ئابوورییەکانی فێرکردن لەهەرێمدا

ليست هناك تعليقات


ئەحمەد دەروێش

جێی ئاماژەبۆکردنە کە؛ ئابوورییەکانی فێرکردن (اقتصادیات التعلیم) وەک بیرۆکە ریشەیەکی مێژوویی هەیەو پاشان بەدیاریکراوی چەندان فەیلەسوف و زانای ئابووری لەسەری وەستاون وەک ؛ ئادەم سمیس، ریکاردۆ، دایڤد هیوم، ماڵتۆس و. هتد، بەڵام لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو وەک لقێکی زانستی ئابووری هاتە ناساندن و بوو بەدیفاکتۆ.

بێگومان پرسی ئابووری لەنێو سیستمی فێرکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو هەموو ئەو وڵاتانەش کەهەنگاوی جدیان هەڵگرتووە و کاروانی گەشەپێدانیان سەرڕێ خستووە، پلەو پێگەی گرنگی گرتووەو ئەویش لەسۆنگەی تێگەیشتن لەگرنگیی سەرمایەی مرۆیی سەرچاوەی گرتووە.

لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریی و ئابووری مەعریفەدا ؛ ئەوە یەکلابووەتەوە کەوەبەرهێنان لەسەرمایەی مرۆییدا، سێبەرانبەرو زیاتر، لەوەبەرهێنان لەسەرمایەی ماددیدا گرنگترە، روونتر بڵێین تەکنەلۆژیای زانیاریی و ڤاکسینی کۆرۆنا نە زەوی بەپیت و نە کەشوهەواوی گونجاوو نە سەرچاوەی ئاوی شیرین و نە هەبوونی پەتڕۆڵ و نە کانزای گرانبەهای گەرەکە.

خوێندن بەئامانجی رۆشنبیریی و پێگەی کۆمەڵایەتی، دەیان فرسەخ لەدوای ئامانجی ئابوورییەوە دێت، بۆیە ئەم پرسە وەک فاکت خۆی دەسەپێنێ : گەر بڕوانامەیەک یان پسپۆریی و رشتەیەک لەگەڵ بازاڕی کاردا یەکانگیر نەبێت، بەمانایەکی دیکە خاوەنەکەی کاری پێوەگیرنەکەوێ، چ بەهایەکی هەیە ؟

ئابوورییەکانی فێرکردن گرنگی دەدات بەهەریەک لە : سوودو تێچوونی ئابووریانەی فێرکردن، پوختتر بڵێین هەڵدەستێ بەلێکۆڵینەوە لەهاوکێشەی تێهاویشتەو دەرهاویشتەکان ( المدخلات و المخرجات )، بەزمانێکی سادەتر؛ هەڵدەستێ بەلێکۆڵینەوە لەخەرجییەکانی خوێندن لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە کادرو پسپۆرییەکان کەتاچەند تەریب و هەماهەنگی بازاڕی کارن.

بەو پێودانگەو هەروەها پشتبەستن بەپرەنسیپی کەڵکی ئابووری بۆ فێرکردن ( دراسە الجدوی الاقتصادیە للتعلییم )، ئایا سیستمی فێرکردن لەزانکۆو پەیمانگاکاندا، لۆژیکیی و دروستن؟

وەڵامی پرسیارەکە تەنانەت لای خەڵکی ئاسایی و عەوامیش وەگیردەکەوێ کە ؛ حکومەت و دایک و باوکی خوێندکار خەرجییەکی زۆر وەئەستۆ دەگرن و لەبەرانبەریشدا لەشکرێکی بێکارو بەتاڵ لەخوێندکار خوێندن تەواو دەکەن.

ساڵانە لەشکرێک بۆ خوێندن روودەکەنە زانکۆو پەیمانگاکان و پاش تەواوکردنی خوێندن و دەرچوونیان، حکومەت دایاننامەزرێنێ و فەزاو پانتایی کەرتی تایبەتیش بەجۆرێک بەرتەسکە، ژمارەیەکی زۆرکەم وەخۆدەگرێ، ئەوە باسی ئەو رشتەو پسپۆرییانە هەرناکەین کەهەواییە و ئەسڵەن بازاڕی کار پێویستی پێی نییە، بۆیە روودەکەینە بڕیارسازانی هەرێم و دەپرسین ؛ ئەو هەموو خەرجیی و بەفیڕۆدانە بۆچیی و لەپای چی ؟

بۆیە بەدیاریکراوی ئەرکی هەریەک لەوەزیری خوێندنی باڵاو پەروەردەیە کەئەم کەیسە ببنە سەرمێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و پاشان بڕیاری دروستی پێدەرچێ.

ئەزموون و وانەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو پێمان دەڵێن؛ دوای تەواوکردنی نۆ ساڵ خوێندن لەقۆناغی بنەڕەتیی، خوێندنی پیشەیی (پیشەسازیی، بازرگانیی، کشتوکاڵ، تەندروستیی‌و ...هتد) دەبێتە پێشەنگ، نەک خوێندنی ئامادەیی ئەکادیمیی، دواجار لەشکری زۆرو بۆری زانکۆو پەیمانگاکان دەبێتە لەشکرێکی کەم و پوخت، هەروەها کەمکردنەوەی ئەو بەش و پسپۆریانەی کەهەماهەنگ و تەریبی بازاڕی کار نین.

گرنگیدان بەخوێندنی پیشەیی و کوالێتییەکەی، وێڕای ئەوەی دەچێتە خانەی وەبەرهێنانی دروست لەسەرمایەی مرۆییدا لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە بەفیڕۆدانی تەمەنی کارو خەرجییە زۆرو زەوەندەکانی سەرشانی حکومەت و کەسوکاری خوێندکار کەمدەکاتەوە. بۆیە پێویستە حکومەت کۆتایی بە رۆڵی پاسیڤانەی خۆی لەمەڕ ئەوپرسە بهێنێ و بەپلانێکی مەدروس و تۆکمە، بەمیکانیزمی دروست و گونجاو، ئامادەکاریی بۆ خوێندنی پیشەیی بکات، هەر لەبینای گونجاو ، کەرەستەکانی راهێنان، وانەکانی کرداریی (عملی )، دەرماڵەی خوێندکاران و . هتد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif