چێژی خوێندنەوە..

ليست هناك تعليقات


جەواد خەلیل
-
مرۆڤ بۆچی دەخوێنێتەوە؟ نوسەر و ڕۆماننوسی فەرەنسی "دانیال بیناک" یەکێکە لەو نوسەرانەی کە لە زۆر جێدا و بە قووڵی لە سەر ئەم پرسە وەستاوە و ئیشی کردووە. تەنانەت یەکێ لە باشترین کتێبەکانی خۆیشی، لە پێناوی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا نووسیوە:(چێژی خوێندنەوە).

کتێبی (چێژی خوێندنەوە) لە ڕووکەشدا کتێبێکی گشتگیر و سادە و ئاسانە، بەڵام کاتێک لێی ورد دەبینەوە و دەچینە ئەودیوی ناونیشان و ژێستە ڕووکەشگەراییەکەی، تووشی شۆک دەبین بەو ناوەڕۆک و واتا قووڵانەی دەرگیرمانی دەکات. کتێبەکە لە بنەڕەتدا بۆ هەمووان نووسراوە، تۆ لە هەر قۆناغێکی تەمەندا بیت و لە هەر ئاستێکی مەعریفیدا بیت، هێشتا دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆی.

ئەی بۆ ئاوها بە زمانێکی ئاسان و سادە و تەنزئامێز نووسراوە؟ ئایا ئەم سادەکردنەوەیەی زمان زیان ناگەیەنێتە دەق؟ بۆ وەڵامی ئەم دوو پرسیارە دەبێت "بیناک" بناسین و کتێبەکانی بخوێنینەوە، ئاخر ئەو لە ڕیزبەندی ئەو نوسەرە دەگمەنانەی جیهانە کە دژی بە زۆر ئاڵۆزکردنی زمانە، لەگەڵ ئەوەشدا هێندە بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو وردەکارییەکانەوە و ئەوەندە بە لێزانییەوە دەنوسێت کەم کەس هەیە بیخوێنێتەوە و سەرسامی نەبێت.

ئەم کتێبە لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێ، هەر چوار بەشەکەش پێکەوە بە ئامانجی دروستکردنی ئینسانێکی خوێنەر نووسراون. ئینسانێک؛ کە هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە و لێوردبوونەوە و تێڕامان ببێتە کەڵکەڵەی مێشکی. بیناک لە ڕێی ئەم کتێبەوە هانی دایکان و باوکان و مامۆستایان و خوێنەری جدی و ڕۆشنبیر و نوسەران دەدات تاکو پێکەوە وەکو تیمێک کار بکەن، لە پێناوی پەرەدان بە خوڵقاندنی حەزی خوێندنەوە لە نێو منداڵاندا. لە هەمان کاتدا پێیان دەڵێت کە ئەوە ئەرکە لە سەر ئێوە، منداڵێک کە تازە دێتە دونیاوە، بەرەو دونیای کتێب و خوێندنەوە ڕێنوێنی بکەن و لە تەکنەلۆژیای زیانمەند و هێرشی ڕاگەیاندنی بەتاڵ بیپارێزن. ئەمەش نەک لە ڕێی فەرمانپێکردن و سزادانەوە، بەڵکو لە ڕێی خوڵقاندنی کەشێکی لەبار و سەرنجڕاکێشەوە بۆ منداڵ، تا بتوانێت دەست و پەنجەی لەگەڵ کتێبدا نەرم بکات و کتێبی خۆشبوێت.

"بیناک" پێی وایە کە دەبێت چێژی خوێندنەوە بدەینە منداڵەکانمان، وایان لێبکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو چێژە هەوڵ بدەن و زیاتر و زیاتر بخوێننەوە. بیگومان چێژی خوێندنەوە یەکەم هەنگاوی چوونە نێو دونیای کتێبە‌‌‌‌‌‌‌؛ دونیایەک کە ئیدی تۆ تێیدا دەگەیتە لوتکەی ئازادی و بەرپرسیارێتی، ئازادی کێ هەڵدەبژێریت و کێ ڕەت دەکەیتەوە، بەڵام ئازادییەک بە هوشیاری و تێگەیشتنی قووڵەوە. خوێندنەوە بۆ چێژ یەکەم پایەی خوێندنەوەیە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو چێژ بناغە و کۆڵەکەی خوێندنەوەشە. خوێنەر بۆ ئەوەی بگاتە ئاستەکانی تر و لە لوتکە نزیک بێتەوە، ناچارە ئەم بناغەیە بە پتەوی بنیاتبنێ و دواتر بینای فیکری و مەعریفی خۆی له سەری هەڵچنێت.

لە سەردەمێکدا، کە کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕووی خوێندنەوە و زانینەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە‌‌؛ لە سەردەمێکدا کە قوتابخانە و زانکۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی تێکڕا پێکەوە دژی بە کلتورکردنی خوێندنەوەن و کتێب بێ بەها کراوە‌‌‌‌‌؛ ئا لەم کاتەدا هەوڵدان بۆ بە کلتورکردنی خوێندنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێندەوار و ئاشنا بە مافی خۆی، دەبێتە ئەرکی هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ نووسین و خوێندنەوەدا هەیە. بۆ ئەوەی لەمەشدا سەرکەوتوو بین و ئامانج بپێکین، دەبێت وشە و دێڕەکانی نێو ئەم کتێبە و کتێبەکانی دیکەی هاوشێوەی ببەینە نێو پانتایی ژیانی گشتییەوە و لەوێدا هەنگاوی کردەیی بنێین. لە پێناوی ئایندەیەکدا، کە نەوەیەکی خوێنەر و هوشیار ببنە سەردار و گەورەی و خوێندنەوە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیان‌‌؛ نەک مانەوە و گینگڵدان لە نێو قۆزاخەی جەهلدا، کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر ببات!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق