‌، كۆسپ دەهاتە بەردەم، بەڵام پەرۆشەكانی فێستیڤاڵ، ئەوانەی دەیانویست فێستیڤاڵ بەردەوامبێ‌، بەسەر كۆسپ‌و تەگەرەكان زاڵبوون‌و خۆبشبەختانە توانیان سازیبدەن.

رەنگە ئێوە وردەكاری كێشەكانی سازدانی ئەم فێستیڤاڵانە نەزانن بەئاسانی، رەنگە خەڵكیش هەبێ‌ وابزانێ‌ ئێمەومانان لەپشتی ئەم فێستیڤاڵەوەین، بۆ ئەوەبێ‌ بێین‌و قسەیەك بكەین، یان ناوێك یان ناوبانگێك پەیدا بكەین! بڕوا بكەن ئەمانەنین، دەردەسەرییەكەیی‌و ماندبوونەكەیی‌و رووبەڕووبونەوەی كێشەكانی ئێجگار زۆرن. خۆشتان دەزانن لەم بوارانەدا كە سەركەوتن بەدەستدێ‌، بەغالەتیش دەستپێدەكات! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بەڵێنماندا بوو تا شەشەمین فێستیڤاڵ لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵەبین، بەردەوامدەبین.

كەسێكی زۆر جوان میوانمانە، كەسێك، كە لەفێستیڤاڵی كان وتراوە: ئەگەر ئامادەنەبێ‌، فێستیڤاڵی كانی نێودەوڵەتی بەئامادەنەبوونی غەمبار دەبێ‌..! ئێستا ئەو بەڕێزە ئامادە لەنێوتاندایە.. ئەو بەڕێزە (نوری بێڵگە جەیلان)یە، بەخێربێت بەسەرچاو.

ئەم بەڕێزە، قسەیەكی ئێجگار جوانی هەیە، دەڵێت: هەموو فیلمێكی نوێ‌، فێری ئەوەم دەكات، چۆن ژیان رێكبخەم..! ستاتیكای ئەم دەقە، ئێجگار جوانە. واتە فیلم لەداوی فیلم ژیان

رێكدەخرێتەوە.

هەموو فیلمێك داهێنانێكە، هەموو فیلمێك كردنەوەی رەهەندە جوانەكانی ژیانە، دۆزینەوەی نەدۆزراوەكانە، ئاشكراكردنی نهێنییەكانی نەك كۆمەڵ، چینەكان، دەوڵەتەكان، بەڵكو ناخی مرۆڤەكانیشە، بۆیە بینینی فیلم، یا دەرهێنانی فیلم و بەرهەمهێنانی فیلم، بۆ نەتەوەكان ئێجگار ئێجگار گرنگە. كەوابێ‌، ئەو نەتەوانەی یان ئەو دەوڵەتانەی فیلمیان نییە، ناتوانن ژیان بەپێی ژیانی نوێ‌ رێكبخەن. ناتوانن ژیان بەپێی گۆڕانكارییەكان رێكبخەن. ناتوانن ژیان بەپێی پێویستییەكانی سەردەم رێكبخەن، بۆیە فێستیڤاڵ ‌و ئەوانەی لەبواری فیلمسازی ماندوودەبن، كارێكی ئێجگار گەورە دەكەن لەمێژوودا.

ئامادەبووان..!

ئێمە نەتەوەیەكی بێدەوڵەتین، بەداخەوە، لەدوو سەد ساڵی رابردوو، رەنگە دوو سەد جار راپەڕیبین بۆ ئەوەی دەوڵەت دروستبكەین، نەیانهێشتووە. نامەوێ‌ سیاسەت بهێنمە ئێرە، بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم، ئەنجامەكەی ئەوەیە لەهەر چوار بەشەكەی كوردستان، دەوڵەتمان نییە! تورك، عەرەب‌و فارس دەوڵەتی خۆیان هەیە، چوارەمین نەتەوەی بێ دەوڵەت، ئێمەین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چۆن دەمانەوێ‌ بچینە ناو شارستانییەتی سەردەم، چۆن بچینە ناو ویژدانی رای گشتی سەردەم، چۆن بچینە دونیای مۆدێرنەتە، دنیای گلوبال، دیجیتاڵ، سۆسیالمێدیا‌و سینەما، ئەگەر سینەما نەبێ‌ چۆن دەتوانین بچینە ناو ئەو دونیایە، بەچی؟ بەقەیرانی دارایی، بەو تەنگ‌و چەڵەمانەی رووبەڕوومان دەبنەوە، بەوەی ناتوانین دەوروبەری پایتەختەكەمان بەجوانی رێكبخەین، لافاوێك هەڵنەسێ‌‌و یانزە كەس لەكونفەیەكونێكدا بكات بەقوربانی! بەمانە ناتوانین بچینە ناو دەروازە جوانەكانی ژیان.

بەڵكو ئەوەی دەمانباتە ناو دەروازە جوانەكانی ژیان، هونەرە بەهەموو لقەكانییەوە، لەگەڵ وەرزش كە دەتوانن بمانبەنە ناو دەروازە جوانەكانی شارستانییەتی سەردەم. بۆیە ئەگەر بمانەوێ‌ بەجوانی، وەكو كۆترە بێنازەكانی كوردستان، بفڕین بۆ دونیاو شارستانییەتی دونیا، حكومەتی ئێمە ئەركێتی، زۆر بایەخ بەدنیای هونەرو لەناو هونەریشدا بەدنیای سینەما بدات.

دەزانم ئەم حكومەتەو كابینەكانی پێشوو، چەندیان سەرفكردووەو چۆنیشی سەرفدەكات، دەشزانم لەپەناوە گەندەڵییەكان چین‌و هەمووی دەزانم! موبالەغە نییە ئەگەر بڵێم، یەك لەملیۆنی ئەوەی بۆ كۆمەڵی شت سەرفدەكرێت، بۆ دونیای هونەرو سینەما سەرفبكرێت، ئێستا كورد لەئاستێكی تری شارستانییەتی ئەم سەردەمەدا دەبوین. ئەم قسەیەم پەیامیشەو بانگەوازیش، بەڕێز وەزیری رۆشنبیریش دانیشتووە.

لەدهۆك، فێستیڤاڵی سینەما هەیە‌و لێرەش فێستیڤاڵی فیلم هەیە، چالاكییەكانی تریش بەردەوامن.

مانگی پێنجی ساڵی ئاییندە، (25)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ سازدەدەین‌و بەنیازین (300) نوسەر لەدنیادا میوانداری بكەین، ئەمانە دەستكەوتن! ئەم دەستكەوتانەش بەدەرن لەچوارچێوەی سیاسەتی رەسمی حكومەت، كە دەبێ‌ بپارێزرێن‌و كاری مەدەنیش، دەبێ‌ سەربەخۆیی مەدەنی پێبدرێت. چالاكی مەدەنی، پێویستە سەربەخۆیی مەدەنی پێبدرێت. هەموو دونیا وایە، لەكونە دەرزی حزبەكانەوە سەیری بەهرە مەكەن، لەزەبروزەنگی دەسەڵاتیشەوە سەیری داهێنان مەكەن، لەخودی مرۆڤ، لەداهێنانەكان، لەڕەهەندە جوانەكانی بەهرەمەندانەوە سەیری ژیان بكەین باشە، كە هەر ئەوەشە دەمانگەیەنێتە مەنزڵی شارستانییەتی سەردەم.

پڕ بەدڵ ئومێدەوارم پێنجەمین فێستیڤاڵ، هاندەربێ‌ بۆ ئەوەی شەشەمین فێستیڤاڵ لێرەو فێستیڤاڵەكەی دۆهكیش‌و هەموو چالاكییەكانی تر، لەچوارچێوەی داهێنان‌و بەهرە جوانەكان‌و زاخاودانی لاوان‌و منداڵان‌و چرۆ جوانەكان بپشكوێنین، بۆ ئەوەی ئاییندەیەكی باشتریان لەئێمە هەبێ‌.

بەڕێزان…!

تائەم چركەساتەش كە لەحزروتاندام، حەزدەكەم بزانن، حكومەت یەك دیناری بۆ فێستیڤاڵ سەرفنەكردووە، چونكە نەگەیشتۆتە فێستیڤاڵ، نەهی فێستیڤاڵی پێشوو، نە هی ئەم فێستیڤاڵە‌ نەگەیشتووە! هی فێستیڤاڵی پێشوو، لەقوڕگی شێردایە، هی ئەم فێستیڤاڵەش، بەكۆششی كاك (حەمەی حەمە سەعید)، (97) ملیۆن دیناریان سەرفكردووە، كە جارێ‌ نەگەیشتۆتە دەستمان، بەڵام بۆ فێستیڤاڵی دهۆكـ ملیارێك‌و (100) ملیۆن دینار سەرفكراوە! پیرۆزباییان لێدەكەم‌و ئومێدەواریشم چی تریان پێویستە بۆیان دابین بكرێت.

بەڵام نابێ‌ لەبیر ببنەوە كە سلێمانی كانگای داهێنانە جوانەكان بووە لەمێژوودا! لەسلێمانی، یەكەمین شانۆگەری پێشكەشكراوە، لەكۆتایی بیستەكانی سەدەی رابردوو. سێ‌ كوچكەی بابان لەم شارە سەریانهەڵداوە، لەسەدا(90)ی گۆڤارو رۆژنامەكان لەم شارە بەرهەمهاتوون، یەكەمین رەخنەی ئەدەبی لەم شارەو لەسەر دەستی (شێخ نوری شێخ ساڵح) داهێنراوە، یەكەمین مێژوونوس لەباشوری كوردستان، لەم شارە سەریهەڵداوە! دەتوانم تا ئێوارە داهێنانەكانی سلێمانی بژمێرم‌و تەواو نەبێ‌! دڵنیام یەكەمین ئەكتەری سینەماش لەم شارە بووەو یەكەمین فیلمیش لەسەردەمی رژێم بەرهەمهاتووە، لەسەدا (90)ی ئەكتەرەكانی خەڵكی سلێمانی بوون.

بۆیە ئومێدەوارم، پایتەختی رووناكبیری، پایتەختی كرانەوەی دەرگاكانی بێ‌ بۆ هەموو داهێنانەكان و سینەماش، شای هەموو داهێنانەكانە! پیاوێكی مەزن هەیە ناوی (لینین)ە، دەڵێت: (لەناو هونەرەكاندا، سینەما لەهەموویان گرنگترە!)، بۆیە ناكرێ‌ سینەما لەسلێمانی داببڕێندرێت.

دەبێ‌ پڕ بەدڵیش، سوپاسی كاك (فاروق مەلا مستەفا) بكەم، كە جەنابی لێرەیەو ئەو نەبوایە پێنجەمین فێستیڤاڵ ساز نەدەكرا! لەدوای ئەویش سوپاسی كاك (هیوا رەووف) بكەین، كە ئەویش هیممەتێكی باشی كردووەو چەندین سەرمایەداری نیشتمانپەروەر، هیممەتی باشیان كردووە، سوپاسی هەموویان دەكەین.

كاتێك لەسەرپەرشتیاری ئەم كاروبارانە، رووبەڕووی ئەو بەڕێزانە دەبینەوە كە پێویستە كۆمەك بكەن، شانازی دەكەم سەرمایەداری كورد، پێشمەرگەی ئەم سەردەمەن، چ بۆ ئاوەدانی، چ بۆئەوەی داهێنان لەكوردستاندا گەشە بكەن.

بەڕاستی سەرمایەدار، هەستە نیشتمانپەروەرییەكەی تەنها لەوەدانییە چەند تەلار بەرز دەكاتەوە؟ لەوەشدا نییە چەند سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات دەكات‌و خۆش دەگوزەرێت یاننا؟ بەڵكو لەوەدایە لەبواری زانكۆ، خوێندنی باڵا، هونەر، وەرزش، ئەدەب، لەم بوارەنەدا ئایا شۆڕسوارە یان شۆڕەسوار نییە؟ خۆشبەختانە ئەوەندەی من مامەڵەم لەگەڵ هەندێك سەرمایەداردا كردووە، تاك‌و تەرا نەبێ‌ وەڵام نێگەتییڤ دەدەنەوە، باقییەكەی مایەی شانازیمانن.

جارێكی تر بەخێربێن ئامادەبووانی بەڕێز، ئومێدەوارم ئەم جۆش‌و خرۆشەی ئێوە، بۆ درێژەپێدانی شەشەمین فێستیڤاڵ هاندەرمانبێ‌‌و سەرەنجام بتوانین هەموومان، ئێمەو فێستیڤاڵی دهۆك، پێكەوە دیالۆگ بكەین‌و ئەنجومەنێكی سینەمای ئەهلیش دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی یەكتر دووپات نەكەینەوە، لەسلێمانی پسپۆری پەیدا بكەین بۆ هەندێك بواری سینەما، لەوێش پسپۆری بۆ هەندێك بواری سینەمای تر پەیدا بكرێت‌و پێكیشەوە تەواوكاری یەكتربین، لەپێناو ئاییندەی سینەماسازی لەكوردستاندا.

سوپاس خانمان، سوپاس برایان.








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif